ئەم خێزانە بناسن، سەرسام دەبن
01:31 - 03/12/2024
زەمەن
من دکتۆر زانا بابان ٫ زیاد لە ١٢٠ ڕۆژ لەگەڵ
ئەم خێزانە ژیام ، ئەم خێزانە بناسن، سەرسام دەبن، کۆتاییەکەی زۆر گرنگە .
ئەمانەی دەیانبینن چوار کوڕی ئەو خاتوونە بەڕێزەن
، سێ خوشکی بەڕێزیشیان هەیە.
ئەم ئافرەتە بە زۆر زەحمەتیدا تێپەڕی دوای نەشتەرگەری
دڵ، نەشتەرگەری چاندنی دەماری دڵی بۆ کرا لەگەڵ گۆڕینی شاخوێنبەری دڵ چونکە دووچاری
هەڵدڕان (Aortic Dissection) هاتبوو.
دوای نەشتەرگەری بابەتەکە دەستپێدەکات! دووچاری جەلتەی مێشک بوو بەداخەوە! هۆشی زۆر
خراپ بوو، لە چاودێری چڕ مایەوە. دواتر قوڕگی کونکرا تاوەکە هەناسەی باشتر بێ،
تووشی هەوکردنی برینەکانی سینگی و قاچی بوو، برینی جێگای توشبوو، دواتر گورچیلەکانی
زۆرلاواز بوون، ئینجا هەوکردنێکی زۆر لە فەحسەکانیدا هەبوون. ئەم خاتوونە هۆشی زۆر
کەم بوو، جووڵەی نەبوو، بە تایبەت دەست و قاچی ڕاستەی. بەردەوام لەسەر علاجی جۆراو
جۆر و زۆر بوو بە هەموو ئەو کێشانەی باسم کرد. سوندەی گەدەی (PEG) بۆ داندرا تاوەکە خواردنی پێ بدرێ، چەندین جار نازوڕی سییەکانمان بۆ
کرد، ڕۆژانە چەندین فەحس و دەرمانی هەبوو، ئەمە هەمووی ڕۆژێک نا، دوو نا، هەفتەیەک
نا دوو نا! من و چەندین پزیشکی هاوەڵ و نێرسە بەڕێزەکانی سەنتەری دڵ و ئەو حەوت
منداڵەی خەریکی ئەم ئافرەتە بووین. دوای چەندین هەفتە لە چاودێری چڕ، کەمێک تەندروستی
باشتر بوو، گورچیلەکانی ، هەوکردنەکەی، هۆشی باش دەبوون و تێکدەچوونەوە، دواتر دەرچوو
بۆ قاوش، دوای چەند ڕۆژێک گەشکەی گرت و ئوکسجینی هاتە خوارەوە و چۆوە چاودێری چڕ!
هاتینەوە خاڵی سفڕ! هۆشی خراپ بۆوە، گورچیلەکانی خراپ بوونەوە، هەوکردن هەبوو، برینی
سینگ توشبۆوە! دیسانەوە بەردەوام هەمان کار دەستپێکرایەوە! بەردەوام لە هەفتەی یەکەمەوە
چارەسەری سروشتی هەموو جەستەی بۆ دەکرا لەلایەن کوڕ و کچەکانییەوە بە شەو و بە ڕۆژ،
دەیان جار، هەڵدەگێردرایە سەر تەنیشتەکان ئەملا و ئەولای پێ دەکرا، ئەمە جگە لە
خاوێنکردنەوەی پیساییی و سکچوونی، بە بەردەوامی پاک دەکرایەوە لەلایەن منداڵەکانییەوە!
خواردنی بۆ دروست دەکرا چەندین ژەم بە سۆندە پێیدەدرا.
دیسان باری تەندروستی باشتر بۆوە سوپاس بۆ خوا!
تا ئێرە نزیک ٦٠ ڕۆژ تێپەڕیبوو! دیسانەوە ناردمانەوە قاوش ، لەوێ خزمەت دەکرا.
دواتر هۆشی کەمێک باشتر بوو، برینەکانی ڕۆژانە تیمار دەکران و چەند جارێک دوورانەوەیان
بۆ کرا، بۆ چەند ڕۆژێک پێمان باش بوو بچێتەوە ماڵەوە، ناردمانەوە بەڵام دوای دوو یا
سێ ڕۆژ بوو گەڕایەوە بە تەندروستییەکی خراپەوە! سییەکانی تووشی هەوکردن بووبوون
چونکە قووتدانی باش نەبوو خواردن چووبووە سییەکانی. دیسان داخلی نەخۆشخانەمان کردەوە،
نزیکەی ٦٠ ڕۆژێکی دیکە مایەوە، بەردەوام ئەوانەی لەسەرەوە باسم کرد هەمووی شەو و ڕۆژ
لەلایەن خێزانەکەیەوە بۆ دەکرا! ئەم ئافرەتە بەستەزمانە زیاتر لە ١٢٠ ڕۆژی تێپەڕاند
لەگەڵماندا!
من بە واجبی دەزانم ئەم پۆستە بکەم، بۆ؟ چونکە
دەمەوێ هەموو جیهان بناسێنم بەم خێزانە، بەم کوڕ و کچە پاڵەوانانە! ئەگەر ئەو منداڵانەی
نەبووایە سوێند بەخوا بە دەیان دکتۆری وەکو من و سەد قات لە من باشتر و دەیان نێرس
ئەم ئافرەتە یەک مانگیش ڕەنگە نەژیابا، ئەگەر ئەو خێزانە نەبووایە یەک برینیشی ساڕێژ
نەدەبوو. بۆچی یەک چرکە منداڵەکانی ماندوو بوون؟ یەک چرکە بێتاقەتی یا وەرزبوونیان
بە دەموچاوەوە دەبینرا؟ هەرگیز! هەرگیز بۆ یەک ساتیش کۆڵیان نەدا، دەمگوت پێویستی
بەو دەرمانەیە،. بەو فەحسەیە بەو ئامێرەیە، بە خێراترین شێوە ئەنجامیان دەدا!
بەیانیان کوڕەکەی (کاک دیدار، کە پێی دەڵێم دکتۆر
دیدار چونکە بە قەد ئێمە شارەزا بوو) لەگەڵ خوشکەکەی، شەفتی ئێواران و شەوانیش دوو
کوڕی دیکەی دەمانەوە لەگەڵ ئەم ئافرەتە.
بە من بێت پەیکەرێکیان لە ناو سەنتەری دڵ بۆ
دروست دەکەم!
سوپاس بۆ خوا ئێستا تەندروستی زۆر باشە و لە ماڵەوەیە
و دەست وقاچەکانی دەجووڵینێ و گورچیلەکانی زۆر باشن و هەوکردنەکەی زۆر باش بووە! هەموومانیش
دوعای بۆ دەکەین انشاءاللە..
ئینجا بڵێن چی؟ گوێتان لەمە بێت! ئەو ئافرەتە
دایکی خۆیان نییە، زڕ دایکییانە! ئەم حەوت کوڕ و کچە لە ژنی دووهەمن!
د . زانا بابان