دەسەڵات و خەڵک
12/23/2021 9:28:00 PM
د.نیاز نەجمەدین
لە هەموو دنیادا دەسەڵات بەشی خۆی ناشیرینە، جیاوازییەکە لە خەڵکدایە. ژیان لەو شوێنانەدا کە خەڵک جیاوازە لە دەسەڵات، باشتر و خۆشترە.
ئەگەر دەسەڵات پڕت ئەکات لە پێناسەی ناشرین و وەزیفەیەکت پێ ئەبەخشێت کە خۆی ئەیەوێ، ئەوا خەڵک ئەو پێناسانە پوچەڵ ئەکاتەوە و رووبەرێکت پێ ئەبەخشێت خۆت بەشدار بیت لە پێناسەکردنی خۆت، ئەگەر دەسەڵات وەک کەرەستە سەیرت ئەکات و لە کوێدا ویستی بە کوشتت ئەدات، خەڵک وەک ئامانجی باڵا سەیرت ئەکات و ئەیەوێت ئەو ژیانە بژیت لەلای خۆت بەهای هەیە نەوەک خەڵوز لە پێناوی نیشتماندا بتسوتێنێت (وەک ئەوەی بەسەر پیشمەرگە بەستەزمانەکەی ئێمە و خێزانەکەیدا هات).
ئەگەر دەسەڵات بایەخ بە خێزانەکەت نادات، ئەوا خەڵک مشوریان ئەخوات.
ئەگەر دەسەڵات یاریی بە لاوازییەکانت ئەکات، ئەوا خەڵک ئەبێت هاوکارت بێت لاوازییەکانت پڕ بکەیتەوە، یان بە لاوازییەکانتەوە قبوڵت بکات.
لە دنیای ئێمەدا هەردوو دەسەڵات و خەڵک زۆر لە یەکتر ئەچن.
ئەوان شەڕ ئەکەن، ئێمەش،
ئەوان رقیان لە یەکترە، ئێمەش،
ئەوان سەد و یەک بیانوویان هەیە بۆ فەرامۆشکردنی یەکتر و پەلاماردانی یەکتر، ئێمەش بە هەمان شێوە.
ئەوان یاریی بە لاوازییەکانمان ئەکەن، ئێمەش واین لەگەڵ یەکتر.
ژیان لە هەرێمی کوردستاندا تەنها لەبەرئەوە قورس نییە کە دیکتاتۆرێک یان دووانی هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەش کە پرە لە وردە دیکتاتۆر.
مەسەلەکە هەر ئەوە نییە دەسەڵاتێکی بێ گوێی خۆپەرستی گیرۆدەبوی ململانێی ناوەکیی بووە بە توشەوە، بەڵکو خەڵکەکەشی سەختە، رەقە، سەرقاڵە بە پووچییەوە، دوو رووە (لەگەڵ خەڵکی بێدەسەڵات و لەگەڵ دەسەڵاتیشە)، کەمتەرخەمە، پڕە لە پێناسەی ناشیرین بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە.
ئێمە دەسەڵاتمان دۆڕاندووە، ئەوەی پێمان ئەکرێت خەڵکە. بەبێ دروستبونی خەڵک و فاسیلەیەک لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا، تراژیدیا و فەشەلی دەسەڵاتە فاشیلەکەشمان بەردەوام ئەبن.