11 کەلتور

(شێواو و وێرانەیە دونیایی مرۆڤی سەر کورسی)

11:56 - 06/10/2024

زەمەن _ کەلتوور

 

چراخان حمە عزیز


لەهەر شوێنێک کورسی هەبێت، دەکرێت مرۆڤی خۆ 
نمایشی بوونی هەبێت.

وەک ئاشکرایە (کورسی)تەنیا بۆ مەبەستی دانیشتن و جێ خۆشکردن و ڕەوانەوەی هیلاکی نییە.

 

کورسی لە سەرووی هەموو ئەوانە بریتییە لە هێز پێدان.  هێزێک دەکرێت هێزی ئەوانی دیکە کۆتایی پێبهێنێت.

 

دەکرێت بڵێن مرۆڤ هەمیشە خوازیاری دەستخستنی دەسەڵاتی هەیە لە پێناو مانەوە و بەرەو پێشچوونی خۆیدا. 

 

بەڵام ئایا دەسەڵاتبوونی مرۆڤ بۆ خۆی ئەوانی دیکە کێشەیە؟ یاخود هێزی کەسێک لەسەر و هێزی ئەوانی دیکە دەبێتە کێشە؟ بۆچی مرۆڤ دەیەوێت بە دەسەڵات بێت؟ بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتی ئەوانی دیکە ڕزگاری ببێت؟ یاخود بۆ ئەوەی ئەوانی دیکە داگیر بکات؟ مرۆڤ گەر دەسەڵاتی نەبێت ناتوانێت خۆی بەرەو پێشەوە ببات و مافەکانی خۆی بپارێزێت و ئازادی لێ گیر نەبێت؟

 لە کاتێکدا دەبێنین ئەوانەی دەسەڵاتیان هەیە بواری خۆ دەرخستن و پەسەندکردن و گوێ لێ ڕاگرتنیان باشتر و فراوانتر بۆ دەڕەخسێت!

"د. عەلی وەردی" لە کتێبی( گاڵتەجاری عەقڵی مرۆڤ)دا دەڵێت: (هەموو کەسێک مەیلی بە لای ستەم و پاوانخوازییەوە هەیە و ئەو کاتەی  لە کورسی دەسەڵات گیر دەبێت، بەم شێوەیە فەرمانڕەوایی دەکات کە خۆی دەیەوێت).

 

دەکرێت ببێژین: مرۆڤ لە  هەوڵدان و دۆزینەوەی ڕێگایەکە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی نیشان بدات ئەمەش جۆرێکە لە خۆسەپاندن و دەسەڵات نیشاندان بەسەر کەسانی دیکەدا، لە مەشەوە ستەم دێتە ئارا. (کورسی )ستەم و نادادی لە هۆشی مرۆڤدا واڵا دەکات و ئاگایی داگیر دەکات. چونکە،  دەشێ بەهایەکی پێبدات لە بەهای خۆی باڵاتر بێت بەم چەشنەش مرۆڤ بە هۆیەوە بەهاکانی خۆی و هۆشیاری و ئاگایشی دەخاتە خزمەتی کورسی و بۆ ئەوەی کورسیەکەی بیپارێزێت، واتا کورسیەکەی بکات بە ئامراز و هێزێک بۆ ئەوەی هێزێکی خۆ سەپێنی پێ بنیات بنێت، نەوەک هێزی خۆی بە کورسیەکە نیشان بدات.

 

سنوردانان بۆ مرۆڤی بێ کورسی  لە هەمبەر مرۆڤی سەر کورسی دێنێتە ئاراوە، واتا مرۆڤی بێ کورسی وەستان و گفتووگۆ و ماف و کردەکانی خۆی  ڕێژەین، بەڵام مرۆڤی سەر کورسی هەموو وشە و کردە و ڕەفتارەکانی بۆ خۆی و بۆ مرۆڤی بێ کورسی ڕەهان.

 

پێت دەڵێت مافم بۆ دەستەبەر کردوویت بەڵام، مافی ئەوەت نییە پێم بڵێت کوا مافەکەم چونکە، تۆ مافی ئەوەت نییە.

 

لە کتێبی (ببە بەخۆت)

 راسڵ دەڵێت: ناتوانین هەموو شتێک چاک بکەین بەڵام، دەتوانین لە هەموو ئەو شتانە دوربکەوینەوە کە میزاج و بیرمان بۆگەن دەکەن).

 

بێ گومان توانای مرۆڤ بۆ چاککردنی هەموو شتەکان ئەستەمە و لەگەڵ ئەوەشدا تۆقێنەرە. بۆیە

 

ڕەنگە نەتوانین ئەوەی خوازیارین چاکی بکەین بە ئێمە چاکبکرێت چونکە، دەشێ دەسەڵاتی ئێمە لەوە بەدەر بێت بەڵام، لانی کەم دەتوانین هەوڵ بۆ خراپکردنی نەبەین. گەر خوازیاری چاککردنی نین دەبێت لێی گەڕێین بۆ ئەوەی خراپتر نەبێت
چونکە، مرۆڤ ناتوانێت شتەکان وەک خۆی بهێڵێتەوە کاتێک دەستیان دەداتێ 

 

بەدڵنیاییەوە گۆڕانکاریەکی تیادا دێنێتە ئارا.

"ئیمام عەلی"یش، دەڵێت: (ئەوەی دەسەڵاتی بکەوێتە دەستیەوە، بەدڵی خۆی شت دەبات بۆ خۆی).

 

دەسەڵات عادەتێکی نێگەتیڤی هەیە.

 

بەڵام، دەشێ مرۆڤ بەهۆی هۆشیاری و ئاگاییەوە ئەو عادەتە نێگەتیڤە بگۆڕێت و عادەتێکی پۆزەتیڤی تیادا بێنێتە ئاراوە. 

 

بۆ نموونە:
دەشێ دەسەڵاتدار بێت بەڵام هاوڕێییانە بێت لەگەڵ بێ دەسەڵاتێک.

 

نموونە پەیوەندی نێوان(مامۆستا و فێرخواز)

 

دەگونجێت مامۆستا هاوڕێیانە و یەکسانخواز بێت لەگەڵ فێرخوازەکەی وەک ئەوەی فەیلەسوفی ئەمریکی(جۆن دیوی)دەیگووت: پێویستە لە نێوان (مامۆستا و فێرخواز)دا، پەیوەندیەکی هاوڕێیانە و یەکسانیانە هەبێت .نابێت کەسییان خۆی بەسەروەری ئەوی دیکە بزانێت. نابێت مامۆستا هەمیشە وا بیر بکاتەوە کە حەقیقەتی تەواوەتەی تەنیا لای ئەو بوونی هەیە و خۆی خاوەنی هەموو مەعریفەیەک و ڕاستییەکە چونکە، لە کۆتاییدا مامۆستاش  پێشتر فێرخواز بووە و دواتر بووە بە مامۆستا.

 

دەشێ دەسەڵاتدار بێت، بەڵام کارکردن و هاوکاری  لای ئەرک بێت، وەکو (کانت)دەیگووت: ( ئەرک).

دەشێ دەسەڵاتدار بێت بەڵام  بە تەنیا بێت  بێ ئەوەی پارێزگاری هەبێت. وەکو( سۆکرات) 

 

دەشێ دەسەڵاتدار بێت بەڵام  خۆشەویست بێت، یاخود  کۆیلە بێت بەڵام دیکتاتۆر بێت. ڕوویداوە دەسەڵاتدار بووە بەڵام خۆشەویست بووە، بەڕێز: کاک(نەوشیروان مستەفا )یەکێک بوو لەوانەی دەسەڵاتدار بوو بەڵام ئەو یەکێک بوو لەو سێمبولانەی تاکەکانی بە ئاگا هێنایەوە و لەو زوڵم و ستەمەی کە دەسەڵاتداران لەسەر تاکەکان درووستیان کردبوو. بە کۆچی دواییشی خەم و گریانی خستە نێو دۆست و دوژمنانی.

مرۆڤ هیچ کات ناتوانێت چەندێک ستەمگەریش بێت، لە ناخی خۆیدا و لە هەمبەر خۆیدا خراپی خۆی ڕەت بداتەوە، یاخود کاتێک چاوی لە زوڵمێک دەپۆشێت کە لە هەمبەر  ئەوانی دیکە دەکريت، بۆ ئەوەی پێگە و کورسیەکەی لە دەست نەدات  بەڵام، ڕۆژێ دەکەوێتە دۆخێکەوە کورسی پێگەکەشی ڕزگاری ناکەن. 

 

مرۆڤ مەخڵوقێکە ناتوانێ زۆر لەگەڵ خۆی ناڕاستگۆ بێت چونکە ئازاری دەدات. 

لە کۆتاییدا دەتوانین ببێژین:
کورسی......
هەم شانازیە هەمیش هەم سەر شۆڕییە
هەم هێز هێنەرە هەم هێز لێ بەرە
هەم سەرتدەخان هەم دەتخات
هەم خاوەنداریت بۆ دێنیت هەم خاوەنداریت لێ دەکات
هەم دەتکات بە پاشا و سەرکردە هەمیش دەتکات بە کۆیلە 
هەم دەتکات بە خاوەن و هەمیش دەتکات بە بێ خاوەن .
کورسی ئاسان دەتکات بەخاوەنی کورسی ئەستەم خۆیت لێ جیادەکاتەوە

کورسی دەتوانێت جوڵەی هۆش بوەستێنێت،
یاخود بیری زۆر بۆگەنی بۆ ئاشنا بکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن