50وتار

سلێمانی وەک شارێکی گەرم

2/19/2025 10:12:00 PM
د.نیاز نەجمەدین

سلێمانی شارێکی گەرمە، تەنها لە رووی سیاسییەوە نا بەڵکو لە رووی کۆمەڵایەتیی و کارگێڕییشەوە. 

ئەگەر لە رووی سیاسییەوە زمانی زبرە، ئەوا لە رووی کۆمەڵایەتییەوە شارێکی زمانشیرینی میواندۆستە. "رۆحە شیرینەکەم" و "دڵەکەم" و "گوڵەکەم" وشەی رۆژانەی ناو خەڵکن. کاتێکیش دێتە سەر قسەی خۆش، ئەگاتە شەڕەجوێنێک رووی مەجلیسی گشتیی نامێنێ. خۆ کە بێتاقەت ئەبیت، وەک چۆن لە رووی سیاسییەوە هەڵوێستی هەیە، ئاوا دە کەس بەسەر سەرتەوەیە و هێندە خۆشەویستیی وەرئەگریت کە بەرامبەر خۆت شەرمەزار ئەبیت. ئینجا بە خۆت نازانیت شەوە و مەجلیس رێکخراوە و لە شوێنێک لەگەڵ هاوڕێکانت کۆبوویتەتەوە. لەم مەجلیسانەدا، چیرۆکەکانت، بە روداوە نەشیاوەکانیشییەوە، ئازادانە باس ئەکەیت، گۆرانیی ئەڵێیت، وێنە ئەگریت و بە دڵی خۆشەوە ئەڕۆیتەوە بۆ ماڵەوە.

بەختێکی باشە کچێکی سلێمانی هاوڕێ، یان کەپڵت بێت. ئەگەر بیانەوێت دڵت خۆش بکەن، سەپرایز(یان بە تەلەفوزی خەڵک: سوپرایز)ی هێندە سەیر و سەمەرەت بۆ ئەکەن تا ماویت لە بیرت نەچێتەوە. زۆرزانن و ئاسان نییە بۆ تۆی پیاو بیانخەڵەتێنیت بەوەی یەک دڵت هەیە کە ئەوە. ئەوان لەوسەرییەوە هاتوونەتەوە، ئەزانن رەنگە یەک دڵت هەبێ، بەڵام بە دە دەستی ژێر بەژێرەوە. تۆ وای پیشان ئەدەیت کە دووشەش لە دەستدا نییە و ئەوان سوک و ئاسان لە دەستدا ئەیتۆپێنن، مەگەر خۆیان چاوپۆشییت لێ بکەن.  

هێشتا دانولەی ماڵ و خۆشەویستیی، ماڵ و ئازادیی پێکەوە ناکوڵێن. کچانی شار تەنها راقیی و زەوقجوان و بۆنخۆش نین، بەڵکو خۆیانت بەسەردا ئەسەپێنن. ئەوان لە وڵاتەکەدا کەم وێنەن لەوەدا کە بێدەنگ نابن، ئەیانەوێت ئازادانە پیاسە بکەن و بێن و بچن، مافی کارکردن و پاشەکەوتیان هەبێت، مافی سەفەر و گەڕانیان هەبێت، هتد. بەڵام هێندە موجەررەدیان کردووەتەوە رۆژانە ئەکەویتە ناو گفتوگۆی "ئەی تۆ بۆ وا ئەکەیت و ئەی من بۆ نەیکەم؟". بە کورتیی "من من" و "تۆ تۆ"یی خستوینییەتە ناو شەڕێکی رۆژانەی تاقەتپڕوکێنەوە، مناڵ و باوک و دایکیشی کێشاوە بە یەکدا. خۆشەویستیی تا رادەیەک شکستی هێناوە لەوەی هەمئاهەنگیی و پێکەوەژیانێکی ئارام دروست بکات. لەناو بەشێکی زۆری خێزانەکاندا رێککەوتن لەسەر چوون بۆ ماڵێکیش ئاسان نییە. شەڕی پڕوکێنەر لەملا و تامیی تامیی دنیای نوێ بەوانەی خۆیان لە هاوسەرگیریی و خۆشەویستییدا قفڵ کردووە لەولا، وایکردووە خەریکە ژمارەی ئەوانەی دژی هاوسەرگیرین زیاتر بێت لەوانەی ئەیانەوێت هاوسەرگیریی بکەن.  هاوسەرگیرییش نەبێ، خۆشەویستییکردن بەبێ شەڕی قورس زەحمەتە لەگەڵ کچی سلێمانی تێپەڕێت. 

شوێنی کارکردنیش بە نزیکەیی ئاڵاوەتە ململانێوە. بەڕێوەبەرەکان ئەیانەوێت دەسەڵات کۆنتڕۆڵ بکەن و هەموو شتێک بە دەست خۆیانەوە بێت، بەڵام بۆیان ناچێتەسەر. نازانم تۆ، بەڵام من ئەوەم زۆر بە دڵە کە خوێندکار و کارمەندی ئەم شارە ( بە کچەکانیشیانەوە کە نایانەوێ بۆ خوێندن و کارکردن تەسلیم ببن) دەنگ هەڵئەبڕن و قبوڵی شکاندن و سەرپێشۆڕکردن ناکەن ، بەڵام دیوەکەی تری ئەوەیە ململانێکە هێندە سەخت ئەبێتەوە کە ئیدی کارکردن تامی نامێنێت. ئەبێت یەک تانکی وزە خەزن بکەیت بەس بۆ شەڕی رۆژانەی شوێنی کارکردن. 

کاتێکیش دێتە سەر بەراوردکاریی، سلێمانی ئەم فەوزایانە و زۆر شتی تری خۆی کە من بە رووکەشیی باسم کردن، باس ناکات. پتر لوتبەرزە و بە شان و باڵی خۆدا هەڵ ئەدات. راستە شارەکە نوێنەرێکی بەهێزی بەرگرییە لە ئازادیی و دژ بە ستەمکاریی لە ناوچەکەدا، بەڵام خۆبینین وەک ئەوەی تەنها تۆ هەیت و ئەوانی دیکە هیچ نین وێنەیەکە لەو وێنانەی زەرەرمان لێ کردووە.  
بە کورتیی، دەسەڵاتی سیاسییەکان بەرامبەر خەڵک، پیاوان بەرامبەر ژنانی شار، بەڕێوەبەرەکان بەرامبەر کارمەندەکان کەوتووەتە شلۆقییەوە و ئەمەش باشە، بەڵام دیوەکەی تری ئەوەیە شارەکە ماندووە، هیچ یەکێک لەم ململانێیانە یەکلا نەبووەتەوە و نە گەیشتووەتە سەر رێگەیەک کە ئارامیی و سەقامگیریی بهێنێت، پرە لە کێشمەکێش و بەریەککەوتن، توڕەبوون و شکاندن. من وا تێئەگەم پێویستمان بەوە هەیە کەمێک خاو ببینەوە، تەنانەت یەک تۆزیش بێت توڕەبوون کۆنتڕۆڵ بکەین، کەف و کوڵ دامرکێنینەوە، لوتبەرزییەکەمان داگرین، کراوەتر و فراوانتر بیربکەینەوە و بجوڵێینەوە. شاری دەگمەن ئەوانەن کە ئەتوانن رەخنەی خۆیان بکەن و بگۆڕێن. وەک جەیمس کلیەر لە کتێبی نەریتە گەردیلەییەکان (Atomic Habits)دا باسی ئەکات، "تۆزێک گۆڕانکاریی، با بڵێین بە رێژەی ١٪" بە کەم مەزانە. سەبرت هەبێت و بەردەوامبە، یەک تۆز گۆڕانکاریی باش لە ماوەی درێژخایەندا رەنگدانەوەی گەورەی ئەرێنیی ئەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن