1759وتار

نامۆبوونی بەکاربەر

1/22/2020 10:43:00 PM
د.نیاز نەجمەدین

باسی بۆچوونێکی کۆمەڵناس زیگمۆنت باومان(Zygmunt Bauman 2007)  دەکەم لە کتێبی مەسڕەفکردنی/ بەکاربردنی ژیان Consuming life 2006.
بە رای ئەو، مرۆڤی ئەمڕۆ تووشی دەردێکی رسواکەر بووە، کە بریتییە لە “بینین”. لەم چەرخەدا مرۆڤ وزە و کات و گوژمە پارەی زەبەلاح لە پێناوی ئەوەی ببینرێت، واتە نەبینراو نەبێ خەرجدەکات.
سۆشیال میدیا، لەناویشیاندا فەیسبووک، ئەمڕۆ بڕێکی زۆر لە حەزی بینین تێردەکات، خۆجوانکردن لەڕێی نەشتەرگەرییەوە وێنەیەکی تری ئەم پرۆسەیەیە، يان لەپڕ کچێک دەبینی تەنیا لەپێناوی بینیندا، خۆی رووت دەکاتەوە، حەزی بینین و ناوبانگ تەنانەت دابەزیوەتە ناو قوتابخانەکان و بەشێکی کاراکتەری مناڵانیش پێکدەهێنێت، ئەوانیش دەیانەوێ کە گەورەبوون، یان هەر بە مناڵیی، ناوبانگ دەربکەن.
لەلات سەیرنەبێ بەرپرسی گەورە ببینيت لەپێناوی بینیندا بە رێگایەک خۆی دەربخات، كەسێك “مەڕو بزن” بکات بە قوربانیی بۆ ئەوەی خۆی ببینرێت و بەس، ئیدی هەر بەو شێوەیە.
بە رای باومان، لە قۆناغى پێشوودا کاڵاکان بەپێی پێداویستیی بەرهەمدەهاتن، دەبوو حەزو ئارەزووی “سەلامەتیی” تێربکەن. واتە دەبوو کوالیتییەکی باشیان هەبێ، تەمەن درێژیش بن.
بڕوانە ئەو بینایانەی لە ئەوروپا دوو سەد ساڵ تەمەنیانە، ئێستاش ماونەتەوە، ئەوكات تێركردنی خواست گرنگ بوو، بەڵام لە دونیای هاوچەرخدا، کاڵاکان بچوک بوونەتەوەو بچوکيش نوێنەری “جوانیی”یە. 
کاڵاکان خێرا دێن و دەڕۆن خستنەڕوو هەژمونی کردووە و کاڵاکان خۆیان دەسەپێنن، هەزار و یەک ریکلام یارمەتی فرۆشتنی ئایپاید و ئایفۆن دەدات لەمساڵدا، کەچی ساڵی داهاتوو ڤێرژنی نوێ دێت و هەمان کۆمپانیا ڤێرژنی پێشتر رسوا دەکات. 
باومان نوسیویەتی: قۆناغی چاخی بەردین قۆناغی بەرهەمهێنان بوو لە دەستەوە بۆ دەم، بەڵام قۆناغی سەرمایەداریی قۆناغی زێدە بەرهەم و خەزنکردنە، قۆناغی داگیرکردنی هەموو سپەیسێکە. 
لەگەڵ سەرهەڵدانی سەرمایەدارییدا، بە وتەی کۆلین کامپبێل (Colin Campbell)، بەرخۆریزم یان بەکاربەریزم(consumerism)  جێی بەکاربردنی(consumption)  گرتەوە بەشێوەیەک کە بەکاربردن ئیدی چووە سەنتەری بیرکردنەوەی زۆرینەی خەڵک، ئامانجەکەش گۆڕا بۆ ئەوەی تۆ تەنیا لەڕێی بەکاربردنەوە هەست بە “بوون”ی خۆت بکەیت. 
چەرخی نوێ نەک تەنیا کارمەندی توشی نامۆبون کرد، بەڵکو بەکاربەریش. واتە چەرخی نوێ “نامۆبونی بەکاربەر”ی دروستکرد، بەکاربەریزم وەک هێزێکی کۆمەڵایەتیی تاکەکانی خستە شوێن ویست و ئارەزووەکانی خۆیان و لەم مونافەسەیەدا لە یەکتر دووریخستنەوە و دایبڕین، بەکاربەر کەوتە ناو دونیایەکەوە کە ویست و ئارەزوو و پێداویستییەکانی چیتر هی خۆی نین، بەڵکو سەپێنراوە بەسەریدا و ئەویش وا هەستدەکات تێریان نەکات بوونی لە مەترسییدایە. ئیدی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان گرنگ نین، بەڵکو پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و کاڵا گرنگە و لەوێشەوە مرۆڤ پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەوانی تردا رێکدەخات و هەڵدەبژێرێت. ترسی بون بەژێر پێوە و نەبینین هەستی نامۆبون لای بەکاربەر تۆختردەکاتەوە. 
بە رای من، ئەم نامۆبونە بەشێوەیەکە کە بەجێهێشتنی وڵاتەکەت رزگارت نابێ لێی، چونکە روودەکەیتە بۆ نمونە ئەوروپا و دەبینیت هەمووان غەرقی بەرخۆریزمن و تۆش بێبەشی لێی، سەرباری غوربەتی دوورە وڵاتیی، غوربەتێکی نوێشت توش دەبێ: غوربەتی کڕین!  باومان لێرەدا وەسفەکەی ستیفن بێرتمان (Stephen Bertman)  بەکاردەهێنێتەوە: کەلتوری ئێستایی (Nowist culture) و کەلتوری پەلەپەل، یان خێرا و راکەراک (hurried culture) جێی بەهەموو پەیوەندییەک لەقکرد.
لێکۆڵەرانی بواری پیشەسازیی رستن و چنین گوزارەیەکی تریان هەیە: فاشن یان فاشیۆنی خێرا (fast fashion)، واتە مۆدەی خێرا، جێی فاشیۆنی خاو(slow fashion)ی گرتوەتەوە، كه‌ به‌خێرایی کاڵا ده‌گه‌یه‌نێته‌ بازاڕ.
ئێچ ئاند ئێم (H&M) لە دەستپێکەوە تا بازاڕ، جلوبەرگ بە 3 بۆ 6 هەفتە دەگەیەنێتە دەستی بەکاربەر، مەترسیی ئەم تاعونە رسواکەرە هەر ئەوە نییە لەناوتدا هەستی خۆبەکەمزانین بەهێز دەکات، دەشتخاتە ناو مونافەسەیەکی پڕوکێنەر، بەڵکو ئەوەیە مرۆڤی کردووە بە کاڵا. 
سیستم مرۆڤ ناچار دەکات کە هیچ بۆی گرنگ نەبێ لە وەزیفەکانی خۆی داماڵرێت، وەک کاڵا بەناو سۆشیال میدیا و بازاڕەکانی تردا هاتوچۆبکات، کە مرۆڤ هەمان سیفاتەکانی کاڵای وەرگرت، ئیدی لات ئاسایی بێت ئامادەبێت وەک جوتێک قۆنەرەی “نایک” یان “ئەدیداس” ناوبانگ دەربکات، گرنگ ئەوەیە ناوبانگ دەربکات، گرنگ نییە لە چییدا. 
بەرخۆریزم ژینگەش وێران دەکات، دروستکردنی یەک تیشێرت، هێندەی رۆشتنی ئۆتومبێلێک بۆ ماوەی 13 میل کاربۆن فڕێدەداتە ژینگەوە، جگە لە پرۆسەی ریسایکڵ.
بەڕای من، هزرو نووسینیش هەمان شتیان بەسەردا دەسەپێت، نووسینی کوالیتیی به‌رز، پێویستی بە ماددەیەکی خامی کوالیتییە بیبەیتە کارگەی مێشکتەوە تا کاڵایەکی کوالیتیی بهێنێتە دەرەوەو بیخەيتە بازاڕەوە. ئادەم سمیس وايكرد، بۆیە تا ئەمڕۆ کتێبی “سامانی نەتەوەکان”ی دەخوێنرێتەوە.
 بەڵام لە دونیای هاوچەرخدا ئامانجەکە دەرکەوتنە، بۆیە گرنگ ئەوەیە بنووسیت، ئیدی گرنگ نییە ماددە خامەکەی نووسینەکەت چییەو بەرهەمەکە چی پێداویستییەک تێر دەکات، گرنگ نییە کاڵاکەت ئەسڵە یان عادیی؟ نووسین لەمڕۆدا زوو دەگات و زوو فڕێ دەدرێت، زۆرجار بە کەڵکی ریسایکڵیش نایەتەوە. لە راستیدا، لە سەردەمی پێشوودا مرۆڤ تەمەنی کورت بوو، بەڵام کاڵاکان وەک پەیوەندییەکان تەمەنیان درێژ بوو. لەمڕۆدا مرۆڤ تەمەنی درێژە، بەڵام هەموو شتێکی تر زوو دەمرن.
*مامۆستا له ‌به‌شی ئابووری كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری زانكۆی سلێمانی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن