349وتار

دوابڕیاری دادگای فیدرالی، زەمانەتەکەمانی لێکردین بە تەڵە

1/28/2023 9:27:00 AM
سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

نۆ ساڵە باس لە کێشەیەکی گەورە لە بونیادی نوێنەرایتی کورد لە بەغدا دەکەم، بەداخەوە یان وەرنەگیراوە، یان بەڕێز و تەقدیری زۆرەوە وەرگیراوە، بەڵام کار بۆ چارەسەرکردنی نەکراوە، ئەمە باسێکی قووڵترە و لێرە جێی نابێتەوە. تەنها هێندە بەسە بڵێم کە لە ساڵی ٢٠١٤وە پرۆژەکەم بە زۆر بابەتی دیکەی دانوستاندن و مسۆگەرکردنی جێبەجێکردن ڕێکەوتنەکان لەگەڵ بەغدا کە هیچ جارێک ئەوان ئیلتزامیان نەکردوە.

ڕێکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی سودانی لەجیاتی مسۆگەرکردنی مافە دەستووریەکانمان لێمان بوە بە تەڵە، و تەڵەیەکی خراپیشە.

بەپێی هەمان ڕێککەوتن دەبێ یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێ.

پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای دیدی ستراتیژی بۆ ململانێ و هێنانەدی بەرژەوەندی بینا دەکرێت، هەر کارێکی هەنووکەیی، یان کردارێکی جیاواز پێویستە بەشێک بێت لە زنجیرە کردار و بڕیارێک کە لە کۆی گشتیی و لەدوا دەرەنجامدا هیچ نین جگە لە زنجیرە کردار و بڕیاری تەکتیکی بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی. ئەمە سروشتی کاری سیاسی و ئیدارەدانی ململانێیە لە ئاستی ستراتیژیدا، کە بەداخەوە کورد زۆر دەگمەن نەبێت بەمجۆرە زانستییە سیاسەتی نەکردوە.

لەم سۆنگەیەوە دوا بڕیاری دادگای فیدرالی هیچ نیە جگە لە تاکتیکێک بۆ پێکانی ئامانجێکی ستراتیژی ترسناک دژ بە کورد و کوردستان، کە لەڕێگەی گۆڕینی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی سودانی لە ڕێککەوتنێکەوە کە مافەکانمان مسۆگەر دەکات بۆ تەڵەیەک کە بۆمان نراوەتەوە تاکو لە ناویدا گەمارۆ بدرێین پیلانە ترسناکەکە لەدژمان جێبەجێ بکەن. ئەم بڕیارەی دادگا بەشێکە لە زنجیرەیەک کە پێشتر یەکێکی تر لە هەڵقەکانی دەرکردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی هەرێم و بڕگە ترسناکەکانی لەلایەن هەمان دادگاوە.

بەم دوو بڕیارە دادگای فیدرالی هەموو بنەما یاساییەکانی مافە داراییەکانی هەرێمی نەهێشت، ئەمەشی لەچرکەساتێکدا کردوە کە بەم بڕیارەی دوایی کە ناردنی پارە بۆ هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە، ویستی تەڵەکەمان لەسە دابخات. دۆخەکە بەمجۆرەی خوارەوەیە:

بەبڕیاری ساڵی پاری گەمارۆیەکی ترسناک دەخاتە سەر فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێم بەمەش سەرچاوەی سەرەکی داهاتمان ناهێڵێت، هاوکاتیش بەدوا بڕیاریشی دۆخێک دەسەپێنێت کە هیچ پارەیەک لە بەغداوە نەنێردرێت بۆ هەرێم. تەوقیتی ئەم بڕیارە هاوکاتە لەگەڵ کۆمەڵە مەسەلەیەکی زۆر گرنگ کە هەر سەرەکیترینیان بریتیە لە دەرچواندنی یاسای بودجەی فیدرالی لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە، لەگەڵ دەرچواندنی یاسای نەوت و گاز. بەمەش هەرێم لە کاتی دانوستاندن لەسەر هەردوو یاساکە دەکەوێتە ناو گەمارۆیەکی خراپەوە و گوایە هیچ ڕێگەیەکی دەربازبوونی بۆ ناهێڵنەوە جگە لە تەسلیم بوون بەنیازی ترسناکیان سەبارەت بە لەقاڵبدان و بچووککردنەوە قەوارەکەمان تا دەگاتە کارکردن بۆ لەناوبردنی.

سەبارەت بەیاسای نەوت و گازیش، ئەو یاساکەی ئێمەی هەڵوەشاندۆتەوە و ئەگەر بتوانێت لە ئاستی دەولیدا بڕیارەکەی دادگاکە جێبەجێ بکات، ئەوا بەیەکجارەکیی سەرچاوەی هەرە سەرەکیی داهاتمان لەبەین دەبات، لەکاتێکدا کە دەوڵەتی (مەرکەزی، نەک فیدرالی) عیراق خۆی هیچ یەکێک لەم کێشانەی نیە.

کەواتە سەلەربەری مەسەلەکە پیلانێکی ستراتیژی دوورمەودای تۆکمەی ترسناکە کە دەرودراسێی ناسراو بە دەستڕەنگینیی لە هونەری فەرشچنیندا بەوردیی نەخشەیان بۆ کێشاوە و لەناو نەخشەکەدا قۆناغبەندییان لە تاکتیکی جیادا بۆ کردوە. هەر کەسێک ئەم دوا بڕیاری دادگا تەنها لە سۆنگەی نیقاشی یاسایی و هەنووکەییدا کورت بکاتەوە، لە ئەسڵی مەسەلەکە و پیلانە ترسناکەکە نەگەیشتوە.
دوای خستنەڕووی ئەم دۆخ و پیلانگێڕییە هەمەلایەنە ترسناکەدا، ئایا ئێمە دەتوانین ململانێ بکەین و سەرکەوتنیش بەدەست بێنین؟ بێگومان دەتوانین، بەڵام ئەمە باسێکی دوورودرێژە مەگەر دواتر و لەدەرفەتی تر بێینەوە سەری، بەڵام سەرلەبەری دۆخی تەفاوزیمان واتا (الموقف التفاوضي) کە باڵانسی هێزی نێوان کورد و نەیارانی یەکلا دەکاتەوە، بەندە بەو کۆبونەوەیەی سبەینێی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتییەوە.

پێویستە هەردولا ئەوە بەوردی بزانن، کە جگە لە گەلەکەمان هەموو نەیار و دوژمنە لە کەمین نیشتوەکان بۆمان چاویان لەسەر ئەنجام و لێکەوتەکانی ئەو کۆبونەوەیەیە. بۆیە ئێمە مەحکومین بەوەی سبەینێ هەردوولا زۆرترین سازش بۆ یەکتر بکەن تاکو بتوانن بە هەڵوێست و پلانێکی هاوبەشی واوە دەربچن کە بمانخاتە ئاستی سەرکەوتن بەسەر پیلانە ترسناکەکان و لەم بوارەشدا دەبێ ئەوە تەئکید بکەمەمە کەئێمە هێندەش لاواز و بێکارتی بەهێزی یاریکردن نیەن، بەڵام هەر هەمووی بەندە بە یەکڕیزیی خۆمانەوە.

 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن