850وتار

رەوانشاد نەوشیروان مستەفا

5/18/2019 8:28:00 PM
هیوا جەمال

 

 

ساڵی ٢٠٠٨ بوو، هەڤپەیڤینێكم لەگەڵ ، كاك عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەنجامدا، بۆ رۆژنامەی رۆژنامە، دوای هەڤپەیڤینەكە لەبارەی مامەڵەی كاك نەوشیروان لەگەڵ ئێمە پرسیاری لێكردم، بەلایەوە جێی سەرنج بوو كە پێمگوت; هەفتانە لە كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ كاك نەوشیروان، گفتوگۆ دەكەین و رەخنەی لێدەگرین، هەروەها گوتم تەنانەت زۆربەیجار نانی بەیانی یان نیوەڕۆ پێكەوە دەخۆین، كاك عیماد گوتی كاك نەوشیروان لەگەڵ ئێوە زۆر گۆڕاوە، ئێمە لە مەكتەبی سیاسی نەماندەتوانی زۆر قسە لەقسەیدا بكەین..

 

بۆیەكەمجار كاك نەوشیروانم بینی لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ بوو، ئەوكاتەی لە تیڤییەوە رێككەوتنی پارتی و یەكێتی راگەیاند، دواتر لە ساڵی ١٩٩٧ رووبەڕوو لە ماڵی خۆیان بینیم. پاش دە ساڵ لە كۆمپانیای وشە و لە ساڵی ٢٠٠٧ بینیمەوە، ئیتر بینینەكان زۆربوون، سێ مانگی سەرەتا، هەفتەی چەندجارێك دەمانبینی و گفتوگۆی ئیشی رۆژنامەڤانی لەگەڵ دەكردین، دواتر و پاش وەشانی سایتی سبەی و دواتر رۆژنامە و تیڤی و رادیۆ، بۆ ماوەی ٣ ساڵ هەفتانە دەمانبینی و لەگەڵی كۆدەبوینەوە، جگە لەوەش هەركات بمانویستایە، دەمانبینی.. لەدوای هاتنیشم بۆ تۆڕی میدیایی رووداو (ساڵی ٢٠١٣) ناوبەناو سەرم لێدەدا، دیسان گفتوگۆی زۆرماندەكرد، هەندێجار دەیگوت، تۆ لەبەرنامەكانت زۆر پرسیار دەكەیت ئەمجارە من پرسیارت لێدەكەم..

 

لەوكۆبوونەوانەی، هەفتانە لەگەڵ كاك نەوشیروان ئەنجاممان دەدا، ئێمە دەستەی نوسەران و بەڕێوەبەر و سەرنوسەری رۆژنامە و سایتی سبەی، دواتریش كەی ئین ئێن، جگە لەچەند كەسێكی دیكەی وەك قادر حاجی عەلی، محمد تۆفیق رەحیم و بابەكر دڕەیی جاروبار كەسانی دیكەی لە ئاستی ئەو بەڕێزانەی تێدەكەوت، جارێك گوتی بۆ ئەوەی كۆبونەوەكان بەباشی بڕوات و ئێوەش لەسەر هەندێ شت رابێن، باشترە هەر جارێك كەسێك لە ئێوە سەرپەرشتی كۆبوونەوەكە بكات و بەڕێوەیبەرێت، ئەوە بۆئێمە جێگەی سەرنج بوو بە ئامادەبوونی خۆی هەرجارێك گەنجێك كۆبونەوەی بەرێوەدەبرد..

 

ساڵی ٢٠١٠ باسی جیاكردنەوەی كۆمپانیای وشە لە بزوتنەوەی گۆڕان گەرمبوو، من پرۆژەیەكم نوسی بۆ كاك نەوشیروان و تێیدا پێشنیازی كۆنفرانسێكم كردبوو، كە تێیدا بڕیار بدەین لەوەی كۆمپانیای وشە نەبێتە زمانحاڵی گۆڕان و سەربخۆبێت، هەروەها لە كۆتایی پێشنیازەكەدا بۆمنوسیبوو، بەبڕوای من بەڕێزت ببیتە بەڕێوەبەری كۆمپانیای وشە و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هاوڕێكانت جێبێڵیت، دوای دوو هەفتە شەوێك لە ماڵی خۆیان كۆبوونەوەیەكی رێكخست بۆ قسەكردن لەوبارەیەوە، ئامادەبوان لە بڕیاربەدەستەكانی گۆڕان بوون، تەنها منی تیابووم كە جگەلە دەستەی نوسەرانی رۆژنامە هیچ پۆستێكم. نەبوو، بەڵام لەبەر ئەو پێشنیازەم بانگكرابووم، لەوێ دیسان تەئكیدمكردەوە كە بەڕێزت كۆمپانیاكە بەڕێوەبەریت و كەسێكی دیكە رێكخەری گۆڕانبێت، زۆربەیان بە توندی پێشنیازەكەمیان رەتكردەوە منیش گوتم ئەوە پێشنیازی منە و بڕوام پێیەتی ئێ دەتوانن رەتیبكەنەوە.

‎زۆر وردبوو لە متابەعەكردندا، جارێك لە لاپەڕە دووی رۆژنامە هەواڵێكمان بڵاوكردبوەوە لەبارەی خۆڵبارین لە كەركوك، نوسیبومان ئاستی بینین بۆ ٤٠٠ كم كەمدەبێتەوە، راستەكەی ٤٠٠ مەتربوو، رۆژی شەممە بوو بەیانی ستافی رۆژنامە چوین. بۆلای، گوتی ئەوە ئێوە ئەڵێی رۆژنامەكەی خۆتان ناخوێننەوە، خۆ مرۆڤ لەكاتی ئاساییدا ناتوانێت ٤٠٠ كیلۆمەتر هەوایی ببینێت، توشی سەرسوڕمانبوین ئێمە ئەوەمان نەبینیبوو كەچی ئەو، ئەو هەواڵە چوكە و ئەو هەڵەیەی بینیبوو..

 

بۆمن ئەو ساڵانە، قۆناغێكی گرنگبوو، زۆر شت فێربووم، زیاتر ئاشنای سیاسەت و راگەیاندن و ناوخۆ و دەوروبەربووم، یەكێك لە هەرە بابەتە گرنگەكان بۆمن ئەوەبوو چۆن بتوانم شیكردنەوەی رووداوەكان بكەم، وردی و دیقەت فێربووم، لەو ٧ ساڵەی لەگەڵ ئەو و لە كۆمپانیای وشە بووم، قۆناغی فێربوونی كاری راگەیاندنم زۆر تێپەڕاند. هەمیشە بە مامۆستای خۆمم زانیوە، جگەلەوەش خۆشمویستوە، جارهەبوو كە دەچومەوە بۆلای دەمگوت، تەنها بیرمكردویت و ویستومە بتبینم.. رۆحی شاد و ئارام.

وێنەكە، یەكێك لە كۆبونەوەكانە ساڵی ٢٠٠٩

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن