19وتار

بایکۆت و نای مامۆستایان، بۆ خەڵکە پێش دەسەڵات!

10/22/2023 2:02:00 PM
عەبدوڵای مەلا نوری

 

نوخبەی دەسەڵاتداری کوردی ٣٠ ساڵە، بەپلان، کار بۆ دروستکردنی مرۆڤی کەوتو، گوێ لەمشت، بێهەڵوێست، ڕاڕا، ترسنۆک، ماستاوچی دەکەن. تەنانەت لە ئاستی کاری حیزبیدا، ئەو کەسایەتی و کادرو سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیانەی، کە ماوەیەکی زیاتر لە ساحەکەدا دەمێننەوە، زۆرینەیان ئا ئەوانەن، کە هەڵگری خەسڵەتە خراپەکانی دووڕویی و هەلپەرستی و ماستاوچێتین، بۆ کەسانی یەکەمی حیزب و بنەماڵەکان.

کۆی فکرو فەلسەفەی پەروەردەو زانکۆیی و تەنانەت سیستمی ئاینیش (نەک خودی ئاین)، لە رەشاوی ئەخلاق و عەقڵییەتە حیزبی و بنەماڵەیەکەدا هەڵکێشراوە.

هەر ئەو دۆخەیە وای کردووە، هەزاران فەرمانبەر، بە بێ وەرگرتنی موچە، لە فەرمانگەکاندا خەریکی کۆکردنەوەی باج و خەراجن، بۆ ئەم دەسەڵاتە دزە و ئامادەنین هەفتەیەک بایکۆت بکەن!

زاڵبونی کلتوری ژەهراوی شکست سەروەرییە، بە سەر فەلسەفەی پەروردەی دروستکردنی مرۆڤی ئازادو دیموکراسیخوازو بەئیرادەدا، کە وای کردووە سەدان هەزار دایک و بابی خوێندکاران ئامادە نین بەشداری چالاکی و خۆپیشاندانی مامۆستایان بکەن!

تەنانەت هەر ئەو تەسلیمبونەیە، بە کلتورو یاساو رێساکانی حیزب و بنەماڵەکان، وای کردووە ئیماندارەکانیش پشت لە جەوهەری ئاین بکەن و ستەم قبوڵ بکەن! ئەم جۆرە لە کۆمەڵگەو حیزب خێری تێدا نییە، هەرگیز ناتوانێ داهێنەر و خاوەن شکۆبێت، هەردەم مژۆڵەو پاشکۆخوازە، توخمی کەوتن و تیاچونی لەناوخۆیدایە.

لەم سەردەمەدا لە هەرکات زیاتر پێویستمان بەوەیە منداڵان و گەنجان و خوێندکاران و کۆمەڵگەکەمان فێری دەربڕینی وشەی (نەخێر) و کردارو یاخیبون ببن. بێگومان بایکۆتی مامۆستایان زیانی هەیە و منیش وەک باوکی چەند منداڵێک، زۆرم پێناخۆشە.

بەڵام لەو شوێنەی، کە کۆی سیستمەکە مرۆڤی کۆیلە بەرهەم دەهێنێ و بێدەنگی و قبوڵکردنی ستەم دەبێتە سیستم و بژاردەی یەکەم، ئیدی پرۆسەی بایکۆت و نەخێری مامۆستایان بۆ خۆی جەوهەری پەروەردەی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاو ئازادەو، پێش دەسەڵات دەبێت کۆمەڵگە بیبیسێت و لێوەفێرببێت و یەکەم هەنگاویش ئەوەیە پشتیوانی مامۆستایانبین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن