81 کەلتور

کتێبی «گوتەی سەدام: گوتاری سیاسیی لە عێڕاق»

01:48 - 29/05/2024

زەمەن _ کەلتوور

نووسینی: ئۆفرا بینگیۆ

پێموایە پێشتر لێرە بینگیۆ-م بە ئێوە ناساندووە. و وتارێکیشیم کردووە بە کوردیی «پەیوەندییە سەرسوڕهێنەرەکانی ئیسرائیل و کورد». ئەمە دووەم کتێبی ئەوە لەم ماوەیەدا دەیخوێنمەوە. بینگیۆ پرۆفیسۆری خانەنشینی ئیسرائیلییە و دامەزرێنەری «خوێندن و لێکۆڵینەوەی کوردیی»یە لە «سەنتەری مۆشە دایانە» لە زانکۆی تەل ئەڤیڤ. بینگیۆ زیاتر لە چل ساڵە کار لەسەر پڕۆژە و مێژووی کورد و کوردستان دەکات و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کۆمەڵگەی ئیسرائیلیی و جیهانیی بۆ گەیاندنی وێنەی کورد هەیە. هەروەها دامەزرێنەری «هاوپەیمانیی جووەکان بۆ کوردستان»ە لە شاری برۆکسلی بەلژیکا، کە ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامە دژە-کوردییەکان و جێبەجێکردنی یەکەم بەڵێنەکانی ئەوروپییەکانە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی یەکگرتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر خاکی کوردستان، بۆ کورد. 

بینگیۆ هەروەها کوردییەکی باش دەزانێت و شیعری زۆربەی شاعیرانی کوردی بۆ زمانی عیبریی وەرگێڕاوە (لەنێویاندا ئەی ڕەقیب). 

بینگیۆ لەم کتێبەدا جیاواز لە نووسین و کتێبە مێژوویی و سیاسییەکانی دیکەی، لە گۆشەنیگای فەلسەفەی زمان و سیمبولیزمی ئێرنست کاسیرەر-ەوە هەوڵدەدات شیکارییەکی قووڵ بۆ بەکارهێنانی زمانی عەرەبیی لە عێڕاقی بەعسیزم و زمانی سەددام حوسێندا بکات، دەڵێت بەعسیزم بەقووڵیی زمانی عەرەبیی، سیمبولیزم و مێژوو، و ئەفسانە بەکاردەهێنێت بۆ ڕەوایەتییدان بە حوکم و سیاسەتی خۆی. باس لەوە دەکات چۆن زمان بەگەڕخراوە بۆ تیرۆریزەکردنی دوژمنان و نەیارانی سیاسیی، لەنێویاندا بەپلەی یەک کورد و پاشان شیعە. هەروەها کتێبەکە باس لەوە دەکات چۆن زمانی عەرەبیی لە بەعسیزمدا کۆمەکی بەوە کردووە ڕێوڕەسم و کولتی کەسایەتیی سەدام حوسێن نەک تەنها لە عێڕاق بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دابمەزرێنێت. 

بینگیۆ دەڵێت باشترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لە سروشت و جەوهەری ڕژێمەکەی سەدام حوسێن «بریتی نییە لە گێڕانەوەی باوی مێژوو، بەڵکو لەڕێگەی شیکاریی گوتاری سیاسییەوە» دەستەبەر دەبێت. ئەمە وا دەکات لەجیاتی تەرکیزکردنە سەر ڕووداوە مێژووییەکان، بینگیۆ قووڵ بە سروشتی زمانی عەرەبیی لە ڕژێمی بەعسدا بچێتە خوارەوە و لەگەڵ مێنتاڵیتە و عەقڵییەتی فاشیزمی عەرەبییدا هەڵوەستەی لەسەر بکات. بەتایبەت بۆ نموونە لەو سەردەمەی بەعس بە کودەتا (انقلاب) دێتە حوکم و وشەیەکی بێزراو لە زمانی عەرەبیی سەردەمی یەکێتیی سۆڤێت و خەباتی دژە-ئیمپریالیزم و دژە-کۆلۆنیالیزمدا، سەدام تەرکیز دەکاتە سەر وشەی «شۆڕش» (ثورە). لێرەدا ڕەهەندی زمانیی بەنێو چەمکی ئەخلاقیی چاکە (شۆڕش) و خراپە (کودەتا) و چەمکی سیاسیی (خەباتی شۆڕشگێڕانە دژی ئیمپریالیزم) و چەمکی دژە-سیاسیی (کودەتای نەیارانی شۆڕش: کورد) دەچێتە خوارەوە. لێرەدا سێ دوژمن لە زماندا سەرهەڵدەدەن: ئیمپریالیزم، ئیسرائیل، کورد. 

بینگیۆ دەڵێت ماوەدرێژبوونی ڕژێمی بەعس تەنها بەهۆی توندوتیژییەوە نەبووە، بەراورد بە ڕژێمە عەرەبییەکانی دیکە، بەڵکو زانایەتیی سەدام حوسێنیش بووە لە بەکارهێنانی زمانی عەرەبییدا. «وەرچەرخانێکی سەرەکیی لە زمانێکی سیکۆلار، چەپگەرا و سۆسیالیستەوە بەرەو زمانێکی پڕ لە چەمک و زاراوە ئیسلامییەکان» لە بەعسیزمدا دروستدەبێت. لەڕاستییدا یەکتر تەواو دەکەن و زمان وەردەگێڕن بۆ قڕکردنی نەیاران.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن