هاتنی شه‌مخانی بۆ عێراق!
3/10/2020 9:30:00 AM
سه‌ردار عه‌بدوڵڵا
له‌پڕدا عه‌لی شه‌مخانی له گه‌رمه‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی كارهساتاویی ڤایرۆسی كۆرۆنادا گه‌یشته به‌غدای پایته‌خت و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت و حیزبه‌كاندا كۆ بوویه‌وه. وه‌ك له میدیاكان باس كرا، باسی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و ئه‌م په‌تایه و بڕیاری ده‌كردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه و هاوكاتیش باسی ناوچه‌كه و دواپێشهاتنهكانیان كردوه. ئه‌وه‌ی میدیاكان باسیان نه‌كرد مه‌سه‌له‌ی دیاریكردنی كاندیدێك بوو بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ.
هه‌ڵبه‌ته بۆ ئه‌وه‌ی له كاریگه‌ریی ئه‌م كاراكته‌ره و به‌تایبه‌تیش له مه‌له‌فی پێكهێنانی حكومه‌تی عیراقدا تێبگه‌ین، پێویستمان به‌وه‌ی كه‌مێك باسی ئه‌م كه‌سه و ڕۆڵی پێشووتری چ له سیاسه‌ته‌كانی ئێران له عیراق و چ له پێكهێنانی حكوومه‌تی عیراقدا بكه‌ین.
ئه‌دمیراڵ عه‌لی شامخانی به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌بی له‌دایكبوی ئه‌هواز، ته‌مه‌نی ٦٥ ساڵه. وێڕای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر باڵی ریفۆرم خواز ماڵه، كه‌چی زۆر جاریش وه‌ك پردی پێكگه‌یشتنی باڵه ناكۆكه‌كان ناو ده‌برێ.. ماوه‌یه‌ك وه‌زیری پاسداران و چوار ساڵیش له یلایه‌تی یه‌كه‌می خاته‌میدا وه‌زیری به‌رگری بو، كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی بوو بۆ ڕكابه‌ری خاته‌می له ویلایه‌تی دوههمیدا، له‌ناو چه‌ندی كاندیددا پله‌ی سێیه‌می ده‌نگه‌كانی هه‌بوو، سه‌رباری ئه‌وه‌ش خاته‌می له كابینیه دووهه‌میشیدا وه‌ك وه‌زیری به‌رگری هێشتییه‌وه.
وێڕای ئه‌وه‌ی له سوپای پاسدارانه‌وه هاتوه، پۆستی له ئه‌رته‌شیش وه‌رگرتوه، وه‌كو فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه ده‌ریاییه‌كان. تا له‌دواییدا و له یه‌كه‌م كابینیه روحانیدا سكرتێری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران ده‌ستبه‌كار بووه و تا ئێستاش له‌و پۆسته‌دا ماوه‌ته‌وه. دوا شتێك كه پێویسته بگوترێ ئه‌وه‌یه كه ئه‌م پیاوه سه‌باره‌ت به ڕۆڵی له كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان له كه‌نداودا، شا عه‌بدوڵای سعودیه‌وه، مه‌دالیای شا عه‌بدولعه‌زیزی پێ به‌خشی.
ساڵی ٢٠١٤ و له‌پاش هه‌لبژاردنی كۆتایی نیساندا، پێكهێنانی حكومه‌تی عیراق بوویه‌وه به‌كێشه.. له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌ی بوو كه ناوه‌ندی بڕیاری ئێرانیش دابه‌ش بوو، به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا، یه‌كه‌میان بریتی بوون له قاسم سوله‌یمانی و عه‌لی ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی به پاڵپشتی خامنه‌ئی، كه پشتگیریی مالیكییان ده‌كرد بۆ ویلایه‌تی سێیه‌می حوكمڕانیی، دووهه‌میش بریتی بوون له ره‌فسه‌نجانی و روحانی و شه‌مخانی، كه دژی ئه‌وه بوون مالیكی ببێته‌وه به سه‌رۆك وه‌زیران.. ئه‌و كاته به‌شێوه‌ی شه‌خسی زۆر به خه‌ستیی ده‌رگیری ئه‌و كێشه‌یه بووم. كه به‌شێكی زۆری ئه‌و باسه هه‌ڵده‌گرم بۆ كاتی خۆی. له‌م سۆنگه‌یه‌وه زۆر ورد ئاگام له ورده‌كارییه‌كان بوو.
به‌ش به‌حاڵی خۆم دژی به‌خشینه‌وه‌ی ویلایه‌تی سێیه‌م بووم به مالیكی، هاوكاتیش هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه پێموابوو كه مه‌حاڵه مالیكی ببێته‌وه به‌سه‌رۆك وه‌زیران، بۆ ئه‌مه‌ش پشتم به‌كۆمه‌ڵه فاكته‌ر و هۆیه‌ك به‌ستبوو، له‌وانه‌ش:
+ وه‌فدێكی یه‌كێتی و پارتی سه‌ردانی ئێرانیان كردبوو، له‌وێ شه‌مخانی پێیگوتبوون: مالیكی هه‌ڵبژاردنی بردۆته‌وه، بۆیه ئێمه ناتوانین دژی ئه‌وه بین حكومه‌ت پێك بێنێ، به‌ڵام دوابڕیار لای مهرجیعیهیه، ئه‌و هه‌رچی بڵێ ئێمه پابه‌ند ده‌بین. له‌مه‌شیاندا جگه له هه‌موو هاوڕێكانم كه ته‌نها به‌شی یه‌كه‌می قسه‌كه‌ی شه‌مخانییان بینی، من پێموابوو كه مه‌به‌سته‌كه‌ی شه‌مخانی له به‌شی دووهه‌می قسهكهیدایه، به‌و قسه‌یه‌ش به‌ڕوونی پێمان ده‌ڵێ، بچن هه‌وڵ بده‌ن مهرجیعیه ڤیتۆی له‌سه‌ر دانێ، ئه‌و كاته ئێمه ده‌توانین دژی ویلایه‌تی سێیه‌می مالیكی بین.
+ هه‌ر له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی كاك نه‌وشیروان هه‌موو رابه‌ره‌كانی عیراقم بینیبوو، بهكوردهكانیشهوه.
+ مالیكی هه‌وڵی دابوو، دیداره‌كانمان بقۆزێته‌وه بۆ خه‌ڵه‌تاندنی لایه‌نه‌كان تا ناچاریان بكات پشتگیریی بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش بووه هۆی پرسیار و دڵه‌ڕاوكێی زوربه‌ی لایه‌نه‌كان، كه سه‌ربه‌رزانه دواتر به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی وتارێك له رۆژنامه‌ی (الشرق الاوسط)ی لهندهنیدا، هه‌موو ههوڵهكانیم پووچه‌ڵ كرده‌وه. هه‌ڵبه‌ته ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم كه به‌ر له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی كاك نه‌وشیروان وتاره‌كه‌ی خوێنده‌وه، ئینجا ناردم بۆ ڕۆژنامه‌كه.
به‌هۆی هه‌ندێ كهناڵیشهوه ئاگام له تێگه‌یشتنی مهرجیعیه بوو.
ئه‌م به‌زمه وه‌ك له بیرتانه زۆری خایاند، تا ئه‌و كاته‌ی عه‌لی شه‌مخانی سه‌ردانی عیراقی كرد و سه‌رۆكی حیزبه‌كانی بینی، ئیدی له‌گه‌ڵ ئه‌و هاتنه‌یدا ساغ بوویه‌وه كه چانسی مالیكی ته‌واو بووه. به‌جۆرێك كه هه‌ندێك له شاره‌زا و پسپۆڕه جیهانییه‌كانی كاروباری عیراق و ئێران، باسیان ئه‌وه‌یان ده‌كرد، كه كه‌یسی عیراق له قاسم سوله‌یمانی سه‌ندراوه‌ته‌وه و دراوه به شه‌مخانیی.
له دیداره‌كانیدا له‌گه‌ڵ هێزه شیعه‌كاندا كه ورده‌كاریی زۆر ورد و نهێنیم پێگه‌یشت، دیار بوو كه ئیدی كاتی ئه‌وه‌یه باس له به‌دیلی مالیكی بكرێ. له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌یدا بۆ ئێران ڕابه‌ری قایل كرد كه به به‌دیلێك بۆ مالیكی رازی بێ. باقی حیكایهكهتان له‌بیره، كه سه‌رباری عینادیی و مل نه‌دانی مالیكی، له‌دواییدا ناچار كرا بكشێته‌وه، ئیدی له‌وێوه عیبادی راسپێردرا بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم كه ئه‌و كاته رێككه‌تنێكی نهێنی له‌نێوان مه‌جلیسی باڵای ئیسلامی ئه‌و كاته به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم و ره‌وتی سه‌دردا هه‌بوو، كه سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت له‌و كاته‌دا بۆ مه‌جلیس بێ، به‌و مه‌رجه‌ی له‌و چوار ساڵه‌دا ره‌وتی سه‌در به‌ربه‌ست و ڤیتۆ خاریجییهكانی ئه‌مریكا و كه‌نداو له‌سه‌ر خۆی لابه‌رێ تا بتوانێ، له هه‌ڵبژاردنی ٢٠١٨‌دا خۆی كابینه‌كه پێك بێنێ، به‌ڵام ئه‌م سیناریۆیه سه‌ری نه‌گرت و هه‌موو لایه‌ك ناچار كران عیبادی قبوڵ بكه‌ن.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌توانن وردتر بڕواننه هاتنی ئه‌م دواییه‌ی شه‌مخانی بۆ عیراق، به‌تایبه‌تیش زۆر له‌و كه‌سانه‌ی بینیوه كه ناویان وه‌ك كاندید ده‌هێنرێ، سه‌رباری هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ده‌درێنه پاڵی له‌وه‌ی كه ده‌ستی له كوشتنی قاسم سوله‌یمانیدا هه‌یه، مسته‌فا كازمیشی به جیا بینی. لێره‌وه ئیدی له پاش ئه‌و بۆشاییه گه‌وره‌یه‌ی كوشتنی قاسم سوله‌یمانی له عیراقدا دروستی كرد، ئیدی شه‌مخانی هه‌وڵ ده‌دات، سه‌رباری هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی باسمان كردن، یه‌كخستنه‌وه‌ی ماڵی شیعه یه‌كێك له‌هه‌ره ئه‌وله‌ویه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی بێت.. واش پێده‌چێ له‌مه‌ودوا شه‌مخانی له مه‌له‌فی عیراقدا رۆڵی زۆر گه‌وره‌تر بگێڕێت. به‌تایبه‌تیش كه سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه خامنه‌ئی رایسپاردوه مه‌له‌فی عیراق بگرێته ده‌ست تا ئه‌و كاته‌ی قائانی ده‌توانێ به‌ته‌واوه‌تی وه‌ری بگرێته‌وه.