85 جیهان

ئەو سەرۆکانە کێن کە لە ڕووداوی تێکشکانی فڕۆکەدا گیانیان لەدەستداوە؟

01:08 - 21/05/2024

زەمەن - جیهان
دوانیوەڕۆی ڕۆژی ١٩ی ئایاری ٢٠٢٤، ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێران لەڕووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکدا گیانی لەدەستدا.
هێلیکۆپتەرەکە لە ئازەربایجانی خۆرەڵات تێکشکا، لەکاتی ڕووداوەکەدا کەشوهەوا خراپ بوو بەهۆی بارانی بەلێزمە و تەمومژێکی زۆرەوە.
مردنەکەی نەک ئێران، بەڵکو جیهانیشی شۆک کرد، تەنانەت هەندێک کەس دەپرسن لە کەشوهەوایەکی خراپی لەو جۆرەدا، چۆن ڕێگە دراوە ئەو هێلیکۆپتەرەی ڕەئیسی تێدا بووە، گەشت بکات.
هاوکات ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێران یەکەم سەرۆکی وڵاتێک نییە کە لە ڕووداوی تێکشکانی فڕۆکە و هێلیکۆپتەردا گیانی لەدەستدابێت، بەڵکو ژمارەیەکی دیکەش لە سەرۆکی وڵاتان بە هەمان ڕووداو گیانیان لەدەستداوە.
محەمەد زیائولحەق سەرۆکی پاکستان

لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٨، محەمەد زیائولحەق سەرۆکی پاکستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی پاکستان، لە ڕووداوی تێکشکانی فڕۆکەدا گیانیان لەدەستدا.
فڕۆکەکە لە جۆری C-130 بوو، دوای ٣٠ خولەک لە هەڵسانی لە بنکەی ئاسمانیی شاری باهاولبور تەقییەوە. سەرەڕای گومانەکان، بەرپرسانی ئەمریکا تێکشکانی فڕۆکەکەیان هەر بە ڕووداوێک لە قەڵەمدا.
جوڤینال هابیاریمانا سەرۆکی ڕواندا

ساڵی ١٩٩٤، ئەو فڕۆکەیەی کە جوڤینال هابیاریمانا سەرۆکی ڕواندای تێدابوو بە مووشەکێک خرایە خوارەوە، ئەم ڕووداوەش بووە هۆی دەستپێکی جینۆساید لەو وڵاتەدا.
هەرچەندە سەرۆکی ڕواندا ئاگربەستێکی لەگەڵ جوداخوازەکانی توتسی واژۆ کردبوو، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەی بۆ پایتەختی وڵات فڕۆکەکەی خرایە خوارەوە.
دوای چوار ساڵ لەو ڕووداوە، لەسەر داوای بەشێک لە ئەندامانی سەرنشینی فڕۆکەکە کە فەڕەنسی بوون، لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد، بەڵام ساڵی ٢٠١٦ دادگانی فەڕەنسا کەیسەکەیان داخست و نەچوونەوە بەلایدا.
بۆریس تراکۆڤسکی سەرۆکی مەقدۆنیای باکوور

لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤، بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە فڕۆکەکەی سەرۆکی مەقدۆنیای باکوور لە بۆسنە و هەرسک تێکشکا، لە ئاکامدا خۆی و هەشت سەرنشینی دیکە گیانیان لەدەستدا
لێخ کاکیانسکی سەرۆکی پۆلەندا

لە ١٠ی نیسانی ساڵی ٢٠١٠، فڕۆکەیەک لەکاتی نزیکبوونەوەی لە فڕۆکەخانەی سمۆلێنسک لە ڕووسیا تێکشکا و لە ئاکامدا، سەرۆکی پۆلەندا و ٩٥ کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا.
سەرەتا وا بڵاوکرایەوە کە بەهۆی خراپی کەشوهەواوە و فڕۆکەکە تێکشکاوە، بەڵام ساڵی ٢٠٢٢، لیژنەیەکی تایبەتی حکومەتی پۆلەندا ئاشکرایکرد کە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بەهۆی پیلانێکی تیرۆرکردنەوە بووە لەلایەن ڕووسیاوە.
بەڵام دواتر دوو لیژنەی هاوبەشی ڕووسیا و پۆلەندا لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردەوە و هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر ئەو پیلانە دەست نەکەوت.
سباستیان پینێرا سەرۆکی چیلی


لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤، پینێرا سەرۆکی چیلی گیانی لەدەستدا دوای ئەوەی ئەو هێلیکۆپتەرەی تێیدا بوو کەوتەناو دەریاچەکەیەوە.
فڕۆکەکەی پینێرا بەدووری ٩٠٠ کیلۆمەتر لە سانتیاگۆی پایتەخەوە فڕیبوو کاتێک کەوتە ناو دەریاچەکەوە، چوار کەسی دیکەی لەگەڵدا بوو، سیانیان لە ڕووداوەکەدا ڕزگاریان بوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن