کورد چۆن خۆی لە تەنگژەی کەرکوک رزگاربکات؟ چۆن مامەڵە لەگەڵ تورکمان بکرێت
7/5/2023 2:11:00 PM
هیوا جەمال
“زیاد پەنگخواردنەوەی نێوان کورد و
تورکمان بەتایبەتیش پاش رووداوەکانی تەمووزی ١٩٥٩ی کەرکوک، کەلەیادەوەریی زۆرێک لە
تورکمانەکاندا ماوەتەوە، وەک بەڵگەیەک بەرامبەر دڵرەقیی کورد و مەترسییەکی چاوەڕێکراو
هەژماردەکرێت لەو ناوچەیەی کورد تێیدا باڵادەستە”.
زۆر رستەی نێو ئەم پەرتووکەی، لیام ئاندرسن و
گاریس ستانسفێڵد سەرنجیان راکێشام، کە باسی تەنگژەی کەرکوکدەکات، بەڵام ئەم پەڕەگرافە
رەگێکی مێژوویی هەیە.
کاتێک سەیری ناکۆکیی نەتەوە و ئایین و تەنانەت
حیزبەکان دەکەیت، بێگەڕانەوە بۆ مێژووی هەردوو لایەنی ناکۆک، ناتوانیت بەئاسانیی لەناکۆکییەکە
تێبگەیت هەروەها بێگومان ناتوانیت چارەسەری گونجاو پێشنیاز بکەیت.
لەگەڵئەوەی هیج ناکۆکییەک نیە رێگەچارەی دەربازبوونی
نەبێت، بەڵام هیج ناکۆکییەک بێ دانوستان چارسەرنابێت، جگەلەوەی دەبێت لەبنچینەوە رەگە
مێژووییەکەی بدۆزرێتەوە و یەکلاییبکرێتەوە.
ئەم دوو توێژەرە ئەمریکایی و بەریتانییە (لیام
ئاندرسن و گاریس ستانسفێڵد) زۆر بە وردیی بەدوای کێشەی کەرکوکن، هەروەها لەچەندین
نوسین و پەرتووکی دیکەدا گۆشەنیگای خۆیان خستووەتەڕوو، لەگەڵئەوەی تا ئەندازەیەکی
باش بێلایەنانە لەسەر رووداوەکان کاریانکردووە.
کاتێک پەرتووکی (ئایندەی عێراق)ی هەمان ئەم توێژەرانە
دەخوێنیتەوە کە نزیکەی ١٩ ساڵ لەمەوبەر نوسیویانە، دەردەکەوێت نەخشەرێی بەڕێوەبردنی
ئەمریکا لە عێراق چەند لەبۆچونەکانی ئەم دوو توێژەرە سودی وەرگرتووە.
لەو روانەگەیەوە هەروەها پاش ئەوەی شەش ساڵ لەمەوبەر
لەگەڵ ستانسفێڵد چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیم ئەنجامدا، بەپێویستی دەزانم خوێندەوار
و سیاسی و توێژەران و میدیاکارانی ئێمە پرۆژەکانی ئەو دوو توێژەرە بخوێننەوە.
پەرتووکەکە جگە لە کورد و تورکمان و عەرەب و کریستیان
و ئەوانی دیکە، گرنگی بە لایەنی تورکیا داوە، وەک بەشێک لە تەنگژە و هەندێجار بەشێک
لە چارەسەر باسی دەکات، بەتایبەت کە دەرهێنانی نەوت لەکەرکوک بۆیەکەمجار دەگەڕێنێتەوە
بۆ کۆمپانیایەکی تورکی (بەپشکداریی بەریتانیا) کە لەئەستەنبووڵ دامەزراوە، هەروەها
یەکەم شەپۆلی بەعەرەبکردن بۆ دەستبەکاربونی هەمان کۆمپانیا دەگەڕێنێتەوە، کاتێک کۆمپانیاکە
ژمارەیەک خێزانی عەرەبی هێناوە بۆ کارکردن لە دەرهێنانی نەوت.
کورد لە کەرکوک بەزۆر دۆخی خراپدا رۆشتووە، تەنانەت
گەشتووە بەوەی “ لەسەرەتای ساڵی ١٩٥٩ بەدواوە کورد نەیدەتوانی بە ئازادانە جموجۆڵ
بکات و بیری لەوەکردووەتەوە کەرکوک جێبیڵێت تاکار گەیشتوە بەوەی لەسەرئاستی کەسییش
بارودۆخەکە خراپبووە”.
داتاکان دەریدەخەن، کورد لە کەرکوک چۆن و چەند
کاری لەسەرکراوە، هەر لە سەرژمێریی ١٩٥٧ تاوەکو ١٩٩٧رێژەکە بەجۆرێکی بەرچاو کەمیکردووە،
بۆنمونە لە ساڵی ١٩٥٧ رێژەی کورد ٤٨ لەسەد بووە بەڵام لە ١٩٩٧رێژەی کورد ٢١ لەسەد
بووە.
بێگومان تەنیا کورد لە سایەی سیاسەتی بەعەرەبکردن
رانەگوازراوە، بەڵکو تورکمان و کریستیانەکانی گرتووەتەوە،ئەوەی کەدەبێت کورد کاری
لەسەربکات لەپاڵ دۆزی خۆی ئەمەیە، کە لە زۆرشتدا بەتایبەت راگواستن وبەعەرەبکردن
کورد و تورکمان هاوبەشن، جا لێرەوە دەبێت لە پەرەگرافی سەرەتا تێبگیەن.
بەگوێرەی توێژەران، داهاتووی کەرکوک گرنگە تەنیا
بۆ عێراق نا، بەڵکو بۆ تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام عێراق دەگۆڕێت کاتێک نەتەوەکانی
کەرکوک دەگەنە رێکەوتن.
تێبینییەکی گرنگی ئەم پەرتووکە ئەوەیە “ تاوەکو
لایەنەکانی کێشەکە زیادبکەن تەنگژەی زیاتر دروست دەبێت و چارەسەر ئاڵۆزترە دەبێت”
لەبەرئەوە بۆ کورد گرنگە لایەنەکانی کێشەکە کەمبکاتەوە، سەرەتا لەنێو خۆی و دواتر
گفتوگۆ و دانوستان و رێکەوتن لەگەڵ تورکمان.
تورکمان ئیلی، (نیشتیمانی تورکمان) سنوری تەلەعفەر
و موسڵ و هەولێر و دوزخورماتو و کەرکوک لەخۆدەگرێت، لەهەندێ نەخشەی کوردیدا ئەوەی
کە تورکمان ئیلی لەخۆی دەگرێت دەکەونە نێو داواکارییەکانی کورد، ئەگەرچی ئەمە تاوەکو
ئێستا بەوجۆرە کاری لەسەرکراوە کە ئەو نیشتیمانە هاوبەشە ببێتە هۆی هەڵکشانی گرژی،
بەڵام کورد دەتوانێت بیکاتە خاكی کۆکبون و هەڵکشانی پێکەوەژیان.
ئەگەرچی ئەم لێکنزیکبونەوەیە هەندێ هەوڵی کەمی
بۆدرا، بەڵام ناکۆکییەکان هێند زۆربون رەنگدانەوەی ئەوتۆی نەبووە، بۆنمونە مام جەلال
لە ساڵێ ٢٠٠٤ لەسەردانێکدا بۆ تورکیا لەوێوە رایگەیاند، لەئەگەری دابەشکردنی دەسەڵات
“ لە کەرکوک هیج کەس و لایەنێک نابێتە کەمینە و هەموو بڕیارەکان بە کۆدەنگی دەدرێن”.
سەرەرای ئەوە، دۆخی کەرکوک زیاتر بەروە ئاڵۆزیی
چووە، ئەوەش کە زیاتر دۆخەکەی ئاڵۆزکرد ناکۆکییەکانینێوان هەردوو پارتی و یەکێتی
بوون، ئەویش لەسەر دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات، وەک ئەندرسن و ستانسفێڵد باسی دەکەن.
لە زۆربەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش
(بەعس) کورد بوونە قوربانی، بەڵام لەهەندێ لەوبڕیارانە تورکمان وەک کورد ستەمیان لێکراوە،
بۆنمونە مەرسومی ژمارە ١٣٩١ی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩٨١ سەبارەت بە فەرمانبەران و کرێکارانی
کورد و تورکمان.
لەدوای رووخانی حکومەتی بەعس لە نیسانی ٢٠٠٣ بەرەی
تورکمانی رۆڵی باشیان نەبو لە نزیکبوونەوە لەگەڵکورد، بەڵام ئەو رۆڵە تاوەکو ئەنجامدانی
هەڵبژاردن بوو، ئەوەش لەبەرئەوەی وایاندادەنا، ئەوان هەم نوێنەری نەتەوەی تورکمانن
هەم زۆرینەن لە کەرکوک، کەچی بەوجۆرە نەبوو، بەتایبەتیش کە هەڵبژاردنەکان ئەنجامدران
و ئەو دەنگانەیان بەدەست نەهێنا، لیستی بەرەی تورکمانی لە کەرکوک ١٨.٤لەسەدیان لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٥بەدەست هێنا و
لەسەر ئاستی عێراقیش ٠،٨ لەسەدیان بەدەست هێنا.
ئێستا هیچکەس نکۆڵی لەوەناکات، کەرکوک پارێزگایەکی
فرە نەتەوە و ئایینە، بەڵام گرفتەکە لەوەیە ئەم فرەییە لەبری بەهێزی بکات پارێزگاکەی
هەژار و بیخزمەتکردووە، بەتایبەتیش ئۆباڵی کەموکورتییەکان دەخرێنە ئەستۆی کورد، لەبەرئەوەی
هەم لەرێژەی دەنگدان و هەمیش باڵادەستی و بەڕێوەبردنی پارێزگاکە هەرلەدەستی کورد
بووە، جگەلەوەی کورد بە ناوچەیەکی سەربەکوردستان لەقەڵەمی دەدەن.
لەگەڵ ئەوەی چارەنوسی کەرکوک خراوەتە بەردەم جێبەجێکردنی
دەستوور و مادەی ١٤٠ بەڵام نکۆڵی لەوەناکرێت، لەماوەی لانی کەم ١٥ ساڵی رابردوودا
هیچ کام لە حکومەتەکانی عێراق نەیانویستووە ئەو کێشەیە یەکلاییبکەنەوە، بەڵکو کێشەیان
دروستکردووە، هەربۆنمونە لیژنەی یەکلاییکردنەوەی کێشەی موڵکداری لەماوەی یەکساڵدا
زیاتر لە ٣٥ هەزار سکاڵای بۆچووە، بەڵام تەنیا ٢٥٠٠ دانەی کاریتێداکردووە. سەرەرای
ئەوەش هەرلەسەرەتاوە بەسەدان ملیۆن دۆلار بۆ ئاساییکردنەوەی پارێزگاکە تەرخانکرا بەڵام
زۆر كەمی بۆ خەرجنەکرا.
وەک چۆن کورد لەنێوخۆیدا کۆک نییە و بەئاسانی رێکناکەون،
تورکمان هەمان کێشەیان هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوانە مادام کورد خۆی بەخاوەنی دۆزەکە
دەزانێت، پێویستە زیاتر هەنگاوبنێت، ئەوەش بە کەمکردنەوەی لایەنی کێشەکان، بۆنمونە
رێکەوتن لەگەڵ تورکمان.
ئەوەی ئێستا تورکمان دەیخوازن ژیانێکی شایستە و
ئازادە، بەڵام بەشێوەیەک ستەمیان لێنەکرێت، بەتایبەت کەناوچەکانیان لێکدوورن و
ناتوانن لەرووی جوگرافییەوە هەرێمیکی تایبەت بەخۆیان هەبێت، هەروەک ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی
بەرەی تورکمانی لە چاوپێکەوتنێکی لە رووداو گوتی؛ کێ ژیانێکی شایستە بۆتورکمان فەراهەم
بکات، ئێمە پشتیوانی ئەو دەکەین جا حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت یاخود عێراق.
کاتێک ئەم پەرتووکە دەخوێنیتەوە، چەند خاڵێک سەرنجت
دەبات، یەکەم حکومەتی عێراق هاوکاربووە لە زیادکردنی تەنگژەی کەرکوک و پێنەدانی
مافی تەواوەتی بە تورکمان، دووەم وای نیشاندەدات ئەمریکا زیاتر پشتی بەکورد بەستووە،
سێیەم; تورکیا تاماوەیەکی درێژ تورکمانی هانداوە، بەڵام ئەوەی لەپەرتووکەکەدا ونە،
باسی رۆڵی ئێران لە تەنگژەی کەرکوک.