چیرۆکی ساڵنامەی کۆچی
01:54 - 07/07/2024
زەمەن _ ئاینیی
نوسینی: د.یاسین تەها
1
بەر لە هاتنی ئیسلام
عەرەبەکان بە ڕووداوەکاندا ساڵ و بەرواریان دەستنیشانکردووە وەك؛ ساڵی فیل، شەڕی بەسوس
و ماجەرای "ذی قار" ...هتد. ساڵیش هەر 12 مانگ بووە. مانگە عەرەبییەکان
هەر بەم ناوانەی ئێستا دەناسرانەوە و حیسابیان پێڕادەگیرا و حەجیان پێدەکرد لەسەر
پەیڕەوی ئایینی حەنیفییەتی "ئیبراهیم"، بەڵام لە سەردەمی خەلیفەی دووەمی
ڕاشیدی؛ "عومەری خەتاب" و دروست 17 ساڵ پاش کۆچ لە مەککە بۆ مەدینە، بیرۆکەی
دانانی ساڵنامەیەکی ئیسلامی سەریهەڵدا و چووە بواری جێبەجێکردنەوە (ساڵنامەی كۆچی).
2
گێڕانەوەی جیاجیا
هەن لەبارەی پاڵنەری دانانی ساڵنامەی کۆچی، هەندێک دەڵێن پێشنیازی عەرەبی باشوور
بووە لە یەمەن، هەندێکی تر دەیگێڕنەوە بۆ پێشنیازی "ئەبو موسای ئەشعەری"
کە لە هاوەڵانە و والی بەسڕە بووە. "ئەشعەری" سکاڵای کردووە
"نووسراوی جیاجیامان بۆ دێ، ناوی مانگەکانی لەسەرە، نازانین.. کامیان کۆنە و
کامیان نوێ، چونکە ساڵی لەسەر نییە". هەردوو مێژوونوس "سەخاوی" و
"بەیرونی"، باسیان لەوە کردووە پێشنیازی ساڵنامەکە هەر لە بنەڕەتەوە هی
"عومەری کوڕی خەتاب" خۆی بووە بۆ ڕێكخستنی کاروباری دەوڵەت بەتایبەت کە
ئەو خەریکی دروستکردنی دیوانەکان (وەزارەت) و دامەزراندنی پایەکانی دەوڵەت بووە.
3
پاش ساغبوونەوە
لەسەر دانانی ساڵنامەی ئیسلامی، پێشنیازی جۆراوجۆر کراون بۆ دیاریکردنی سەرەتای ڕۆژژمێرەکە
لەوانەش؛ ساڵی لەدایکبوونی پەیامهێن (فیل _571 زایینی)، ساڵی دەستپێکردنی پێغەمبەرایەتی
و دابەزینی وەحی، ساڵی کۆچی دوایی پەیامهێن (د.خ)، بەڵام لەدایکبوون و پێغەمبەرایەتی
وادە و کاتەکەیان بەدروستی نەدەزانران، ساڵی ژیانئاواییش هەڵگری یادەوەرییەکی ناخۆشبوو
کە شایشتە نەبوو بۆ ساڵنامە کە هێمای نوێبوونەوەیە، سەرەنجام خەلیفەی دووەم و هاوەڵان،
ساڵی کۆچ لە مەککەوە بۆ مەدینەیان پەسەندکرد، ئەم ساڵەش وادەکەی لە یادەوەری بەشی
زۆری بەشدارەکانیدا تۆمار بووە، جگە لەوەش کۆچ خۆی بۆ خۆی وێستگەیەکی جومگەیی گرنگ
بووە لە پەرەسەندنی ئیسلام و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و ساڵنامەكەش بە كۆچی ناوی
دەركرد.
4
لەبارەی دیاریکردنی
مانگی یەکەمی ساڵنامەکەوە، هەندێک وتویانە با لە ڕەمەزانەوە (9) ئەژمار بکرێت،
"عەبدولرەحمانی کوڕی عەوف" مانگی ڕەجەب (7) ی پێشنیارکردووە بەو پێیەی سەرەتای
مانگە قەدەغەکراوە عەرەبییەکانە (الأشهر الحرم)، بەڵام "عەلی کوڕی ئەبوتالیب"
و "عوسمانی کوڕی عەفان" مانگی موحەڕەم (1) - یان بەلاوە پەسەند بووە، بەوپێیەی
مانگی گەیشتنەوەی حاجیانە بە وڵات و زێدی خۆیان لەپاش بەجێهێنانی فەرزی حەج لەمەککە
و دەستپێکردنەوەی ژیان و کاروباری ئاسایی خەڵکە.
5
بەپێی گێڕانەوە
و سەرچاوە مێژوییە باوەکان، لەوانەش هی "ابن إسحاق" پێغەمبەر (د.خ) لە ڕۆژی
دووشەممە 8/ 3ی ساڵی 14 ی پاش پێغەمبەرایەتی ڕێکەوتی 23 / 9 / 622 زایینی لە مەککەوە
گەیشتوەتە قوبا (450 کم)، لە 12ی ڕەبیعی یەکەمیشدا (مانگی 3) چووەتە ناو شاری مەدینە،
بەڵام "عومەری کوڕی خەتاب" موحەڕەمی کردە سەرەتا و دەسپێک، چونکە جگە لەوەی
موحەڕەم مانگی پاش گەڕانەوەی حاجیانە بۆ زێدی خۆیان، لەڕووی مێژوویییشەوە "بەیعەتی
عەقەبە" بەر لە کۆچ کە ڕێککەوتنی پەیامهێن(د.خ) و نوێنەرانی هەردوو هۆزی ئەوس
و خەزرەجە بۆ داڵدەدانی موسوڵمانەكان لە مانگی حەجدا بووە، هەر ئەمەش ڕێگەیخۆشكرد
بۆ کۆچ، بەدوای ئەوەشدا پرۆسەکە دەستیپێکرد، هەر لەو ماوەیەشدا پەیامهێن (د.خ) نیازی
کردووە بڕوات بەرەو "یثرب_ مەدینە"، یەکەم مانگیش لەپاش ئەم پەیمان و ڕێککەوتنە
هەڵهاتبێت موحەڕەم بووە.