21وتار

پێخەســــــــــــوو

11/16/2026 1:21:00 PM
کاروان ئەنوەر

پێخەسوو یان بەربوک، یەکێکە لەو نەریتە ناشیرینانەی کە لە سەردەمێکدا باوبوو، لە هەندێک شوێن و ناوچە، تا ئێستاش ماوەو پەیڕەو دەکرێت. بەربوک ژنێکی بەتەمەنە، لە پێناو هەندێک دیاری و پارەی نەختینە، هەواڵێک راست دەکاتەوە، جاڕی دەدات و دەیگەیەنێت، لە قسەی ئەم ژنەوە کە رۆڵی دادوەر و پزیشکی دادی و منداڵبوون و میز و میزەڕۆ و دادگایەکی گوێزراوەو جوڵاو دەبینێت، لەپڕ دەبێتە وتەبێژ و دەمڕاستی شەرعیەت و مێژووی ڕەفتارەکانی رابردوو ئازادی و برایەتی گەلان و دەڤەرەکان و عەشیرەتەکان.

د.نوال السعداوی لە زنجیرە کتێبەکانیدا زۆر بە وردی لە کەسایەتی پێخەسوو دەدوێت و دەیان نموونەی زیندوو باس دەکات، بۆ نموونە دەڵێت ھەندێک لە بەربوکەکان لە وڵاتی میسر، نینۆکی یەکێک لە پەنجەکانیان بە درێژی دەهێڵنەوە... بۆچی؟ بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو کەشوهەوای جیۆسیاسی لەبارنەبوو، تا گۆمەکە نەشڵەقێت و بەرژەوەندییە ماددیەکانی ئەم خاتوونە پیرێژنە نەفەوتێت، وەك دیاری و شیرینی و پارە و پول و جلوبەرگەکان، چونكە مافیش دەسێنرێت و نادرێت و نافەوتێت، بۆیە پێخەسوو لەم پرۆسەیەدا ئەو نینۆکە درێژەی دەخاتەکار و پڕۆسەکە بە سەقەتی و وێرانی و ماڵوێرانیش بێت بەرێوەی دەبات!!

بێگومان ھەموو دەزانن مەبەستی من لەم گۆشەیەدا تەنها باسکردنی ئەو پیرێژنە داماوانە نیە کە پیشەیەکیان ھەڵبژاردوە و ژیانی خۆیانی پێ دەگوزەرێنن، خۆتان دەزانن چەندین پڕۆسەی وێران لەسەر دەستی پێخەسوە پیاوەکان تێپەڕێنراون و تا ئێستاش وەک شەرعی و دەستوری و یاسایی لە دووتوێی لاپەڕەکانی مێژوودا باسدەکرێن. رەنگە مێرمناڵێکی سیاسی، ئێستا بیرکردنەوەی جیاوازی هەبێت لە پێدانی شەرعیەت بە شتێک و لێسەندنەوەی ئەو شەرعیەتە لە شتێکی تر، بەڵام لە چوارچێوەی کاری ڕۆژانەماندا من دڵنیام کە ئێوەش دەیان کەسایەتی رەفتار پێخەسوو دەبینن، جا لە بازاڕدا بێت یان لە گەڕەک و کۆڵان یان لە فەرمانگە و قوتابخانەکان یان كردەیەكی مناڵانە لە هەڵسوکەوتی پیاوانە!!

ئەم ژینگە جیاوازانەی مرۆڤەکان تێیدا دەژین، زۆر بەئەستەم راستیەکان وەک خۆیان باسدەکەن، یان دەنووسرێنەوە، بەنموونە: شۆڕشێکی گەورەی کوردان لە باشور لەسەر دەستی سێ پێخەسوودا لە ڕۆژی 6/3/1975  بە نینۆکی خێناوی فوو لە چرای شۆڕش کرا، ئیتر لە 13/3/1975 جاڕی چەکدانان درا، خۆ پاش کۆتاییھاتنی شۆڕش، سزای خوداوەند بە خراپترین شێوە تۆڵەی لەهەرسێکیان کردەوە، بەڵام شۆڕشیان لەباربرد.. بڕوانن بەسەرھاتی هەموویان، شاهنشای ئێران و هواری بومدیەن و سەدام حوسێن بە چ دەردێک سەریان نایەوە!!؟؟ بۆیە بەربوکەکانی سیاسەت لە سزای خەڵک و خوا و مێژوو قوتار نابن. سەرجەم ئەزموون و بزووتنەوە و هەوڵ و شۆڕشەکانی تریشمان بەدەستی پێخەسوو لەبێشكەدا لەگۆڕنراون. هەموومان چیرۆکی قوام سلطنة مان بیستوە کە سەرۆكوەزیرانی ئەو سەردەمەی ئێران بوو، کۆماری مهابادی بە فڕوفێڵێکی سیاسی و بەڵێندانێکی پیژییانە، پێش ئێمەی كورد، یەکێتی سۆڤیەتی لە خشتەبرد، چونکە بەڵێنی دابوو، بەرانبەر دەستبەردانی سۆڤێەت لە ئازەربایجان و كۆماری کوردستان، بۆ ماوەی پەنجا ساڵ نەوتی ئێران بخاتە خزمەتیان، ئیتر ئەم پێخەسووە ئەزموونی كۆمارەكەی مهاباد و ئازەربایجانی کردە قوربانیی چەند هەنگاوێکی زۆڵانەی خۆی، لە کۆتاییشدا پەرلەمانی ئێران لەسەر ئەو گرێبەستە پەنجا ساڵییە دەنگی نەداو كورد و ئازەر و سۆڤیەتیش گرەوەكەیان دۆڕاند، بەڵام قوام سلطنة وتبوی من بەڵێنی خۆم دەبەمەسەر، وەك خۆم چەند دەبەیەک نەوت دەدەم بە سۆڤیەتیەکان، ئیتر پەرلەمان ئازادە چی بڕیار دەدات..!! ئەمانە: (حەمەرەزا شا، هواری بومدیەن، سەدام حوسێن و قوام سلطنة) نموونەی پێخەسووی پیاون، دەیانی تریش لە دووتوێی مێژووی بزووتنەوەكانی رێگەی كوردایەتیدا لە مێشكی هەر یەكێكماندا هەن..

بۆیە تا ئەم پێخەسوانەی سیاسەت و ئابوری و ئایین و ڕۆحکێشەكانی ئازادی هەبن، نە ئێمە، نە میللەتان، نە ئازادیخوازان بە ئازادیی ناژین..


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن