کورد لە زیندانى جوگرافیادا ستەمێکى گەورەى لێکراوە
01:10 - 20/07/2024
زەمەن – هەرێمی کوردستان
تیم مارشاڵ، رۆژنامەنووس و نووسەرى بەریتانى لە
کتێبێکدا بە ناوى زیندانیانى جوگرافیا باس لە کێشەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و نەتەوەى
کورد دەکات، کە لە لایەن وڵاتانى زلهێزەوە بۆیان هاتووەتە پێشەوە و راشکاوانە لە
روانگەى مێژوییەوە تیشکى خستووەتە سەر کێشەکانى ئێستا و دەڵێت، وڵاتانى ئەوروپا لە
پێناو ئامانجە داگیرکارییەکانى خۆیاندا نەخشەى وڵاتانیان داڕشتوەتەوە و ستەمێکى گەورەیان
لە هەندێک لە نەتەوەکانى ناوچەکە کردووە و خزم و کەسوکاریان لەیەکدى دابڕیوە، لەنێو
ئەو نەتەوانەدا کورد ستەمێکی گەورەى لێکراوە.
مارشاڵ دەڵێت، دواى دابەشکردنى خاکی عوسمانى چەندین
رێککەوتننامەى جیهانى هاتوونەتە پێشەوە و هەریەکەیان بە جۆرێک ستەمی لە کوردەکان
کردووە، لەوانەش سایکس بیکۆی 1916 و داگیرکردنى عێراق لە لایەن بەریتانیاوە لە ساڵی
1917، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە لەم کتێبەدا کورد بە چەند گەلێکى جیاوازى لە یەک
ناوهێناوە و بەهیچ شێوەیەک نەگەڕاوەتەوە بۆ کوردستانى پێش دابەشکاری و تەنها چاوى
لەسەر باشوورى کوردستانە.