65وتار

لە کوشتنی سنوار کوشندەتر

10/19/2024 6:52:00 PM
سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

خامنەئی کوشتنی سنواری بە پڕئازار وەسف کرد، ئەمەی لە چرکەساتێکدا وت کە زەبرێکی زۆر کوشندەتری لەلایەکی دیکەوە بەر کەوتبوو. ئاشکرایە کە دۆخی پاش سنوار هەمان دۆخی پێش کوشتنی نابێت. ئەمە خۆی زەبرێکی گەورەیە بەر ئێران و هەژموونی لەناوچەکەدا کەوتوە. ئەگەرچی دیار نیە حەماس لەپاش سنوار چی دەکات، چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخی جیهان و ناوچەکە و هەوڵەکانی نێوانگیریی میسر و قەتەر و پەیامە تازەکانی ئەمریکا و ڕابەرانی غەربدا دەکات، بەڵام ڕوونە بەهەر لایەکدا بشکێتەوە (دانوستاندن، یان بەردەوامیی جەنگ) کە دیارە هەرگیز وەکو سەردەمی سنوار نابێت، ئەوا گومانی تێدا نیە کە حەماس دەتوانێت لەپاش سنوارەوە کەسێکی دیکە بکاتە ڕابەری خۆی. ئەوەی جێی قەرەبووکردنەوە نیە و کوشندەترین زەبرە کە بەر ئێران دەکەوێت، زۆر زۆر کوشندەترە لە کوشتنی سنوار و تەنانەت حەسەن نەسروڵا و هەر کەسێکی ترە، لێدوانە چاوەڕواننەکراوەکانی نەجیب میقاتیی سەرۆکوەزیرانی لوبنانە.
میقاتی جیاواز لە کاراکتەرە هێمن و لەسەرخۆکەی زۆر بەتوندیی وەڵامی لێدوانەکانی قالیبافی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دایەوە کە ماوەیەکە وەکو سەرۆککۆمار فیعلیی ئێرانی مامەڵە دەکات. قالیباف کە هەواڵەکان ئاشکرایان کرد پێشتریش لەسەردانەکەیدا بۆ بەیروت لەلایەن میقاتییەوە هوشداری توندی دراوەتێ تاکو ڕێز لە سەروەریی و بڕیاری لوبنان بگرێت. پاش لێخوڕینی فڕۆکەکەی و نیشتنەوەی لە بەیروت، دواتر لە لێدوانێکدا باسی لەوە کرد کە ئێران ئامادەیە سەبارەت بەبڕیاری ١٧٠١ی ئەنجومنەی ئاسایش دانوستاندن لەگەل فەرەنسادا بکات، کە دوێنێ لەم وتارەدا لەژێر ناوی ئەرێ سەرۆک لەکوێیە؟ باسی ئەم مەسەلانەمان بە وردیی کردوە، دەتوانن بگەڕێنەوە سەری.
لەوەڵامی ئەم لێدوانەی قالیبافدا، میقاتی ڕایگەیاند کە ئەم دەخالەتە زەقە قبووڵکراو نیە و دەبێت ئێران ڕێز لە سەروەریی و سەربەخۆیی بڕیاری لوبنان بگرێت. دواتریش ئۆفیسی میقاتی ڕایگەیاند کە سەبارەت بەم بابەتە بۆ سەرزەنشت و ناڕەزایی دەربڕین بەرپرسی نوێنەرایەتی ئێران لەلوبنان بەنگهێشت دەکەن. لەڕاستیشدا هیچ شتێک لە سەروەریی و سەربەخۆیی بڕیاری لوبنان کوشندە نیە و نابێت بۆ ئێران. هەربۆیە لەم چرکەساتەدا ستراتیژی هەنووکەیی خامنەئیی بریتییە لە:
پاراستن و دەربازکردنی حیزوڵڵا لە چارەنووسی لەناوچوون.
بەگژداچوونی مەحاڵیش تەنها بۆ کەمکردنەوە و کۆنترۆڵکردن و لەقاڵبدانی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و گرووپە وەلائییەکانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست.
بۆ ئەم دوو ستراتیژەش ئامادەیە هەموو شتێک بکات و هەموو نرخێکیش بببەخشێت. تەنانەت بە دەستبەرداربوونی حەماسیشەوە.
ڕاستە لەپاش وێرانکردنی بەشێکی زۆری تواناکانی حیزبوڵڵا و کوشتنی سەرکردە هەرە بەهێزەکانییەوە، لوبنانییەکان بەدەنگی بەرز باس لە ڕاگرتنی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و جێبەجێکردنی بڕیاری ١٧٠١ی ئەنجومەنی ئاسایش و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەکەن. تەنانەت پێکەوە دەرکەوتن و بەیانی هاوبەشی هەر یەک لە میقاتی و نەبیە بەری و وەلید جونبولات، سەبارەت بەو سێ بنەمایەی سەرەوە، هەروەها ڕاستیشە کە نەبیە بەری باسی لەوە دەکرد کە حیزبوڵڵا تەخویلیان کردوە و گوایە تەنانەت حەسەن نەسروڵڵاش پێش کوشتنی باسی لە قبووڵکردنی ئەو بنەمایانە کردوە، بەڵام کە نەجیب میقاتیی لە سیاقێکی دیکەدا و بە تۆنێکی وا توند و هەڵوێستێکی وا بەهێزدا دەریببڕێت زۆر جیاوازە. هەربۆیە بینیمان پێشوازیی گەرمی لەلایەن هەرە ناکۆکەکانی لوبنانەوە لێکرا.
ڕاگرتنی شەڕ بەبێ بەستنەوەی بە دۆخی غەزەوە، هەم لە ڕووی مەعنەوی و هەم لەڕووی سەربازیشەوە زیانی گەورە بە ئێران و گرووپەکانی دەگەیەنێت، مەگەر لەو حاڵەتەدا نەبێت کە لەبەرامبەر نرخێکی چەور بێت بۆ ئێران خۆی، کە ئامادەیە قوربانیی بە هەموو شیعەکانی جیهان بدات لەپێناو ئاسایشی نەتەوەیی خۆی و ئێستاش مانەوەی ڕژێمەکەشی چۆتە سەر.
سەبارەت بەبڕیاری ١٧٠١ی ئەنجومەنی ئاسایشیش، زۆر بەکورتیی لە جێبەجێکردندا دەبێتە مایەی دوورخستنەوەی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان و لەجێی میلیشیاکانی سوپای نیشتمانیی لوبنان سنوورەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا بگرێتە ئەستۆ، تەنها لە قۆناغی یەکەمدا. هەڵبەتە قۆناغەکانی دواتر چککردنی حیزبوڵڵا دەسەپێنێت. کە دیارە ئەمە نەک هەر دەرکردنی ئێرانە لە لوبنان، بەڵکو لەوەبەدواوە لە سوریاش ڕادەکات و مانەوەشی لەعیراقدا دەکەوێتە غەرغەرەوە.
هەڵبژاردنی سەرۆکی لوبنانیش بابەت و وتاری تایبەتی پێویستە، بەڵام زۆر بەکورتیی لەو بیست ساڵەی دواییدا ئێران ئەو کەیسەی تەنانەت لە سوریاش زەوت کردوە کە پێشتر ڤیتۆی تێدا هەبوو. بەو هۆیەوە رەفیق حەریریان کوشت. بەو هۆیەشەوە لوبنان غەرقی جۆرەها قەیران بوو، دەوڵەت و بنەما و دەزگاکانی بەتەواوەتیی لاواز بوون و لەجێیاندا حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی سەرلەبەری بڕیاری سیاسیی و ئەمنیی و سەربازیی و ئابووریشیان لە لوبنانییەکان زەوت کرد. هەر لەو چوارچێوەیەدا لەپاش تەواوبوونی ویلایەتی میشال سلێمانی سەرۆککۆماردا نزیەکی دوو ساڵ و نیو پۆستەکە چۆڵ بوو. دواتریش ئێران لەڕێگەی کەڵەگایی حیزبەکەیەوە لە لوبنان میشیل عەونی بۆ ماوەی شەش ساڵ بەسەر لوبناندا سەپاند. لەدوای تەواوبوونی ویلایەتی عەونیشەوە، هەوڵێکی زۆریان دا یان جوبران باسیلی زاوای عەون، یان سلێمان فرنجیەی کوڕەزای سەرۆککۆماری پێشووتر سلێمان فرنجیە بسەپێنن کە لە سەرەتاکانی هەفتاکانی سەدەی پێشوودا سەرۆکی لوبنان بوو.
دوای ئەوەی کە ئیسرائیل بەشی هەرەزۆری توانا سەربازیی و ئەمنیی و ئابووریی و مرۆییەکانی حیزبوڵڵای وێران کردوە، ئیدی باسکردنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار هەر بۆ خۆی ئاماژە هەرە سەرەکییەکەی تەواو لاوازبوونی هەژموون و کەڵەگایی ئێران و حیزبەکەتی لە لوبنان.
میقاتی سیاسیی و بزنسمانێکی دەوڵەمەدنی سوننەی لوبنانە. چەندین جار وەزیر و پەرلەمانتار بوە. ساڵی ٢٠٠٥ کە رەفیق حەریریان کوشت، وەک کاراکتەرێکی میانڕەوی قبووڵکراو لەهەموو لایەکەوە بۆ ماوەی سێ مانگ سەرۆکایەتی حکومەتی کاتیی وڵاتەکەی گرتە ئەستۆ، کە مەرجەکانی سەرپەرشتی هەڵبژاردنێکی شەفاف و بێلایەن و بەڵێندان بەوەی خۆی و وەزیرەکانی کابینە کاتییەکەی خۆیان کاندید ناکەن. ئەرکەکەی وەک خۆی جێبەجێ کرد و بەڵێنەکەشی وەک خۆی بەجێ گەیاند. ئەمە متمانەی زیاتری پێ بەخشی. دواتر بۆ جاری دووەم بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە سەرۆکایەتی حکومەتی کرد و ئیستیقالەی کرد. بۆ دواجاریش ساڵی ٢٠٢١ لە کاتێکدا سەرۆکایەتی حکومەتی گرتە ئەستۆ کە وڵات و سەرلەبەری سەروەریی و بڕیارەکانی لەلایەن ئێران و حیزبەکەی لەلوبناندا قۆرخ کرابوون.
بۆیە لە دۆخێکی وادا و لەلایەن پیاوێکی وەکو نەجیب میقاتییەوە کە بەوە ناسراوە هەرگیز تووڕە نابێت و پەرچەکرداری خێرای نیە، لێدوان و هەڵوێستی لەوجۆرە بەهێز و توند لەدژی ئێران کاریگەرییەکانی لە ژەهر کاریگەرتر دەبن. ئەمە ئەو زەبرە کوشندەیەیە کە هیچ شتێکی دیکە ناتوانێت قەرەبووی بکات. ئیدی چرکەساتی میقاتیی ئەگەر پاشەکشە نەکات، کاریگەرترین وەرچەرخانی هاوکێشە کارەساتبارەکانی دەیان ساڵی ڕابردووی ناوچەکە دەبێت.
وەبیرتان دێنمەوە کە سێ کەیسی چارەنووسسازی لوبنان (بڕیاری ١٧٠١، شەڕڕاگرتن، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کە لە وتاری دیکەدا وردتر دێمەوە سەری) یەکتر تەواو دەکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن