240وتار

كۆهەستی نیشتیمانیی

2/10/2023 1:14:00 PM
هیوا جەمال


كۆهەستی نیشتیمانی، بۆ ئەو نەتەوانەی تاوەكو ئێستا لە چوارچێوەی دەوڵەت كۆنەبونەوە، پڕبەهاترین ئەو پرۆسێسانەیە، نەتەوە بە یەكگرتویی دەهێڵێتەوە.

 كورد لەماوەی سی ساڵی رابردوو چەندینجار كۆهەستی نیشتیمانی بۆ دەوروبەر و جیهان پیشانداوە.

كۆڕەوی باشوری كوردستان لە ساڵی ١٩٩١ توانی كۆهەستی نیشتیمانی دروستبكات، بەتایبەت كە بەشەكانی دیكەی كوردستان باوەشیان بۆ خوشك و براكانیان كردەوە و دەرگەیان بۆ خستنە سەرپشت.

سەرهەڵدان و راپەڕینی قامیشلۆ لە ساڵی ٢٠٠٤ توانی كۆهەستی نیشتیمانیی دروستبكات و كورد لەهەموو بەشەكان و جیهان پشتیوانیانكرد.

بۆردومانی رۆبۆسكێی باكوری كوردستان لە ساڵی ٢٠١١  كە بوەهۆی شەهیدبونی ٣٤ هاونیشتیمانی بێتاوان، كۆهەستی نیشتیمانی دروستكرد، هەموو بەشەكان پێكەوە ئیدانەیانكرد و پرسەداربون.
گشتپرسی ساڵی ٢٠١٧ی باشوری كوردستان توانی كۆهەستی نیشتیمانی دروستبكات، كوردی بردە قۆناخێكی دیكەی خەبات.

 لە نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٧ بومەلەرزەی كرماشان، سەلاسی باوەجانی و سەرپێلی زەهاو لە رۆژهەڵات و دەربەندیخان لە باشور، كۆهەستی نیشتیمانی دروستكرد، هاونیشتیمانیان لەهەموو بەشەكانی كوردستان هاوخەم و هاوماتەم بون.

تازەترین  روداو و كارەسات بومەلەرزەی باكور و رۆژئاوای كوردستان و توركیا و سوریایە، ئەگەرچی تەنیا كورد نەبونە قوربانی، بەڵام كۆهەستی نیشتیمانی کوردستانیی دروستكردوە.
هەموو ئەو روداو و پێشهات و كارەساتانە هەستی مرۆڤبون و كوردبونی ئەو نەتەوە بێدەوڵەتەی راگرتوە و سەلماندوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن