65وتار

ساروخەکان، دەسەڵات و هەمومان!

1/16/2024 8:55:00 PM
عەبدوڵای مەلا نوری

دوو تاقمی عەمیل ئەم هەرێمە بەڕێوە دەبەن.

ئەوەشی رودەدات لە هێرشەکان بۆ سەر هەولێرو سلێمانی، تەنانەت دەنگهەڵبڕین یان بێدەنگیەکانیشیان، بەیاننامەو ئیدانەو تەنانەت خۆپیشاندانە ناوچەییەکانیشیان، هەر درێژکراوەو لێکەوتەی ئەو دابەشبون و عەمالەتەیە.

مێژوی ئەم دابەشبونە سەرتاسەرییە کۆنە، ئەما خیانەت و دابەشبونەکە لە پۆستمۆمۆدێرنەکردنی مەلایی و جەلالیدا درێژەی پێدراوەو خزێنراوەتە ناو قوڵایی بونمانەوە.

هەر بۆیە لە دەرەوەی جیهانەکەی مەلایی و جەلالیشەوە، واتە لە موعارەزەشدا ئەم دابەشبونە بە رونی هەیە، کە تا ئاستی سفر کاریگەری لە سەر روداوەکان بردونی.

زیاتر لەوەش، تەنانەت لەم سەردەمەدا، (هەن) لەوانەی کە خواستی دروستکردنی هێزی نوێیان هەیە، یەکەم شت کە بیری لێدەکەنەوەو پەنای بۆ دەبەن رازیکردنی وڵاتانی ئیقلیمی و سێبەرەکانیانە لە بەغدا و  پەسەندکردنی ئەجێندای ئەوانە. واتە هەر لەسەرەتاوە بونەوە بە پارتی و یەکێتی!

بە دەربڕینێکی تر واتە: وەرگرتنی مۆڵەتی ساتێک دەرچون لە خۆمانی هیچ، ئەما بە مەرجی مۆدێرنترو قوڵتر چونەوە بە هیچێتی خۆماندا!

چارەسەری ئەم دەردە لەمێژینە ئاڵۆزە، کە هەرجارەو بە روخسارێکی ترەوە دێتەوە ناومان، پێویستی بە روداوێکی موعجیزەئاساییە.

ریشەی ئەو روداوەش (بە پلەی یەکەم) لە چارەسەری خۆماندایە، لە بیرکردنەوەو تێگەیشتنماندایە بۆ خۆمان و دەوروبەرمان، لە بەسەنتەروەرگرتنی گەلەکەماندایە، وەک ئەوەی غاندی دەیوت: خۆت ئەو گۆڕانەبە کە دەتەوێت.

مەسعود محەمەدیش دەیوت: چارەسەری کێشەکانی مرۆڤ لە چارەسەری خۆیەوە دەستپێدەکات.

بەشێکی زۆر لە هۆکاری کێشەکانی ئێمە لە ناو خۆماندایە، کێشە قوڵەکانی گەلی ئێمە لە ئەمریکاو و ئێران و تورکیا و بەغا چارەسەر نابن و ناشیکەن، بگرە زیاتر و کارەساتبارتر دەبن، ئەگەر سەرەتا لە خۆماندا بڕیاری چارەسەرمان نەدابێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن