پرۆژەیەک بۆ سارێژکردنی زامەکان!
10/28/2024 12:03:00 PM
بورهان أ. یاسین
بەر لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەوهامان بە بزوتنەوەی گۆڕان گوت، ئێستاش هەر ئەوە تاکە بژاردەیە:
پڕۆژەیەک بۆ ساڕێژکردنی زامەکان!
-
سەرەتا، چەند تێبینییەکی گرنگ:
دایارە ئەم دەستپێشخەرییە یا پڕۆژەیەی، کە لینکەکەی لە خوارەوە دانراوە، چەند رۆژێک بەر لە هەڵبژاردن (رێک لە ١٢-١٠-٢٠٢٤) نووسراوە و خراوەتە بەردەستی دوو ئاراستەکەی بزوتنەوەی گۆڕان. هەر لەبەر ئەوە دەبێ وەک دەقێکی بەر لە ئەنجامدرانی هەڵبژاردن بخوێندرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێستاش وەک چوارچێوەیەکی گشتی و نەخشەڕێگایەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
بەم واتایەش:
١) مەبەستمانە خوێنەر ئاشنا بێت بەو دەقەی کە بۆ پێش هەڵبژاردن زۆر گونجاو بوو؛
٢) بۆ گونجاندنی دەقەکە بۆ دۆخی دوای هەڵژاردن، نووسینەوەی دەقەکە زۆر ئاسانە، بە مەرجێک هەردوو ئاراستەکە پەرۆشیەکی راستەقینە و راستگۆیانە، بۆ ئاشتەوایی و یەکڕیزی بزوتنەوەکە، پێشان بدەن؛
٣) بە هەندێک هۆکارەوە نەکرا هیچ بەشێک لەم پڕۆژەیە بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە مەنزڵ بگات. ئێمە لەو باوەڕەداین دەکرا، بە بوونی ویستێکی راستەقینە، قۆناغ یا هەنگاوی یەکەم بە ئەنجام بگات؛
٤) ئێستا دوای هەڵبژاردن، پێویستە، بەبی دواکەوتن، هەردوو ئاراستەکەی بزوتنەوەی گۆڕان، دڵسۆزانە و خەمخۆرانە، وە هەرچی زووە، ئەم پڕۆژەیە بە ئەنجام بگەیەنن!؛
٥) زۆر گرنگە، ئەو بەڕێزانەی خۆیان بە هەڵسوڕاو، لایەنگیر و پشتگیری بزوتنەوەی گۆڕانن، وە پێیان وایە کە پێویستە ئەم خوێنبەربوونەی بزوتنەوەکە بوەستێت، دەبێ بە بێ دواکەوتن و دوودڵی هەوڵ و جوڵەیان بخەنە خزمەت وەستاندنی ئەم خوێن بەربوونە و پرسەکە بۆ دەستەبژێرەکان جێنەهێڵن!
٦) لە ئێستادا دوو کەسایەتی بەڕێز، کە جێگای متمانەی هەردوو ئاراستەکەن، لە هەوڵدان بۆ لە یەکتر نزیکبوونەوەی هەردوو ئاراستەکە، بەڵام ئەوان پێویستیان بە پیشاندانی پەرۆشیی راستەقینەی هەردوو ئاراستە و پشتگیری پانتایی گشتی هەیە بۆ ئەوەی لە هەوڵی جوامێرەیاندا سەرکەوتوو بن.
لێرەوە دەمانەوێ جارێکی دیکە بیری هەمووان خەینەوە کە بەبێ گەیشتن بە رێککەوتن و بوونەوەی هاوڕێکان بە هاوڕی لە یەک بزوتنەوەدا: أ- هەموو گۆڕان، بە هەردوو ئاراستەکەیەوە دۆڕاو دەبێت و کەس براوە نابێ؛ ب- پانتایی هەرە فراوانی گۆڕانخوازی و چاکسازیخوازی و عەدالەتخوازی زەرەرمەند دەبن؛ ج- تەنانەت پانتایی گشتی هەرێمی کوردستانیش بێهیواتر دەبێت و تونێلە تاریکەی هەرێمی کوردستانیش تاریکتر دەبێت!
----------------
لە ئێستادا راستییەکی حاشاهەڵنەگر ئەوەیە کە فەزا و پانتایی سیاسی لە باشوری کوردستان ئەوەندە بێهیوا، بێزار، کڵۆڵ و ماندوە، بە رادەیەک کە ئەم پانتاییە ناخوازی تەنانەت قسەی باش و هیوابەخشیش ببیستێ، چ جای ئەوەی رووداوێکی بێزارکاری وەک دوولەتبوونی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو بزووتنەوەیەی کە ساڵانێک بەر لە ئێستا گەورەترین هێز و پڕۆژەی هیوابەخش بوو لەو پانتاییەدا. رێک لەم دۆخە ناهەموارەدا، دووبەرەکی لە ناواخنی بزوتنەوەی گۆڕاندا تونێلە تاریکەکەی باشوری کوردستان تاریکتر دەکات، دەرەنجام بێهیوابوونیش دەگاتە ئەوپەڕی!
ئەو پڕۆژەیە، کە لینکەکەی لە خوارەوە لە خزمەتتاندایە، بەر لەوەی دەربڕی ئێش و ئازاری ئەو هەموو خوێنبەربوونە بێت لە پانتایی هەرە فراوانی گۆڕانخوازی، بە تایبەتی خوێنبەربوونی بزوتنەوەی گۆڕان، ئێش و ئازارێکی نیشتمانی و نەتەوەییە: بە واتای ئەوەی هەر خوێن بەربوونێک لە بەشێک لە جەستەی نیشتمان خوێنبەربوونێکی راستەوخۆیە لە تەواوی جەستەی نیشتمان و نەتەوە. لە بەرامبەریشدا هەر چارەسەرێک بۆ دۆخەکە هەوڵە بۆ راگرتنی ئەو هەموو خوێنبەربوونە لە زامێکی گەورە و مەترسیدار لە جەستەی نیشتماندا! بەم واتایەش ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە کە ئەو زامەی هەیە ساڕێژ بکرێ، بەمەش رێگا، لە کەوتنەوەی زامی زیاتر و خوێنبەربوونی زیاتر، بگیرێ!
--------------------
بەڕێزان، چەند تێبینییەکی پێویست:
١) ئەگەر بتانەوێ بەشداری جیددی لە بابەتدا بکەن وە مەبەستتان بێت ئیزافەیەک بکەن لە ئاراستەی چاکەی گشتی، تکایە بەر لەوە بە وردی پڕۆژەکە بخوێنەوە؛
٢) ئەگەر پێتوایە ئەم پڕۆژەیە رێگا دروستەکەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم زامەی نیشتمان، واتە دوولەتبوونی بزوتنەوەی گۆڕان، تکایە خۆت بە خاوەنی پڕۆژەکە بزانە و لە جێگای خۆتەوە هەر چی بە باش دەزانی درێغی مەکە، لە ئاراستەی راگرتنی ئەم هەموو خوێنبەربوون و داتەپینە!
کلیک لێرە بکە بۆ لینکی پڕۆژەکە