304 جیهان

لە دەوحە چی گوزەرا؟ لە نێوان مۆساد و سی ئای ئەی و قەتەردا؟

12:16 - 10/11/2023

زەمەن - شیکاری

شیکاری: ئیدریس مستەفا

 سەرجەم میدیاکانی دنیا، جگە ئەلجەزیرەی قەتەری، هەواڵی کۆبوونەوە سێ قۆڵیەکەی سەرۆکی مۆساد و سی ئای ئەی و سەرۆک وەزیرانی قەتەریان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بڵاوکردەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا یەک شت باسکرا و شتێکی تریش بە روونی بینرا.
یەکەم، کرۆکی کۆبوونەوەکان باسی لە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلیەکان کرد بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا ئیسرائیل رێگە بە سەرکردە و بەرپرسە مەیدانیەکانی حەماس بدات کە غەززە بە جێبهێڵن و قەتەریش دەبێتە مەنزڵگەی یەکەمیان بۆ نیشتەجێ بوونیان ئیتر دوتار لەوانەیە بچنە ئێران یا هەر شوێنێکی تر کە دووربێ لە ئیسرائیلەوە؛ پاشان گەرەنتی ئەوەیان پێ بدرێ کە ئیسرائیل رەدوویان نەکەوێ بە بیانووی تیرۆر و راکردوو لە قانوونی ئیسرائیلی.
بۆ ئەوەی ئەم خاڵە بە جوانی ببینیت پێویستیت بە بەڵگەی دەنگی و نوسراویش نیە بەڵکو ئەوە واقعی غەززە و ئەو مەدارە سیاسی و ناوچەییەی بە دەوریەوە دەخولێنەوە ئەوەمان پێدەڵێن کە حەماس دەدۆڕێ و دەبێ بار بکات لە غەززە و چی تر نەیاتەوە بەو هەرێمە و خاکی فەلەستیندا؛ یاخود دەبێ خۆیان بگۆڕن بە قەوارەیەکی تر بە ئایدیۆلۆجیایەکی تر و سیاسەتێکی ترەوە کە ئەمەیان ئەگەرێکی دوورە. 
دووەم، ئەو شتەی بە روونی بینرا دەسبەردار بوونی ئەو مەدارە سیاسیە ناوچەییەی دەوری غەززە بوو لە حەماس. یەکەمین و نزیکترین و ئامادەترین هێزی ناوچەیی کە لێدانی دڵی حەماسی بە دەست بوو ئێرانە. ئێران لە پشت ئەم هەراوزەنایەی حەماسەوە بوو لە هەمان کاتدا ئیسرائیل ئەو هەراوزەنایەی قۆستەوە بۆ سیاسەتێکی رەهەند دوورتر.
ئێران لەم گەمە سیاسیەدا دۆڕا، چونکە ئەو دەیزانی گەر حەماس ئەو کارە تیرۆرستیە گەورەیە ئەنجام بدات کە لە چەند کاتژمێرێکدا زیاتر لە ١٤٠٠ منداڵ و ژن و گەنج و پیریان قەتڵ و عام کردئەوا ئیسرائیل هێرشی وێرانکەر دەکاتە سەر غەززە وەک کردی؛ لە بەرامبەر ئەمەشدا عەرەبەکان و جیهانی ئیسلامی هەڵوێستی توند و یەکدەست دەگرنە بەر دژ بە ئیسرائیل و ئەمریکا و ئەوروپاش لەوانەیە شتێکی ئەوتۆیان پێ نەکرێ چونکە عەرەب چەکی نەوت بەکاردەهێنن؛ بەتایبەت رێکەوتنەکەی ئێران لەگەڵ سعوودیەدا ئەو هیوایەی بە ئێران بەخشی کە لەوانەیە شتێکی ئاوها بچێتە پێش بەڵام خەونەکانی ئێران هەموو لە بار چوون.
کاتێک ئێران زانیتی هەموو وڵاتە گەورەکانی جەمسەری رۆژئاوا بە هەموو قورسایی خۆیانەوە هاتنە پشت ئیسرائیل بەتایبەت ئەمریکا سێ کەشتی بارهەڵگری گەورەی جەنگی و کەشتی ژێر دەریایی کە هەڵگری چەندان بۆمبی ئەتۆمیە هێنایە دەریای ناوەآڕست و دەریای سوور و نزیک کەنارەکانی ئیسرائیل و بە ئاشکراش هۆشداری دایە ئێران و حزبوڵڵا گەر بێتوو جەنگی فراوان و کراوە دژ بە ئیسرائیل ئەنجام بدەن ئەوا بەرەو رووی قورسترین و کوشندەترین گورزی سەربازی دەبنەوە. ئەمە ترسێکی گەورەی لای ئێران دروست کرد و گوتارەکەی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی کە پەیامی ئێرانی بڵاوکردەوە رایگەیاند کە نامەی هەڕەشە ئامێزی جیهانیان بۆ هاتووە گەر شەڕی کراوە دژی ئیسرائیل بکەن ئەوا بەرە رووی ئایندەیەکی نادیار دەبنەوە بۆیە ئێمە ناچینە ئەو شەڕەوە کە حەماس سەربەخۆیانە هەڵیگیرساندووە.
بەڵێ ئێران نەک هەر بۆ حەماس بەڵکو بۆ حزبوڵڵای لوبنانی و بۆ حوسیەکانی یەمەن و سوریاش ئامادە نیە وجودی قەوارەیی دەوڵەتی خۆی بخاتە ژێر هەڕەشەی جدی ئەمریکاوە یاخود بەرەو رووی هیزی سەربازی ئەمریکا ببێتەوە بەتایبەت باردودۆخی ئابوری و سیاسی وڵات لەوپەڕی خراپی و لەرزۆکیدایە.
وێنەکە لە راستەوە: سەرۆکی سی ئای ئەی "ولیەم بێرنس"، سەرۆک وەزیرانی قەتەر "محەمەد بن جاسم الثانی" و سەرۆکی مۆساد "دەیڤد بارنی".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن