ئەرکی دووەمی سەرژمێریی
11/21/2024 9:26:00 PM
هیوا جەمال
هێشتا دیارنییە، سەرژمێریی لە قازانجی کێ کۆتایی دێت، ئەرکێک کە هاونیشتیمانی کورد لە ئەستۆی بوو، بەجێی هێنا، گەڕانەوە زێدی خۆیان بۆ تۆمارکردن و ژماردن.
لەگەڵ گەڕانەوەی هاونیشتیمانی کورد بۆ زێدی خۆیان لە ناوچەکانی مادەی ١٤٠، نەتەوەی دیکەی وەکو عەرەب و تورکمان گەڕاونەتەوە، یان لانی کەم جێیان نەهێشتووە.
هێشتا دیارنییە چەند لە ناوچە عەرەبنشینەکان ژمێردراون، چی کراوە لەو ناوچانە و چۆن ژمێردراون، وەکو ئەوەی بەدوایداچووین، لە زۆر شوێنی ناوچەی عەرەبنشین هیچ بژمێرێکی کور هاوشانی بژمێرە عەرەبەکان نەبوون، وەکو ئەوەی لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران هەبوو، ئەوە خاڵی یەکەمی جێبەجێ نەکردنی ئەو بڕیارەیە.
خاڵێکی دیکەی جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردن، ئەو تیمەیە کە بڕیارە لە داتا سەنتەری ناوەند لە بەغدا چاودێریی داتاکان بکەن، دەبێت وردەکاریی داتاکانیان هەبێت، وەکو ئەوەی بیستوومە داتاکان تەنیا لەلای بەغدا هەن، دواتر دەدرێتەوە بە هەرێمی کوردستان.
ئەوەی ئێستا لە هەولێر و بەغدا لەیەککاتدا هەیە، ناوەندی پەیوەندیییە، ( کۆڵ سەنتەر) هەروەها نەخشەی سەرژمێرییەکەیە، پیشانی دەدات بژمێرەکان لەکوێ کاردەکەن، ئەم نەخشەیە تابلێت و کۆمپیوتەری بەڕێوەبەری پارێزگەکانیش هەیە.
پێویستە هەر ئەمشەو پاش کاژێر ١٢ی ٢١ی ١١ی٢٠٢٤ راستەوخۆ کۆپییەکی داتاکان بگاتەوە هەولێر، چونکە هیچ گەرەنتی لە دەستکاریکردنی نییە.
گرنگە لە سبەینێ هەینییەوە ئەو لیژنەیەی کە بڕیاری لێدراوە بۆ تەتەڵەکردنی ژماردنەکە و جیاکردنەوەی هاوردەکان دەستپێبکات، هەرێمی کوردستان پێداگریی بکات لە دەستبەجی کارکردن، رانەوەستێت تاوەکو ١٠ی ١٢ بۆئەوەی پرسیارەکانی دیکە کۆتایی پێبێت، چونکە ئەوەی ئێستا ئەنجامدراوە کرۆکی سەرژمێرییەکەیە.
ئەرکی دووەمی سەرەکی لیژنەی باڵای سەرژمێری هەرێمی کوردستان لێرەوە دەستپێدەکات.
ئەوەی هاونیشتیمانی کورد ئەنجامیاندا لە ناوچەکانی مادەی ١٤٠ جێگەی پێزانینە، جێگەی دڵخۆشییە لەبەرئەوەی سەرسپاردن ( ئینتیما) لای هاونیشتیمانی کورد هێشتا بەهێزە، بەڵام دڵخۆشییەکە مانای سەرکەوتن نییە، چوونکە نازانین ئەنجامەکەی لە کۆاتیی چییە.
لەگەڵ ئەوەشدا وەکو لە گوتاری ( خاکژمێریی) تەکەزم لەسەر ئەوە کردەوە، سەرژمێریی نەبەسترێتەوە بە کوردستانیی بوونی ناوچەیەک، چونکە خاک ناژمێردرێت.