160 جیهان

چی لە واشنتۆن روویدا؟

06:32 - 07/10/2023

زەمەن

یەکەمجارە ئەوە لەوە لەواشنتۆن ڕوویدابێت، پێم وایە ئەوەی دوو سێ ڕۆژە لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت دووشەشە بۆ ڕووسیا و پوتین.

دڵنیام زۆربەتان ئاگاتان لەم بابەتە نیە، بەڵام ئەندامانی پارتی کۆماری ئەمەریکی لەنێو ئەنجومەنی نوێنەران توشی دابەشبوونێکی کوشندە و گەردەلولێکی تەم و مژاوی بوون لەسەر کۆمەڵێک مەسەلە کە یەکێکیان بەردەوابوونە لە پێشکەشکردنی چەک و پارە بە ئۆکڕانیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیا.

پێرێ ڕێککەوتی ٣/١٠/٢٠٢٣ ئەندامانی گروپێکی ئەو پارتە لەنێو ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاوێکی بێ وێنەیان گرتە بەر و ووتەبێژی ئەنجومەنی نوێنەران کە دەکاتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە لە پارتەکەی خۆیان بوو بە دەنگی خۆیان و دەنگی ئەندامانی حیزبی دیموکرات کە نەیاری سەرسەختی خۆیانن بەدەرکردن دا، ئەمە لەمێژووی ئەمەریکا ڕووینەداوە ئەندامانی حیزبێک لە ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆکی ئەنجومەنەکە دەربکەن کە ئەندامی پارت و حیزبەکەی خۆیانە، ئێستا ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا توشی ئیفلیجی بووە و بێ سەرۆکە...

بۆچی ئەوە ڕوویدا..؟ چی ڕوودەدات لە ئەمەریکا..؟

ئەندامانی پارتی کۆماری لە نێو ئەنجومەنی نوێنەران کەزۆرینەن لەوێ بە فیعلی بوون بە دوو کوتلە و گڕوپ لەوەتەی دواین هەڵبژاردنی کۆنگرێس لە مانگی نۆڤێمبەری ساڵی ٢٠٢٢، گڕوپێک کە لە ژمارەیەکی کەمینەی ئەنجومەنی نوێنەران پێک دێن و ژمارەیان ٤٥ نوێنەر دەبێت لە کۆی هەموو ئەندامانی پارتی کۆماری کە ئێستا کۆنتڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی لەدەستە و هەموویان ٢٢٢ ئەندامن، هەموو ئەنجومەنەکەش بەدیموکراتەکانیشەوە ٤٣٥ ئەندامن، ئەو ٤٥ ئەندامەی کۆماریەکان کە بەfreedom.caucusناسراون هەواداری سەرسەختی سەرۆکی پێشوو (دۆناڵد تڕەمپ)ن بەڵام زۆرینەی بنکە و ئەندامانی پارتی کۆماری لەگەڵ ئەوانەن، ئەوانە بە گڕوپی ئەوسەری ڕاستی نێو پارتی کۆماری دەناسرێنfar.right، ئەجینداکانیان سەدا سەد ئەجینداکانی سەرۆکی پێشوو دۆناڵد تڕەمپە، ئەوان دژی درێژە پێدانن بە پێشکەشکردنی یارمەتی دارایی وچەک بە ئۆکڕانیا، دژی هاتنی کۆچبەرانن لە ئەمەریکای لاتین بۆ ئەمەریکا، لەگەڵ دروستکردنی دیوارێکی تۆکمەن لەسەر سنور لەگەڵ ووڵاتی مەکسیک، هەوڵی دادگاییکردنی سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا جۆ بایدن دەدەن بەبێ بوونی هۆکارێکی دیار، کۆمەڵێک ئەجیندای دارایی تریشیان هەیە وەکو کەمکردنەوەی خەرجیە داراییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی ئەمەریکا و ڕاگرتنی قەرزکردنی دارایی نێوخۆیی...

گروپەکەی تری نێو ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆماریەکان زۆرینەن لە ژمارە بەڵام بە ڕەوتی موحافیزکارە میانڕەوەکان و تەقلیدیەکانی پارتی کۆماری دادەنرێن...

گروپە کەمینەکە هەر دوای هەڵبژاردنی کۆنگرێس مەرجێکی سەیریان هەبوو بۆ دەنگدان بە هەڵبژاردنی سەرۆکە نوێیەکەKevin.McCarthyلە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئەویش ئەوە بوو کە تاکە ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران جا لەهەر پارتێک بێت توانای ئەوەی هەبێت بتوانێت دەنگدانێک ساز‌بکات بۆ هەموو ئەنجومەنەکە بۆ لابردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە پۆستەکەی، کاندیدی هەڵبژێردراو کێڤن ماکارسی کە لە گڕوپی ئەندامە کۆماریە میانڕەواکانە بەو مەرجە کرایە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و لەلایەن ئەو گڕوپە کەمینەیە دەنگی پێدرا، بەڵام هەر ئەو ڕێسایەش سەری کێڤنی خوارد، پێرێMatt.Gaetzکە تونڕەوترین ئەندامی ناو گڕوپە کەمینەکەی کۆماریەکانە دوای داواکردنی پڕۆسەی دەنگدان لەلایەن ئەو بە لابردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، توانیان بەپاڵپشتی دەنگی دیموکراتەکان سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەربکەن لە پۆستەکەی، مات گێتز وتی دەرکردنی کێڤن ماکارسی لەبەر هەماهەنگی کردنی بووە لەگەڵ جۆ بایدن بۆ ڕەزامەندیدان لەسەر بودجەی خەرج کردن، پێشتر دۆناڵد تڕەمپ بە ئەندامانی پارتی کۆماری وتبوو هەماهەنگی لەگەڵ جۆ بایدن مەکەن بێ ئەوەی تەنازولی تەواوی پێبکەن لەهەموو بابەتەکانی ئۆکڕانیا و کۆچبەران و خەرجیەکانی بودجە، ئەندامە میانڕەوەکانی کۆماریش ئەمە بە کارێکی هەڵە و هەندێکیان بە خیانەتی کوتلەی کەمینەی کۆماریەکان ناوی دەبەن چونکە بە پاڵپشتی حیزبی دیموکراتەکان ئەوەیان کردوە...

ئەو هەنگاوەی ئەو کوتلە کەمینەیە لە کۆماریەکان بووە هۆی گەورەبوونی درز لەگەڵ کوتلەی زۆرینە لە کۆماریەکان و ئێستا قسە لەگەڵ یەکتریش ناکەن، دوێنێ ویستیان کۆبوونەوەیەک بکەن بەڵام دوای چەند خولەکێک بوو بەشەڕە جنێو و ئەندامێکی بەشداربوو لە کۆبوەوەکە ووتی ئەگەر کۆبوونەوەکە بەردەوام بووایە دەبوو بەشەڕە شەق و شەڕی مشتەکۆڵە لەنێوان هەردوو کوتلەی کۆماریەکان

ساڵی ٢٠١٦ لە دوو نوسیندا یەکێک پێش هەڵبژاردنی تڕەمپ و یەکێکیش دوای هەڵبژاردنی پێم وابوو سەرهەڵدانی تڕەمپ تەنیا پەیوەست نەبووە بە کەسایەتی دۆناڵد تڕەمپ بەڵکو دیاردەیە و ئەو کاتە ناوم لێنا تڕەمپیزم کە خۆی لە بەهێزبوونی پۆپۆلیستەکانی ناو پارتی کۆماری دەبینێتەوە دوای کارکردنی چەندەها ساڵ لەلایەن گڕوپەکانی ئەوسەری ڕاستfar.rightلە ناو کۆماریەکان، ئێستاش پێم وایە ئەوان ئەو پارتەیان ڕفاندوە و چیتر پارتی کۆماری ئەو پارتەی (ڕۆناڵد ڕێگن)ی جاران نیە و نابێتەوە ئەوەی جاران ئەگەر وەرچەرخانێکی تر ڕوونەداتەوە لەناو کۆماریەکان...

پارتی کۆماری پارتێکی موحافیزکارە و تێکەڵەیەکی گەورەیە لە کەسانی موحافیزکار و مەسیحیە ئینجیلیەکان و زۆربەی هەرە زۆری دەوڵەمەندەکان و خاوەنکارەکان، گەورەترین پارتی سیاسیشە لە ئەمەریکا ئەگەر ژمارەی بەپرسە هەڵبژێردراوەکان لە کۆنگرێس و حاکمی ویلایەتەکان و کۆنگرێسی ویلایەتەکان و قایمقامەکان بکەین بە پێوەر، بەڵام لەوەتەی دۆناڵد تڕەمپ و هەوادارە سەرسەختەکانی کۆنتڕۆڵی ئەوپارتەیان کردوە توشی گێژاوێک بووە و ئەندامە هەڵبژێردراوەکانی لە نێو کۆنگرێس یەکگرتوو نین و ئەجینداکانیشی زۆر ڕوون نیە و وەکو جاران و ناتوانن وەکو پارتەکەی جاران بە چالاکی حوکم بکەن لەو شوێنانەی باڵا دەستن و کارەکانیان ئەنجام بدەن، دۆخی نێوان ئەندامانیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش کە ئەوان زۆرینەن نمونەیەکی باشی ئەو قسەیەی منە، ئەوان هەروەک هەندێک لە ئەندامەکانیان دەیڵێن وای لێهاتووە ناتوانن پێناسەی ئەوە بکەن کە کێ محافیزکاری ڕاستەقینەیە و کێ موحافیزکار نیە لە نێوان خۆماندا.

 

لوقمان حەوێز

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن