چەند رونکردنەوەیەکی سادە دەربارەی ئایندە
11/17/2020 9:14:00 PM
د.نیاز نەجمەدین
یەکەم - هیچ شتێک
نییە هێندەی ئایندە لێڵ بێت. ئەگەر زانستی سروشتیی نەتوانێت پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوا
دەقیق بێت، ئەوا پێشبینییکردن لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا قورستریشە.
دووەم- وەک پسپۆڕانی
بواری کارگێڕیی فێریان کردوین، هەر هەنگاوێک دەینێیت هەم مەترسیی تیایە و هەم دەرفەت.
خاڵی لاوازت زۆر
بوو، مەترسییەکان زیاد دەکات. خاڵی بەهێزت زۆر بوو، دەرفەت زیاد دەکات. ئەوان بەمە
دەڵێن شیکاری سوات (SWOT)ٚ. دنیای ئەمڕۆش وایە.
سێیەم - کاتێک ئەڵێین
مەترسیی زۆرە، بۆ ئەوە نییە قوڕبپێوین، بەڵکو بۆ ئەوەیە خاڵە لاوازەکانمان کەم بکەینەوە
و بەهێزەکانمان زیاد بکەین، تا مەترسیی کەم ببێتەوە و دەرفەت زیاد بکات. ئەگەر گەیشتینە
ئەنجامێکی باش و هاریکاری یەکتر بوین، ئەوا پێشبینییە خراپەکانمان یان نایەنەدی، یان
تەنها بەشێکی دێنەدی و درێژخایەن نابن. پێشبینیی ڕەنگە هەڵەش دەرچێت بەو هۆیەوە
زانیاریی پێویست بەردەست نییە و گۆڕانکارییشیان بەسەردا دێت.
چوارەم - ئەزمونی
نوێ وانەی نوێی پێیە، وانەی نوێش بۆی هەیە ئایندە باشتر بکات، وابکات بە زەرەری کەمتر
لە مەترسییەکان ڕزگارمان ببێت. تایوان ئەزمونی پێشتری لەگەڵ هاوردەکردنی ڤایرۆس لە
چینەوە هەبوو. ئەمجارە دەرسیان وەرگرت، قوتابخانە و چێشتخانەکانیشیان دانەخست کەچی
430 کەسێک تووش بوون و شەش کەس مردن.
ئەزمون گرنگە و
سەبرت هەبێت تا تۆش فێردەبیت. فیلمی تایتانیک ڕەنگە دوبارە نەبێتەوە، چونکە ئەزمونی
ژیان کەڵەکەبوو، کەشتیوانان فێربون. تایوانیش لە ئەزمونەکانییەوە فێربوو.
پێنجەم - بازاڕی
خەم کڕیاری زۆرە، بۆیە میدیاش زیاتر خەم دەفرۆشێت، لە کاتێکدا واقیع هێندەش تاڵ نییە.
دەتوانین جاروبارێکیش بێت نەبینە کڕیار لەم بازاڕی خەمەدا و خۆمانی لێ دوربخەینەوە،
لەوەش تێبگەین جیهان پڕە لە ئینسانی باش و لە شوێنێکەوە شنەی شەماڵێک هەر دەگات، وەک
تیمەکانی فیلمی تایتانیک دێن و کۆمەڵێک سەرنشینیش بێت ڕزگار دەکەن.
شەشەم- قەیران
مایەی دڵخۆشیی نییە، بەڵام ئەوەی باشە بڕێک لە وەهمەکانمان ڕادەماڵێت. لە فیلمی تایتانیکدا،
پێویستیان بە بەلەمی زیاتر بوو، کەچی ئەوەی زیاتر بەرهەمیانهێنابوو کاڵا و خزمەتگوزاریی
کەشخەچێتیی بوو.
حەوتەم - دوای هەموو
شت، بڕێک خۆراگریی و ئارامیی لە ڕۆژانی سەختدا گرنگن. ژیان گرێبەستی نییە لەگەڵماندا
کە دەبێت هەمیشە باش بێت بۆمان. وێنە غەمگینەکانی ژیان نابێت بمانوەستێنن و پەکمانبخەن.