466 جیهان

چۆن ڕووسیا هەڵەی دووهەمی دابڕانی ئابوری دووبارەکردەوە

11:24 - 27/08/2022

زەمەن - جیهانی

نووسینی؛ ئەنوەر کەریم

 ڕووسیا ووڵاتێکی دەوڵەمەندە بە هەموو سەرچاوە سروشتیەکان نەک هەر لە بواری ووزەدا. بەڵكو لە دانەوێڵەی وەک گەنم و گەنمە شامی و بەرهەمەکانی وەک ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە، لە بواری کانزاشدا خاوەنی یەدەگی گەورەی وەک  نیكڵ و ئەڵماس و خەڵوزو ئەلەمنیۆم و ئاڵتون و پالادێومە... بەڵام ڕوسیا بەردەوام نەیتوانیوە ئەم هەموو داهاتە وەک پێویست بۆ خزمەتی ووڵاتەکەی خۆشی بەکاربهێنیت، بە هۆی سیاسەتەکانیەوە سەرچاوەی سامانەکەی بە هەدەر دراوە سیستەمێکی گەندەڵی کلیپتۆکراسی بنیادناوە، لەسەردەمی سۆشیالیستدا بۆ بواری پڕ چەککردن بەکارهاتوە و خەڵکەکەی ژیان و گوزەرانی خراپیان بەسەربردوە، چونکە ئابوریەکەیان دابڕاو بوو لەئابوری نێودەوڵەتی کە لە سەر بنەمای  (بەرهەم و داهات) ئەبێت، ئەو سەردەمە کۆتای هات بە هەڵوەشانەوەی بلۆکی سۆڤیەت لە ئەنجامی گەندەڵی و وەستانی گەشەی ئابوری ڕووسیادا.

 لە ڕۆژی 21-8– 2022 "ئەلیکساندە دۆکین" فەیلەسوفی بەناوبانگی رووسی بەهۆی کارێکی تیرۆریستیەوە کچەکەی کوژرا، بەناوی (داریاوە) کە یەکێکە لە ڕۆژنامەنووسەکانی ڕوسیا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی دەرەوەی شاری مۆسکۆ، ڕاستیەکەی تەقینەوەکە بۆ هەردووکیان بوو، بەڵام ئەوەبوو ئەلیکساندەر دۆکین، رەئی خۆی گۆڕیبوو لەگەڵ کچەکەیدا نەڕۆیشتبووە، بووە هۆی تەنها کوشتنی (داریا)، ئەم فەیلەسوفە بە ئەقڵی  (پوتین) ناسراوە و یەکێکە لە هەرە ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان، خۆی بەخاوەنی فکری (ڕووسیای تازە) ئەزانێت، واتە گەڕانەوەی ئەو زەویانەی کە ڕوسیا لە دەستیداوە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری ڕوسیاوە بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی ڕوسیا، هەر ئەمەش پاڵنەربووە بۆ ئەوەی پۆتین هێز بنێرێت بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا لە لایەن ڕوسیاوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئێستا ڕووسیا بچەقێت لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و هێزە سەربازیەکەی زیانی گەورەی بەربکەوێت و ئابوریەکەی بەرەو پاشەکشە بڕوات.

بە پێی ڕاپۆرتی سندوقی دراوی نیودەوڵەتی (IMF) ئابوری ڕووسیا بە ڕێژەی 8% ئەمساڵ پاشەکشە ئەکات. و پاشەكشە بەردەوام ئەبێت لە ئابوریەکەی لە چەند ساڵی داهاتودا بە هۆی سزاکانی ئەمریکاو ئەوروپاوە، کە لەسەر ڕوسیادا دانراوە. ئەم پاشەکشەیەش کە ڕودەدات لە ئەنجامی دابڕانی ئابوری ڕوسیا بە (ئابوری نێودەوڵەتیەوە)یە. ئەم ووڵاتە بەرەو پاشەکشە ئەبات لە ڕووی یاسایی و کارگێری و دارایی و تەکنەلۆژیاوە، ووڵاتەکە زیاتر بەرەو ووڵاتێکی تۆتالیتاری ئەڕوات کە زیاتر مافەکانی مرۆڤ تییدا پێشێل بکرێت، و ئازادی ڕادەربڕین بەرەو دواوە ئەڕوات، پڕۆسەی دیموکراسی بەرەو کۆتای دەچێت، وەک چۆن لەسەردەمی کامپی سۆشیالیستدا لە ئەنجامی دابڕانی ئابوریدا بوە هۆی پاشەکشە لە هەموو بوارەکاندا، کۆتاییەکەی کەمپەکە هەرەسی هێنا.

ئێستا ڕوسیا ووڵاتێکە ڕاستە بەهۆی بەرزی نرخی ووزەوە گەنجینەکەی پڕبوە لە دۆلار، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات ئابوریەکەی وێران ئەبێت، بە هۆی دۆزینەوەی سەرچاوەی تری ووزەی پاک و سەوز. هەروەها سەرچاوەی تر بۆ جێگرەوەی نەوت و گازی ڕوسی کە ئێستا ئوسترالیاو ئەمریکا بونەتە هۆی پڕکردنەوەی بەشێکی زۆر لە گازی سروشتی بۆ ئەوروپا، ئەمەش دابڕانی زیاتری ئابوری ڕووسیا لە ئابوری نێودەوڵەتی قوڵتر دەکاتەوەو ئەبێتە هۆی کەمبونەوەی (بەرهەم و داهات) کە بنەمای سەرەکی مانەوەی دەسەڵاتەکانن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن