25وتار

دەنگدەرە یەکلاکەرەوەکەی ئەمجارە

10/23/2024 1:48:00 PM
سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

ئەوەی ئێستا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت جۆریکی سەیر و تازەی جەنگە. ئاخر ئەمە چ جەنگێکە کە ئیسرائیل پێشوەخت خەڵکی ناوچەیەک، یان گوندێک ئاگادار دەکاتەوە تا مەودای زیاتر لە کیلۆمەترێک چۆڵ بکەن. لەو لاشەوە ئێران بەرلەوەی مووشەکباران بکات، لەڕێگەی ناڕاستەوخۆ بەرامبەر لە سات و ئامانجەکانی هێرشەکەی ئاگادار دەکاتەوە. بەمەش هەردوولا خۆیان لە یەکێک لە هەرە گرنگترین ڕەگەزەکانی شەڕ و بەتایبەتیش بۆمباران بێبەش دەکەن، کە بریتییە لە ڕەگەزی غافڵگیرکردنی بەرامبەر. لەسەرەتاوە ناوی (جەنگی کۆنترۆڵکراو)م لەم جەنگە ناوە. ئێرە جێگەی باسی وردەکاریی ئەم جەنگە نیە، بەڵام ئەمجۆرە جەنگە دەرفەتێکی بێئەندازە بێوێنە و زێڕینی بەخشیوەتە ئیسرائیل.
لەمجۆرە جەنگەدا ئێران بەهەڵەداوان هەموو وڵاتان دەگەڕێت تاکو ئەمریکا هەموو توانای بخاتە کار بۆ کۆنترۆڵکردن و سنووردارکردنی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئیسرائیل تا ئەو ئاستەی ئێران بتوانێ بەرگەی بگرێت. ئەمە چەندین دەستکەوتی جۆراوجۆری بەخشیوەتە ئیسرائیل کە لێرەدا تەنها یەکێکیان باس دەکەم. دەمێکە نەتەنیاهۆ هەر یەک لە کەماڵا هاریس و دۆناڵد ترامپی خستۆتە پێشبڕکێوە بۆ ڕازیکردنی ئیسرائیل و کامیان ئامادەیە زۆرترین سازش بۆ خواست و سیاسەتەکانی ناتەنیاهۆ بکات و زۆرترین هاوکاری ئیسرائیل بکات. لێرەشەوە ئێستا ئەم هێرشە چاوەڕوانکراوەی بۆ سەر ئێرانی کردۆتە دەستکەلایەک بۆ گەرمکردنی ئەو پێشبڕکێیە.
ئیدارەی بایدن وەکو دەوڵەت لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ ئیسرائیل، هاوکاتیش ترامپ چەندین جار پەیوەندی لەگەڵ نەتەنیاهۆدا کردوە. ئیدارەی ئێستا و هاریس دەیانەوێت لاینکەم ئەو هێرشە بکەوێتە پاش هەڵبژاردنی ئەمریکا، لەوەش زیاتر ئەگەر بۆیان کرا ناتانیاهۆ قایل بکەن بەوەی کوشتنی ڕابەرانی حەماس و حیزبوڵڵا دەرفەتێکی باشە بۆ ئاگربەست و تەنانەت ڕێککەوتنێکیش. ترامپیش هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە قایلی بکات هێرشەکەی پێش هەڵبژاردن بکات و تا دەکرێت زۆر سەخت و قورس بێت، تەنانەت کێشەی ئەگەر هێڵە سوورەکانی جەنگە کۆنترۆڵکراوەکەش تێبپەڕێنێت، بەتایبەتیش زەبری توند بەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران بدات. لەبەرامبەردا هاریس و بایدن لانیکەمی خواستیان لەم حالەتەدا ئەوە دەبێت کە هێرشەکە کۆنترۆڵ بکەن و تا خوارترین ئاستی سنوورداری بکەن. لەو نێوانەدا نەتەنیاهۆ وەستاوە چاوەڕێیە کام کاندید زۆرترین سازشی بۆ دەکات.
بایدن و ئیدارەکەی توانیان بە سازشی قورس ئاستی هەڵاوسان دابەزێنن و بەمەش ترسی بومەلەرزەیەکی ئابووریی و داراییان تێپەڕاند، لەوانەش ئازادکردنی پارەیەکی زۆری ئێران کە نرخی فرۆشتنی نەوتی ئێران بوو بە کۆریا. کە بیرمان دەکەوێتەوە، بومەلەرزەی لەوجۆرە ساڵی ٢٠٠٨ یەکێک لە کاریگەرترین هۆیەکانی سەرکەوتنی ئۆباما بوو، ئەو کاتە ترسناکیی ئەم باسەمان باشتر بۆ دەردەکەوێت. دەتوانن وردەکاریی ئەم مەسەلە ترسناکە لەم وتارەدا بەناوی کۆنگرەکەی جاکسن هۆڵ ببینن. ئەو کاتە باشتر دەردەکەوێت کە زەبرێکی توندی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزارەوە نەوتییەکانی ئێران چ کاریگەرییەکی ئینقلابیی دەبێت لە چارەنووسی ئەم هەڵبژاردنەدا، بەتایبەتیش ئێران هەڕەشەی ئاشکرای کردوە کە لە حاڵەتی وادا هێرش دەکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی کەنداو و سعودیە. بەمەش نرخی نەوت بەجۆڕێک دەفڕێت کە پێشتر ڕووی نەدابێت. کێشەیەکی دیکەی ئەم فاکتەرەش لەوەدایە کە ترامپ لە کەیسی ئابووریدا متمانەی زۆرترە.
لەم هەڵبژاردنەی ئەمریکادا نەتەنیاهۆ ئەو دەنگدەرە یەکلاکەرەوەیەیە کە کارتی چوونە کۆشکی سپی لە گیرفاندایە، بەڵام لەمە زۆر سەیرتر ئەوەیە کە بۆ یەکەمجارە کە دەنگدەرە عەرەب و موسڵمانەکانی ئەمریکا دەتوانن ئەم کارتەی لێ بسێننەوە، یان بەیەکجارەکیی بۆی مسۆگەر بکەن. وەک هەر هەڵبژاردنێکی پێشتری ئەو وڵاتە هەریەک لە هاریس و ترامپ چەند بەشی خۆیان لە ویلایەتەکان بۆ خۆیان یەکلا کردۆتەوە، بەڵام لەو نێوانەدا حەوت ویلایەت ماون کە بۆ هیچ لایەک یەکلا نەبوونەتەوە، هەربۆیە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە کەوتۆتە دەست دەنگدەرانی ئەو ویلایەتانە کە بریتین لە (ئەریزۆنا، پێنسلڤانیا، میشیگن، جۆرجیا، نیڤادا، وێسکینسن، کارۆلینای باکوور). بۆ ئەوەی هاریس ئەم هەڵبژاردنی بەرێتەوە دەبێ هەندێک لەوانە بباتەوە کە بە دیواری شین ناو دەبرێت.
دەنگدەری عەرەب و موسڵمان لە ئەمریکا ئەو سەنگەیان نیە بتوانن هەڵبژاردن یەکلا بکەنەوە، بەڵام ئەمجارە دەتوانن هاریس تێک بشکێنن بەبێ ئەوەی دەنگ بە ترامپیش بدەن! ئەمجارە کاندیدێکی تر هاتۆتەوە مەیدان، کە خۆشی دەزانێت ناتوانێ بچێتە کۆشکی سپی، بەڵام ئانجی تێکشکاندنی هاریس و دیموکراتەکانە. خاتوو جیڵ ستاین پزیشکێکی جووی بەڕەگەز ڕووسە، چالاکی ژینگەیە و چەندین خەڵاتی ئەو بوارەی هەیە. لایەنداری چارەسەری دوو دەوڵەتە بۆ کێشەی فەلەستین. پێشتر چەند جارێک کاندیدی پارتی سەوز بوە بۆ حاکمی ویلایەت و وەزیری دەرەوە، بەڵام شکستی هێناوە، ئەوە چەند جارێکیشە کاندیدی ئەو پارتەیە بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا. ترسناکیی حزووری ئەم کاندیدە لەوەدایە کە بەگشتی عەرەب و موسڵمانەکان، بەتایبەت ئەوانەی ویلایەتە یەکلانەکراوەکان دەنگی دەدەنێ.
ئەم مەسەلەی هەر وا ئاسان نیە کە دەردەکەوێت. بەڵکو هێندە ترسناکە کە دیموکراتەکان ئەمساڵ پەنایان بردە بەر دادگا تاکو ناوی لەسەر فۆرمی دەنگدانی ویلایەتی وێسکنسن لابدەن، بەڵام شکستەیان لەم هەوڵەیاندا هێنا. جیڵ ستاین ساڵی ٢٠٢٠ خۆی کاندید نەکرد، ئەو کاتە بایدن زۆر بەئاسانیی وێسکینسنی بردەوە، بەڵام ساڵی ٢٠١٦ کە خۆی کاندید کرد، ٣١ هەزار دەنگی ئەو ویلایەتەی بردەوە، بەمەش ترامپ بە جیاوازیی تەنها ٢٤ هەزار دەنگ هەموو دەنگەکانی (مەجمەعی ئینتیخابی) وێسکینسی لە هیلاری کلینتن برەدوە، کە دواتر لە بیرەوەرییەکانیدا بە حەسرەتەوە باسی ئەمەی کرد. باشە ئەگەر ئەم هاوکێشەیە ئەوەشی بێتە سەر کە دەنگدەری عەرەب و موسڵمان دەنگی بدەنێ ئەوا بە دڵنیاییەوە هاریس هەندێک لەو ویلایەتانە دەدۆڕێنێت، بەمەش ترامپ دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی.
جیڵ ستاین لە ساڵی پارەوە بە جەمەدانەی فەلەستینییەوە، بەشداری چالاکانەی لە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆکانی ئەمریکادا دژ بە جەنگ غەزە کردوە و لەگەڵ دەیان خوێندکاردا دەستگیر کراوە. لە دوا لێدوانەکانیدا ئەم جەنگە بە جەنگی ئیسرائیل ناو نابات، بەڵکو بەجەنگی ئەمریکا لە دژی فەلەستین ناوی دەبات. بەڵام وێڕای ئەوەی ناکرێ لایەنی مەبدەئی ئەم ژنە لە پشتگیریکردنی فەلەستین لەبەرچاو نەگرین، بەڵام لە دۆخی لەمجۆرەدا ناکرێ یارییە شاراوەکانی ناو کایەی سیاسەت بەگشتیی و پێچوپەناکانی گەمەی هەڵبژاردنیش بە دوور بگرین، ئەگینا هیچ تەفسیرێک نامێنێتەوە بۆ کاری لەمجۆرە جگە لە حەماقەت. چونکە زۆر بە کورتیی و بە کرداریش سەلماوە کە سەبارەت بە پشتگیری ئیسرائیل ترامپ لە هەر کەسێکی تر توندترە. ئاخر سەیرە ئەگەر بەو ماوە کورتە بیریان چووبێتەوە، کە ترامپ سەفارەتی ئەمریکای گواستەوە بۆ قودس کە پێشتر هیچ سەرۆکێک نەیوێراوە بیکات. جگە لەوەش هەوڵەکانی جارید کۆشنەری زاوای کە بە سەودای سەدە (صفقة القرن) ناو دەبرا.
بەڕەچاوکردنی هەڵوێستی توندی ترامپ، حەماقەت هەر یەک لە جیڵ ستاین و دەنگدەرە عەرەب و موسڵمانەکانیش دەگرێتەوە ئەگەر:
بۆ خاتوو ستاین وەک وتمان، یارییە شاراوەکانی ناو کایەی سیاسەت بەگشتیی و پێچوپەناکانی گەمەی هەڵبژاردن بە دوور بگرین.
بۆ عەرەبیش ئەگەر خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ تێگەیشتنی عەرەب سەبارەت بە سەرلەبەری دۆزی فەلەستین نەکەین کە لەوانەیە پاش ئەم جەنگە هاتبێتە دیی. واتا ئیتر لانیکەم بەشێکی بەرچاویان هەڵوێستیان بەتەواوەتیی گۆڕابێت. ئەم خوێندنەوەیەی دەیخەمە ڕوو، پشت بەو ڕاستییانە دەبەستێت کە بەدرێژایی ئەم جەنگە و پێچەوانەی هەموو مێژوویان عەرەب و موسڵمانان هیچ دەرکەوتن و ناڕەزایەتییەکیان پیشان نەدا، بەڵکو بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەو وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپادا زیاتر دەرکەوتن. سەرباری هەموو ئەوانەش ئەگەر بگەڕێینەوە سەر تەفسیر وخوێندنەوە تەقلیدییەکەی میدیای ئیسلامیی و قەومی عەرەبی ئەوا هیچ شتێک لەوە حەماقەتتر نیە لە دژی هاریس و بایدن پەنا بۆ ترامپێک بەریت کە پێشتر بۆت دەرکەوتوە.
لە دوا ڕۆژ و ساتەکانی پێش هەڵبژاردندا بلینکن خۆی گەیاندەوە ناوچەکە و هەموو توانایەکی دەخاتەوە کار بۆ قایلکردنی نەتەنیاهۆ تاکو ئاگربەستێک بکات کە ببێتە مایەی گۆڕینەوە بارمتە جوولەکە و دیلە فەلەستینییەکان، تاکو وەکو سەرکەوتنێکی گەورە پێشکەش بە جوولەکە و موسڵمانی دەنگدەری ئەمریکای بکات. ئەم ئەگەرەش بەستراوە بەوەی ترامپ بۆ تێکدانی ئەمە چی دەبەخشێتە ئیسرائیل.
ئێستا بنیامین نەتەنیاهۆ دەنگدەری یەکلاکەرەوەی ئەم هەڵبژاردنەیە و کارتەکانی سەرکەوتنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، لێدانی ئێران و ئایندەی جەنگەکە لە گیرفاندایە، بەڵام داخۆ عەرەب و موسڵمانەکانی ئەمریکا لێی تێک دەدەن یان هاوکاریی دەکەن؟ دەبێ ئەوەشمان بیر نەچێتەوە کە ئەستەمە جارێکی دیکە دەنگی عەرەب و موسڵمانەکانی ئەمریکا سنگ و کاریگەریی لەمجۆرەی ببێتەوە، هۆی ئەم کاریگەرییەش دەرکەوتنەوەی جیڵ ستاینە لە پێشبڕکێی گەیشتن بە کۆشکی سپی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن