138 جیهان

ترامپ لە بەردەمی دادوەر: بێتاوانم.. ئه‌مڕۆ رۆژێكی غه‌مگینه‌ بۆ ئه‌مریكا

10:35 - 04/08/2023


زه‌مه‌ن - جیهانی

 دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە دادگا و لە بەردەمی دادوەر ئەو چوار تۆمەتەی ڕەتکردەوە کە لە دژی تۆمارکراون و پەیوەستن بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 و هێرشی لایەنگرانی بۆ سەر کۆنگرێس لە 6 ی یەکی 2021دا.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا پاش نیوەڕۆی پێنجشەممە گەیشتە واشنتنی پایتەخت و لە دادگای فیدرالی لە بەردەم دادوەر خانم مۆکسیلا ئوپادیایا ڕەتیکردەوە ئەو چوار تۆمەتەی ئەنجام دابێت کە بریتین لە "پیلانگێڕی بۆ فێڵکردن لە ئەمەریکا، پیلانگێڕی بۆ ڕێگریکردن لە پرۆسەیەکی فەرمی، ڕێگریکردن و هەوڵی ڕێگریکردن لە پرۆسەیەکی فەرمی، پیلانگێڕی لە دژی مافەکان."


سەرەتا دادوەر خانم مۆکسیلای بە ڕەچەڵک هیندی خاڵ بە خاڵی تۆمەتەکان و سزاکانی ئەو تۆمەتانەی بۆ ترامپ خوێندەوە و لێی پرسی ئایا لە وردەکارییەکانی تۆمەتەکان تێگەیشتووە یان نا.

پاشان ترامپ لەسەر پەڕاوی تۆمەتەکان واژویکرد کە بێ تاوانە. دادوەریش لای خۆیەوە ڕایگەیاند کە دانیشتی داهاتوو لەسەر ئەم تۆمەتانە لە 28 ی مانگی هەشت دەبێت، وە سەرۆکی پێشووی ئاگادارکردەوە بابەتی ئەم تۆمەتانە لەگەڵ شایەتحاڵەکان باس نەکات و ئەگەر مەرجەکانی دادگا پێشێلبکات، ئەوا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەدرێت.

دواتر، دۆناڵد ترامپ دادگای جێهێشت و بە کەژاوەی ئۆتۆمبیلەکانی بەرەو فڕۆکەخانەی ڕیگن لە نزیک واشنتن گەڕایەوە کە لەوێ فڕۆکەکەی چاوەڕێی دەکرد بەرەو ویلایەتی نیوجێرزی بەرێتەوە. بەر لەوەی سواری فڕۆکەکەی بێت لێدوانێکی کورتی بۆ میدیاکان دا و وتی ئەمە "ڕۆژی زۆر غەمگینە بۆ ئەمەریکا" ، وتیشی ئەوەی ڕوودەدات زۆرداری و ستەمە لە دژی نەیارێکی سیاسی دەکرێت، ئەمە نەدەبوو لە ئەمەریکا ڕووبدات.

دیموکراتەکان لای خۆیانەوە ڕەتیدەکەنەوە هیچ دەستێوەردانێکیان هەبێت لە سیستەمی دادوەری وڵاتەکەدا. بەڵام کۆمارییەکان دەڵێن ئەمە هەوڵێکی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک بایدنە بۆ لێدانی سیاسی لە دۆناڵد ترامپ هەتا گرفتی بۆ دروستبکەن لە هەوڵەکانی بۆ بوونەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا.

ئەو چوار تۆمەتەی کە لە 45 لاپەڕە لەلایەن جاک سمیث، لێکۆڵەر و نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دادەوە ئاڕاستەی سەرۆکی پێشوو کراون، سزاکانیان زیندانیکردنە.

دادوەر خانم مۆکسیلا ئوپادیایا، لە دایکبووی ویلایەتی گوجەراتی هیندستانە و لە ئەمەریکا گەورەبووە و بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا بەدەستهێناوە.

سەرچاوە / بەشێک لە زانیارییەکان لە هەردوو ئاژانسی فڕانس پرێس و ڕۆیتەرزەوە وەرگیراون.
ده‌نگی ئه‌مریكا

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن