ئایا لە ئۆکرانیاوە فێر دەبین؟
3/1/2022 2:29:00 PM
د.نیاز نەجمەدین
هەژارترین خوێندنەوە ئەوەیە کە باسی کێشەیەک دەکەیت
دابەشی سەر دوو لایەنی بکەیت، شەیتان و فریشتە، سەرمایەدار و کرێکار، پیاو و ژن،
لادێی و شاریی، هەر بەو شێوەیە. لەم دابەشکردنانەدا، لایەنی یەکەم جەللاد و لایەنی
دووەم قوربانییە. سۆزی تۆش بۆ لای لایەنی دووەم دەچێت و چاوت هەڵەکانی نابینێت.
قسەی تیا نییە کە یەک تۆز هەستی مرۆییت مابێت دڵخۆش
نابیت بە داگیرکاریی. لە کەیسی ئۆکرانیادا، لای من تاوانکارەکە بەس روسیا نییە، بەڵکو
رۆژئاواشە کە خۆی کردووە بە نوێنەری جوانیی (مافی مرۆڤ..تاکخوازیی...دەزگای مشورخۆر..هتد)
و دەیان میللەت و دەوڵەتی کردووە بە دەروێشی مۆدێلەکەی خۆی و کوێرانە دوای دەکەون.
لێرەشدا ئەو هەرچی بکات لێی جوانە و نەیارەکەی تاوانبارە. رۆژئاوا لە ناردنی تیشکی
جوانیی خۆی و کوێرکردنی وڵاتانی هەژار و پاشکەوتوو و نارازیکردنیان بە شێوە ژیانی
خۆیان رۆڵێکی گەورە و خراپ دەگێڕێت!.
بەڵام با تۆزێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە، ئایا ئۆکرانیا
دەرفەتی نەبوو بەهێزتر بێت لە ئێستای؟ بێگومان هەیبوو. ئۆکرانیا لە دوای هاتنە دەرەوەی
لە سکی دووپشکی یەکێتیی سۆڤێت، ئەکرا توخمی خۆی بگۆڕێت و بە بەچکە دووپشک نەمێنێتەوە.
لە سەرەتای سەربەخۆییدا، داهاتی تاکەکەس لە ئۆکرانیادا بەرزتر بوو لە پۆڵەندا. دوای
٣٠ ساڵ، پۆڵەندا پێشیکەوت.
ئەگەر خوێندنەوەکەمان کڕوزانەوە بێت بۆ ئۆکرانیا،
ئەو هەموو هەڵە و تاوانە نابینینن کە سیاسییەکانیان کردیان و ژمارەیەکی گەورەش لە
خەڵک پشتیوانییان کرد. سی ساڵ سەربەخۆیی لە ناوەوە دایڕزانن، دابەشیکردن، دەزگاکانی
توشی چەقبەستن بوون، گەندەڵیی و دەوڵەتی مافیا دروستبوون و لاوازی کردن.
لە ئاستی نێودەوڵتییشدا، ئۆکرانیا دەروێش ئاسا
شوناسی خۆی نەپاراست و هەر دەمەی بە لایەکدا دەیبرد. لەم دوادواییەدا سەرکردەکانیان
بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە دەیانەوێت ئەوروپیی بن. خەڵکەکەش لە بری دۆزینەوەی شێوازێکی
ژیانکردن کە بگونجێت لەگەڵ مێژوو و سەرچاوەکانیان، بە مۆدێلی ئەروپیی گێل بووبوون.
مۆدێلی سیاسسی وێرانکەر تەنها لە ناوەوە وێرانت
ناکات، بەڵکو لەبەردەم داگیرکەریشدا لاوازت دەکات.
هەمان ئەم بۆچونانە بۆ هەرێمی کوردستانیش
راستن. سەرکردەکانمان مۆدێلێکی سیاسیی وێرانکەریان پەیڕەوکرد و زۆر کەسیش لە ئێمە
تا رادەی خۆ بە کوشتدان بەرگرییمان لێکردن. تا وای لێ هاتووە بەرگەی ئەوە ناگرین
چوار دەبابە روومان تێ بکات.
ئێمەش لە هەرێمی کوردستان بە رێچکەیەکی نزیک لە
رێچکەی ئۆکرانیا رۆشتووین. ئەگەر نەچینەوە سەر رێچکەی گەشەسەندن، ئەوا چارەنوسمان
خراپتر دەبێت.