327 دیمانە

دانا عەبدولکەریم: بەرێژەی 50٪ی ئەو چاکسازییانەی کە ویستوومانە توانراوە جێبەجێ بکرێت

03:17 - 05/05/2024

دیمانە - روداو

 وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاڕاستەکان وان کە لە هەمواری بودجەی عێراقدا کێشەی مووچە لەنێوان هەولێر و بەغدا بە تەواوی چارەسەر بکرێت. دەشڵێت، رێککەوتنی لەگەڵ پارتی و کارنامەی کابینەی حکومەت 50٪ی جێبەجێکراوە. لەبارەی هێڵی شەمەندەفەریشەوە زانیاریی نوێ دەخاتەڕوو.


* سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە سلێمانی باسی لە یەکڕیزیی کرد و جەتی کردەوە کە کوردستان و نیشتمان لە هەموو کەسێک گەورەتر و بەرزترن، تەنانەت سەرنجی خستە سەر ئەوەی نابێت رەخنەی سیاسیی بەرامبەر لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو ببێتە هۆی ئەوەی نیشتمان لاوازبکرێت، گوتیشی لایەنی سیاسیی دێن و دەڕۆن، ئەوەی کە دەمێنێتەوە نیشتمانە، ئەمە جگە لە جەختکردنەوە لە یەکڕیزیی لە هەرێمی کوردستان و رێککەوتنی بەپەلەی لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردن، هەم وەکو سەرکردەیەکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان و وەکو وەزیرێکیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرنجت لەسەر گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی چییە؟

دانا عەبدولکەریم: بە دڵنیایی گوتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانی گوتەیەک بوو کە تەواو دەچووە قاڵبی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، بەداخەوە لەماوەی ساڵانی رابردوو بەتایبەتی لەدوای رووخانی رژێمی سەدام و دوای ئەوەی عێراقێکی تازە دروستکرایەوە و دەستوور نووسرا و کورد بوو بە هاوبەشێکی سەرەکی لە عێراق، ئێمە لە هەرێمی کوردستان کە پێشتر دوو ئیدارە بووین. ئیدارەی سلێمانی و هەولێر نەمانتوانی سوود لەو دەرفەتانەی پێشوو وەربگرین، ئەو کەموکوڕییانەی ئێستا هەستی پێدەکەین، ئەو ناڕەزایەتی و گلەییانەی ئێستا هەن هەمووی دەرئەنجامی ئەو چەند ساڵەی رابردووە کە ئێمە سوودمان لەو ماوەیە نەبینی، بە دڵنیایی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەکانی لە ئەنجامی ئەو ئەزموونەیە کە ئێمە پێویستە سوود لەو ئەزموونانەی پێشوو وەربگرین بە مەرجێک وەکو خۆی باسی کرد (کای کۆن بەبا نەکەین) بەڵکو هەوڵ بدەین داهاتوویەکی باشتر بۆ میللەتەکەمان دابینبکەین، دەبێت نیشتمانیش وەکو کوردستان هێڵی سوور بێت بەلای هەموو لایەنەکانەوە من لەمەدا سەد لە سەد هاوڕای جەنابیانم بە دڵنیایی هەموو هاوڵاتییەکی کوردستان دڵنیام لەناخی خپیدا و لە هەستی خۆیدا نیشتمانەکەی خۆی لە هەموو شتێک خۆشتردەوێت، کوردستان وەکو نیشتمان لای هەموومان هێڵی سوورە، من لەو رووەوە هاوڕا و پشتیوانی قسەکانی بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانم کە دەبێت ئەوە گوتاری هەموومان بێت لەرووی نیشتمانییەوە.

* کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لەم ماوەیە روویدا، بابەتی مووچە و بەبانکی کردنی مووچە و هەژماری من، ئەمە هیوایەکی بەخشیوە وەکو سەرەتایەکی نوێ بە پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، یان هەندێ بابەتی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان کە مووچە جارێکی دیکە نەبێتەوە بە هەواڵ، رەنگدانەوە ئەمە لەسەر حکومەت چییە؟

دانا عەبدولکەریم: بە دڵنیایی رەنگدانەوەیەکی ئەرێنی دەبێت، چونکە یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی ماوەی رابردوو لەبەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانم بڵێم لەدوای ساڵی 2014ـەوە بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بووە، خۆتان دەزانن لە 2014ـەوە حکومەتی فیدراڵی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانی وەکو پێویست نەناردووە، ئەمە گرفتێکی سەرەکی بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران دروستکردووە، بمانەوێ و نەمانوەێت لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بەشێکین لە عێراق و دەبێت مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان پارێزراوبێت چ بە دامەزراوەکانی و چ بە هاوڵاتییانیشی، لەمڕووەوە چارەسەربوونی پرسی مووچە بە دڵنیایی کاریگەریی زۆر ئەرێنی دەکاتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وادەکات جاران هەوڵی یەکەممان وەکو حکومەت ئەوەبوو کە مووچە دابینبکرێت، ئێستا هەوڵەکانمان دەبێت بەوەی بچینە قۆناخی تەواوکردن و جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان.

* ئەوەی کە گفتوگۆتان لەبارەوە کردووە لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران، هیچ کۆسپێک ماوەتەوە کە رەنگە ببێتەوە بە کێشە بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان؟

دانا عەبدولکەریم: تاوەکو ئێستا کێشەکە 100٪ چارەسەر نەکراوە، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە و ئەو هاوڕێیانەشمان لە ئەنجوومەنی وەزیران کە ئەندامی شاندەکان بوون بۆ بەغدا، تا ئێستا کێشەکە بە تەواوی چارەسەر نەبووە، بەڵام هەموو ئاڕاستەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن بە فیعلی چارەسەر دەبێت، چونکە وەکو خۆتان دەزانن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرقاڵی ئەوەن یاسای بودجە بۆ ساڵی 2024 – 2025 هەمواربکرێتەوە، هەموارکردنەوەی یاسای بودجە ئاراستەیەکی کە بەشێوەیەکی بنبڕ کێشەی مووچە چارەسەربکات لە هەرێمی کوردستان بەپێی ئەو گفتوگۆیانە بێت کە تاوەکو ئێستا کراون، جا ئایا دەرهاوێشتەکانی داهاتوو چۆن دەبێت نازانم، بەڵام بە دڵنیایی دۆخەکە بەرەو چارەسەرکردنی تەواوی کێشەی مووچەیە.

* وەکو بزووتنەوەی گۆڕان چۆن لە ئەدای خۆتان دەڕوانن لەم کابینەیەی حکومەتدا؟

دانا عەبدولکەریم: بەداخەوە کە ئەم کابینەیە دروستبوو هەمووی چەند مانگێکی بەسەردا نەڕۆی پەتای کۆرۆنا بەرۆکی مرۆڤایەتیی گرت، لەنێو ئەوەشدا بەوهۆیەی ئێمە بەشێوەیەکی دامەزراوەیی حکومڕانیی خۆمانمان نەکردووە کاریگەریی پەتاکە لەسەر هەرێمی کوردستان لە شوێنەکانی دیکە رەنگە زیاتر بووبێت هەرچەندە خۆشبەختانە رێکارەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان کاریگەریی ئەرێنی هەبوو لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانییەکان بەڵام کاریگەرییە ئابوورییەکەی لەسەر هەرێمی کوردستان زۆر گەورە بوو، عێراق و هەرێمی کوردستانیش پشتیان بە نەوت بەستبوو، بەهۆی کۆرۆناشەوە نرخی نەوت هاتە خوار 20 دۆلار و 10 دۆلار، ئەمە وایکرد کابینەکە رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر گەورە ببێتەوە لە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و لە جێبەجێکردنی پرۆژەکان، ئەمە کاریگەریی هەبوو لەسەر بەرنامەکانی ئێمەش وەکو گۆڕان کە بەشداریمان کردووە لە حکومەت، بەڵام ئێمە ئامانجی سەرەکیمان لە بەشداریی حکومەت بۆ چاکسازیی بوو لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش ئەگەر سەیری کارنامەی حکومەت بکەین کە سەرۆکی حکومەت رۆژی سوێندخواردن لەبەردەم پەرلەمان خوێندییەوە بەشی سەرەکی کارنامەکە بریتی بوو لە چاکسازیکردن، وەکو بەرنامەکەی خۆمان و وەکو ئەو رێککەوتنەی کە ئێمە هەمانبووە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم دەتوانم بڵێم بەرێژەی 50٪ی ئەو چاکسازییانەی کە ویستوومانە توانراوە جێبەجێ بکرێت، بەداخەوە 50٪ی دیکەی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە.

*: ئەو 50٪یەی جێبەجێکراوە کامانەن؟

دانا عەبدولکەریم: ئێمە دوو خاڵ هەبووە لە رێککەوتنەکەماندا، خاڵێکیان تایبەت بووە بە چاکسازیی لە پلە و مووچە و خانەنشینیی، پلە باڵاکان، خۆشبەختانە توانیمان لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەمە وەکو پرۆژەیاسا ئامادەبکەین و پەسندی بکەین و ببێت بە یاساش لە پەرلەمانی کوردستان لەمڕووەوە ئێمە توانیمان یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەمان بخەینە بواری جێبەجێکردن، یاساشی پێدەربچێت و ئێستا ئەو جیاوازییە زۆرەی کە جاران لەنێوان پلەباڵکان و پلەکانی دیکەدا هەبووە زۆر کەمبووەتەوە، راستە ئێستاش جیاوازیی هەرماوە، بەڵام جیاوازییەکە وەکو جاران نەماوە ئەمە یەکێکە لە دەستکەوتەکانمان.

*: هۆکارەکانی ئەو 50٪یەی رێککەوتنەکەتان کە جێبەجێ نەبوو، چین؟

دانا عەبدولکەریم: ئەوە پەیوەندیدار بووە بە چاکسازیی لە هەموو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، ئێمە پرۆژەیەکمان پێشکێشکرد بە پارتی دیموکراتی کوردستان بەپێی رێککەوتنەکەمان تاوەکو چاکسازیی لە هەموو لایەنەکان بکەین ئەویش دروستکردنی ئەنجوومەنێکی چاکسازیی بوو، ئەم ئەنجوومەنە دەستبەرێت بۆ هەموو  سێکتەرەکان کە بتوانێت لە هەرشوێنێکدا کەموکوڕییەک هەبێت چارەسەربکرێت، بەڵام بەداخەوە بۆچوونی تیمی حکومی پارتی دیموکراتی کوردستان جیاوازبوو ئەوان پێیانوابوو دەستەی نەزاهە و داواکاریی گشتیی و چاودێریی دارایی هەن، ئەم دامەزراوانە کاری خۆیان دەکەن و پێویست بە ئەنجوومەنی چاکسازیی ناکات، پێشتریش لەسەر ئەوە رێککەوتبووین کە ئەنجوومەنەکە دروستبکرێت، بەڵام ئەوان پێیانوابوو ئەو پرۆژەیاسایەی پێشکێشمان کردووە دەسەڵاتی ئەم دامەزراوانە بۆخۆی دەبات بۆیە نەگەیشتینە رێککەوتن و ئەو 50٪یەی رێککەوتنەکەمان جێبەجێ نەکرا.

*: وەکو تیمی گۆڕان لە حکومەت، تاوەکو چەند لە ئەدای خۆتان رازین؟

دانا عەبدولکەریم: بەداخەوە ئێمە بەرنامەی باشترمان هەبوو کە بتوانین کاری باشتر بکەین، بەڵام ئەگەر هەڵسەنگاندن و بەراوردێک بکەین بەم دۆخە قورسەی کە لە چوار ساڵی رابردوو بەسەر کابینەکە هات، توانیومانە لانی کەمی خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ بکەین، لەماوەی ئەو 4 ساڵەی رابردوودا زیاتر لە 200 پرۆژەمان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە تەواوکردووە کە کۆی گشتی تێچوونەکەیان زیاتربووە لە 900 ملیار دینار، سەرنجی زیاترمان لەسەر رێگەوبان بووە، چونکە بەداخەوە رێگەوبانەکانی هەرێمی کوردستان نەک لە ئاستی نێودەوڵەتیی بەڵکو لە ئاستی وڵاتانی دراوسێش نییە، رێگەوبان پێویستی بە پارە و بودجەی گەورە هەیە تاوەکو تەواوی بکەین، بەڵام بە هەموو ئەمانەشەوە وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە توانیومانە لە 4 ساڵی رابردوودا ئەگەر بە کیلۆمەتر حسابی بکەین زیاتر لە هەزار و 300 کم رێگامان دروستکردووە.

*: جڤات و ئۆرگانەکانی بزووتنەوەی گۆڕان تاوەکو چەند لە تیمی حکومەتی ئێوە رازی بوون؟

دانا عەبدولکەریم: تاوەکو ئێستا شتێکی وا لە گۆڕاندا نەکراوە تاوەکو بزانین تا چەند رازین لە تیمەکەمان، وەکو باسمکرد ئێمە لەپێناو چاکسازیی بەشداریی کابینەی حکومەتمان کرد، لەم چوار ساڵەش دۆخێکی قورس بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە، وای کردووە کە جاری وا هەبووە مووچەی مووچەخۆران دواکەوتووە، یاخو چەند مانگێک ناچاربووین رێژەیەکی کەم لە مووچە کەمکرایەوە ئەمانە هەمووی گوشارێکی گەورەی بۆسەر رێکخستنەکانی گۆڕان دروستکردووە لە رێگەی ئەوانیشەوە گوشارەکە لەسەر ئێمە دروستبووە کە ئەوە داواکارییەکی رەوای مووچەخۆران بووە ئێمەش ئەو گوشارەی کە مووچەخۆران یان هاوڵاتییان لەسەر بزووتنەوەکەی دروستکردووە یان لەسەر ئێمەی دروستکردووە بە رەوا دەیبینین، بۆیە هەمیشە هەوڵەکانمان بەو ئاراستەیە بوو کە بابەتی مووچە نەبێتە بابەتێکی سیاسیی بۆ مزایەدەکردن، بەڵکو ئەوە مافێکی ئاسایی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە پێویستە ئێمە وەکو حکومەت لەکاتی خۆیدا دابینی بکەین.

*: زۆرجار دەگوترێت تەنیا تیمی حکومەتی گۆڕان لە ئەدای خۆیان رازین لەنێو بزووتنەوەکەتان، جڤات و باژێروانەکان لێتان رازی نین چەندینجاریش لە جڤاتەوە گوشارتان لێکراوە تەنانەت بکشێنەوە لە حکومەت، وایە؟

دانا عەبدولکەریم: بڕیار لەناو بزووتنەوەی گۆڕان لە جڤاتی نیشتمانی دروستدەکرێت، هەر بڕیارێک جڤاتی نیشتمانی بیدات ئێمە وەکو تیمی وەزاریی گۆڕان پابەند دەبین پێوەی، پێشتریش من لە کۆبوونەوەکانی جڤاتی نیشتمانی بەشداریم کردووە دڵنیاییم داوە بە هاوڕێکانم کە هەر بڕیارێک بدەن پابەند دەبین، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەلایەن جڤاتەوە نەگەیشتووە بە تیمی وزاریی لەبارەی ئەوەی ناڕازین لە ئەدامان، هیچکات 100٪ کەسێک لە کەسێک رازی نییە، بەڵام لە کاتێک بۆ کاتێکی تر دەگۆڕێت، لە کەسێکیشەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت، گرنگ ئەوەیە ئێمە بەردەوام لەناو جڤاتی نیشتمانی وەکو تیمی وەزاری بوونمان هەبووە و وەڵامی پرسیارەکانمان داونەتەوە لە کۆنفرانسەکانی مانگی یەک، مناقەشەیەکی زۆر کرا کە لە حکومەت بکشێینەوە یان نەکشێینەوە بە دەنگی زۆرینەی کۆنفرانس ئەوە بەجێهێلرا بۆ لینەیەکی تایبەتمەند تاوەکو هەڵسەنگاندن ئەو بابەتە بکات، واتا گلەیی و رەخنە هەیە بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەین بەو توانایەی لەبەردەستماندا هەبووە و ئەو کارانەی ئەنجاممان داوە زیاترمان کردووە و کەمترمان نەکردووە.

*: رێگەکانی پارێزگەی سلێمانی – گەرمیان – راپەڕین چییان بەسەرهات، کەی تەواو دەکرێن؟

دانا عەبدولکەریم: پرۆژەی دەربەندیخان – کەلار کە زۆر باس دەکرێت لە ساڵی 2011 چووتە بواری جێبەجێکردن و دراوە بە کۆمپانیایەکی تورکی و دوای ماوەیەک لێی وەرگیراوەتەوە، دواتر دراوە بە کۆمپانیایەکی تر، واتە لە 2011 تاوەکو 2019 کە ئێمە کابینەکەمان وەرگرتووە لەماوەی 8 ساڵدا تەنیا 15٪ی ئەو پرۆژەیە جێبەجێکراوە، بەڵام ئێمە لە 2019ـەوە وێڕای قەیرانی ئابووری و دۆخی خراپ توانیومانە رێژەی جێبەجێکردنی پرۆژەکە بگەیەنینە 75٪، ئەگەر بارودۆخی ئابووری بەرەوباشی بڕوات تاکو کۆتایی ئەمساڵ دەتوانین پرۆژەکە تەواوبکەین، واتا ئێمە لەماوەی ئەم 4 ساڵەدا 60٪ی پرۆژەکەمان زیاتر کردووە ئەگەر دۆخەکە باش بێت پشتیوان بە خودا تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئەو پرۆژەیە و پرۆژەکانی دیکەش تەواو دەبن ئەگەر گرفتی دارایی نەبێت.

*: بابەتی شەمەندەفەر لە کوردستان زۆر قسە و باسی لەسەرکرا و کرا بە توانج بەرامبەرتان، ئێستا ئەم بابەتە بەکوێ گەیشتووە؟

دانا عەبدولکەریم: مانگی 10ی ساڵی رابردووە توێژینەوەی کەڵکی ئابووری پرۆژەکەمان تەواوکرد و پەسند کرا لەلایەن وەزارەتەوە کۆمپانیایەکی ئیسپانی ئەنجامیدا، ئێستا ئێمە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ قۆناخی دیزاینکردنی پرۆژەکە، هەر لەبەر ئەوەش مانگی رابردوو سەردانی وڵاتی ئیسپانیام کرد، و لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتمەندەکان کۆبوونەوەمان کرد تاوەکو بەرەو ئاڕاستەی دیزاینکردنی پرۆژەکە بڕۆین، چونکە ئەوە دەکەوێتە سەر تەرخانکردنی پارە بۆی و چ سەرچاوەیەکی وزە بەکاردەهێنی بۆ بەگەڕخستنی. ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەک نییە بە دوو ساڵ و سێ ساڵ تەواوبکرێت، پرۆژەیەکی ستراتیژیی گەورەیە، پرۆژەکە لە پلانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ چاوبەست نەبووە لە خەڵک، بەڵکو پلانێکی ستراتیژیی وەزارەتە و لە یاسای وەزارەتدا کە دانراوە ئەمە کراوە بە ئەرک بۆ وەزارتی ئاوەدانکردنەوە. ئەم ئەرکە لەسەر شانی ئێمەیە، من ناتوانم خۆم لە ئەرکێک بدزمەوە کە یاساکە بەسەرمدا سەپاندوویەتی، ئێمە موسڵمانین و لە ئایینەکەماندا دەڵێت، ئەگەر نیەتی کارێکی خێرت هەبێت، ئەگەر کارەکەشت پێنەکرێت خودا چاکەکەیت بۆ دەنووسێت؛ نیەتی ئێمە بۆ دروستکردنی هێڵی ئاسنین لە هەرێمی کوردستان، یەکەم، پەیوەندیی بە یاسای وەزارەت هەیە، دووەم پەیوەندیدارە بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری لە هەرێمی کوردستان چونکە بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە ئابووریی هەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناخێکی ترەوە، ئێستا لە گفتوگۆداین لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی و دوای تەواوبوونی گفتوگۆکان دەتوانین مژدەیەکی خۆشتر بە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بدەین، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە فریابکەوین یان فریانەکەوین کوردستان وەکو نیشتمان وەکو دەوڵەت وەکو هەرێم وەکو بەشێک لە عێراق وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە داهاتوو پێویستی بە پرۆژەی ژێرخانی ئابووری هەیە، یەکێک لە پرۆژە گرنگەکانی ژێرخانی ئابووری هێڵی ئاسنینە کە بەداخەوە لەبری ئەوەی پشتیوانیمان بکەن کراوەتە بابەتێک بۆ گاڵتەکردن ئەرکی ئێمە خزمەتکردنی کوردستانە، خودای گەورە سەرکەوتوومان بکات لە خزمەتی کوردستان قەیناکە با خەڵک گاڵتەمان پێبکات.

*: بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن؟

دانا عەبدولکەریم: بەڵێ ئامادین، لیستی بەربژێرەکانمان پێشکێشکردووە و ژمارەشمان وەرگرتووە.

*: پۆستی رێکخەری گشتیی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان کەی یەکلایی دەکرێتەوە؟

دانا عەبدولکەریم: هەڵبژاردنی ناوخۆیی زۆرینەی مەکۆکان تەواوبووە، دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی سەرجەم مەکۆکان کۆبوونەوەی جڤاتی نوێی نیشتمانی دەکرێت و بڕیار دەدرێت و رۆژێک دەستنیشان دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەرێکی نوێ بۆ بزووتنەوەی گۆڕان.

*: کێ بەربژێری بەهێزە بۆ رێکخەرێکی نوێ؟

دانا عەبدولکەریم: تاوەکو ئێستا هیچ بەربژێرێک نییە، کە وادەکەی دەستنیشانکرا ئەوکات دەردەکەوێت.

*: عومەر سەید عەلی لە پۆستەکەی دەمێنێتەوە؟

دانا عەبدولکەریم: کاک عومەر یەکێکە لە تێکۆشەرە گەورەکانی میللەتەکەمان و ئێمە هەمیشە وەکو برای گەورە بە رێزێکی زۆرەوە بۆ کاک عومەر دەڕوانین، لە هەرشوێنێک بێت برای گەورەیە، بەڵام وەکو باسمکرد ئەوە دەسەڵاتی جڤاتی نیشتمانی نوێیە و ئەوان ئەو بڕیارە دەدەن.

*: سەرکەوتوو بوون لە ئاشتکردنەوەی ناڕازییەکانی گۆڕان؟

دانا عەبدولکەریم: بەداخەوە تاوەکو ئێستا نەخێر، سەرکەوتوو نەبووین لە ئاشتکردنەوەیان، بەڵام ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین چونکە پێمانوایە بە هاتنەوەی ئەو هاوڕێیانەمان بزووتنەوەی گۆڕان بەهێزتر دەبێت و دەتوانین پێکەوە زیاتر خزمەتی گەلەکەمان بکەین.

دواتر 1 2 3 4 5 6 7 پێشتر 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن