نائومێدیی و جیلی نوێ
11/15/2021 9:05:00 AM
د.نیاز نەجمەدین
نائومێدیی خەڵک تەنها پەیوەندیی بە شکستی هەموو ئەو هەوڵانەوە نییە کە بۆ باشکردنی حوکمڕانیی هەرێم دران، بەڵکو پەیوەندیی بە عێراقیشەوە هەیە کە هەفتەی پێشوو خەریک بوو سەرۆکی حکومەتەکەی بکوژن. پەیوەندیی بە تەواوی وڵاتانی دراوسێشەوە هەیە کە ناسەقامگیرن و لە شەڕدان، بە کەوتنی تەواوەتیی لیبیا و لوبنان و یەمەنیشەوە هەیە.
خەڵکەکە هەست ئەکەن شنەی با لە هیچ شوێنێکەوە روو لەم دەڤەرە ناکات، دەنا ئێرەشی فێنک دەکردەوە و دەکەوتنە شەن کردن. ئەوان هەست ئەکەن چوار فەسەڵە گڕەیە. گرنگ نییە هەڵەن یان راستن، ئەم نائومێدییە زیانی گەورەی هەیە، لەوانە کۆچکردنی سامانی مرۆیی و ماددییمان. ئەوەی چوار گەشتیار و چوار کارمەندی بیانیی لێرە دڵخۆش بن شتێکی ئەوتۆمان لەسەر ئێرە بۆ ناگێڕێتەوە. حیکایەتی هیچ وڵاتێک لای گەشتیارەکانی نییە، لای ئەو کارمەندە بیانییانەش نییە کە بۆ کارکردن و پارە خڕکردنەوە هاتون، بەڵکو لای خەڵکی ئەسڵیی وڵاتەکەیە. تاڵاوی وڵات راستەوخۆ بە قوڕگی ئەواندا ئەچێتە خوارەوە.
وایە چیرۆکەکە هەمووی هەرێم نییە و وڵاتانی زلهێزیش غەدرمان لێ ئەکەن، بەڵام من نازانم بۆ عەیبی ئەم هەرێمە بشاردرێتەوە و بۆ پێت شەرم بێت بڵێی: بەڵێ ئێمەش بەشێکین لە دروستکەرانی ئەو غەدر و نائومێدکردنە؟
بەهەرحاڵ، خەڵکی عێراق و هەرێم ناتوانن بە سەرهەڵگرتن رزگاریان بێت. تۆ یادەوەرت لێرە جێدەمێنێت، کەسوکار و ئازیزانت لێرەن، بۆ هەر کوێ بڕۆیت لێت نابنەوە و ئەستەمە ئاسودە بیت. ئەو رقەی ئەمڕۆ لە وڵاتەکەتت گرتووە، چەند دوور بڕۆیت نەرمتر دەبێتەوە. من لۆمەی کەس ناکەم لەسەر سەرهەڵگرتن، ئەڵێم ئیشەکە بەوە مەیسەر نابێت.
ئێمە پێوسیتمان بە سەرکردەیە، بەڵام لە مۆدێلە کۆنەکەی نا. ئەزمەی گشتگییر ئەوەمان پێ ئەڵێت کە هەموو شتێک لەم وڵاتەدا پێویستی بە پێناسەکردنەوە هەیە، لە خوێندکارەوە بۆ مامۆستا، لە ژنەوە بۆ پیاو، لە نەتەوەوە بۆ دەوڵەت، لە حزبەوە بۆ حکومەت، تا بە چەمکی سەرکردەش دەگات.
سەرکردە لە زەمەنی جیاوازدا ئیشی جیاوازی هەیە. ئەگەر گەشەیەک رویدا، ئیشی ئەو پارێزگاریکردن و درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو گەشەیەیە، ئەوەشە بە خەڵک بلێت "فریو مەخۆن، هیچ گەشەیەک نییە بەردەوام بێت". لە کاتی قەیراندا، ئیشەکەی ئەوەیە نائومێدیی بڕەوێنێتەوە. سەرکردە کەسێکە بەردەوام دەتوانێت خەون بەرهەم بهێنێتەوە، پێکەوە لەگەڵ تیمی جیاوازی ئەو وڵاتە ئامانجی دوور و نزیک دەستنیشان بکەنەوە، وزە بە خەڵک ببەخشێتەوە تا کار بۆ هێنانەدی ئامانجەکانیان بکەن. سەرکردە سیاسییەکانی ئێستای ئێمە بەرهەمهێنەری خەونی هاوبەش نیین، بەڵکو لەباربەری خەونن.
سەرکردە کەسێکە خاکیی، چیتر کەسێک نییە خۆی لە خەڵک بکات بە 'خودا'، هێندەش بێ دەسەڵات نییە هیچ کێشەیەکی پێ چارە نەکرێت.
سەرکردە کەسێکە جێی متمانەیە، خۆفرۆش نییە. کەسێکە لە زمانی هاوچەرخ و پێداویستییەکانی تێدەگات، خۆی بە مەعریفە پڕ چەک دەکات. ئەیبینیت بەردەوام خەڵکی ماقوڵ و بەتوانا لە چواردەوریانن و لەگەڵیان بییر دەکەنەوە و پلان دائەنێن.
سەرکردە پاڵنەری سەرهەڵگرتنی خەڵکەکەی نییە، خۆی دەست هەڵئەگرێت کاتێک دەرەقەتی زەمەنەکە نایەت. هەر کەسێکە (با لە سیاسەتیشدا نەبێت) توانای فێربون و دەرسوەرگرتنی هەیە، ناکەوێتە ژێر کاریگەریی پۆخڵەواتەکانی رابردوو.
بەکورتی سەرکردایەتیکردن پۆست و پلە نییە، ئەو ئیرداە و عەقڵەیە توانای کاریگەریی و گۆڕانکاریی هەیە لە هەر روبەرێکدا بێت.
ئەم سیفەتانە نەک لە سیاسییەکانی ئێمەدا نیین بەڵکو لەناو ئێمەی ئەکادیمیی و لەناو رۆشنبییرەکانیشماندا زۆر کەمن.
جیلی پێشوو و ئێمەش شکستمان هێنا نەک لە گۆڕانکاریی بەرەو باشتر بەڵکو لەوەش چوار سەرکردە بۆ ئەم رۆژگارە سەختە دروست بکەین. ئێوەی جیلی نوێ ئەتوانن ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە. جیلی نوێ ئەتوانن ببن بە سەرکردە. سەرکردە کەسێک نییە کە لە دایک ئەبێت، بەڵکو شتێکە دروست ئەکرێت.
ئەو رێگایە ئاسانە؟ نەخێر، کارکردنی ئەوێت. بەڵام لە توانادایە؟ بەڵێ بێگومان، مێژووی مرۆڤایەتی پرە لە کارەسات، لە هەمان کاتیشدا کارەساتەکان بەردەوام مرۆڤی گەورەی خاوەن ئیرادە و مەعریفەی بەرهەمهێناوە کە چارەسەریان بۆ کێشەکان دۆزیوەتەوە، وایان کردووە سبەینێ لەمڕۆ باشتر بێت.
ئەم وڵاتە بۆ کوێ بگوازینەوە؟ مەجالی تیا نییە و قەدەری خۆمانە کەوتینە ئەم قۆناغە مێژووییەوە. ناشتوانین تەسلیم ببین، تا ئەو کاتەی ژیان لەسەر زەوی بەردەوام بێت، هەوڵ بۆ باشترکردن ئەبێت بەردەوام بێت.
لە پەراوێزدا با بڵێم، سلێمانیش بەشێکە لە شکستەکان، بەشی خۆیشی جوانیی پێشکەش کردووە. دڵمان لێی عاجز ئەبێت، توڕە ئەبین، بەڵام هەمیشەش لە ناخماندا خۆشەویستە، کەس سود لە شکاندنی یان پیرۆزکردنی نابینێت. ئەکرێ نمونەیەکی باشتری بۆ خۆمان لێ دروست بکەین و بۆ ئایندەشی جێهێڵین.