75 کوردستان

دانەوەی قیستی قەرزی کارەبا مانگانە لە ١٠٠ هەزار زیاتر نابێت

03:00 - 16/11/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 لێپرسراوی ڕاگەیەندنی کارەبای سلێمانی بە ''زەمەن''ی  رایگەیاند: هەر هاوڵاتییەک قەرزی کۆنی کارەبای لابێت و بە داشکاندنی ٥٠٪ نەیدابێت، دەبێت پارەکە مانگانە بەشێوەی قیست لەگەڵ پڕۆژەی ڕووناکی ڕادەستی بکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، سیروان محەمەد، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی کارەبای سلێمانی، لەبارەی ئەو هاوڵاتییانەی کە قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناکیان لەکاتی داشکاندنی ٥٠٪، نەداوە، لە  لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ''زەمەن'' وتی: ئێستا لە ئی-پسوڵە خەریکی ڕێێکخستنی قەرزی ئەو هاوڵاتیانەن کە هی پێش پڕۆژەی ڕووناکییە و نەیانداوە، بۆ ئەوەی بە شێوەی قیست لەگەڵ پارەی مانگانەی پڕۆژەی ڕووناکی بیدەن، بۆیە لە ئێستادا لە ئی-پسوڵە قەرزەکانیان سفر بووەتەوە، هەتا کاتی ڕێکخستنی میکانیزمی دانەوەی قەرزەکە و بە هیچ شێوەیەک لێخۆشبوونیان بۆ ناکرێت.

دەشڵێت: قیستەکە بەشێوەیەکە کە نەبێتە بارگرانی بۆ هاوڵاتیان بەشێوەیەک لە (١٠٠) هەزاردینار زیاتر نەبێت و لە (٢٠) هەزار دیناریش کەمتر نەبێت.

لەبارەی کاتژمێرەکانی دابەشکردنی کارەبای ماڵان، سیروان محەمەد بە ''زەمەن''ی وت: بەهۆی ئەو کێشەیەی کە لە کێڵگەی کۆرمۆر دروستبووە، کارەبای نیشتیمانی کیشەی بۆ دروستبووە و لە ئێستادا (٥_٧) کاتژمێر کارەبا هەیە و کاتژمێرەکانی دیکە مۆلیدە ئەهلییەکان پری دەکەنەوە، تا ئەو کاتەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی غاز دەکەونەوە کار.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن