4287 کوردستان

بەپەلە.. ساختەکاری و پێشێلکاریەکانی هەڵبژاردنەکەی دوێنێ بڵاوکرایەوە

01:43 - 21/10/2024

زەمەن _ هەرێمی کوردستان

ڕێکخراوەکانی چاودێری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ژمارەی سکاڵا و پێشێلکارییە تۆمارکراوەکانیان خستەڕوو.

ئەمڕۆ دووشەممە، ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، هۆگر چەتۆ، سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردن ئاشکرایکرد،  کۆمەڵێک سکاڵا لەلایەن لەیەنە سیاسیەکانەوە  تۆمارکراون کە ژمارەیان ١٢٤ سکاڵایە.

وتیشی: پێشێلکاری لە بەشێکی فراوانی بنکەکانی دەنگدان تۆمارکراون، لەوانە بانگەشەی هەڵبژاردن لە کاتی دەنگداندا.

هۆگر چەتۆ ئاماژەی بەوەشکرد، هەزار و 600 کەس وەک چاودێریی رێکخراوەکان چاودێریی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنیان کردووە؛ هەروەها چەند "پێشێلکارییەک"ـی هەڵبژاردنی خستەڕوو کە ئەمانەن:

- بەکارهێنانی مۆبایل و وێنەگرتنی دەنگ
- درەنگ کردنەوەی وێستگەکانی دەنگدان
- دوورخستنەوەی بریکاری لایەنی سیاسی
- دوورخستنەوەی نوێنەری رێکخراوەکان
- تووندوتیژی لەنێوان کارمەندانی کۆمیسیۆن، رێکخراوەکان، بریکاری لایەنەکان و دەنگدەران
- نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر

هەروەها لەهەمان کۆنگرەدا سەعد بەتات، سەرۆکی تۆڕی عەین بۆ چاودێریی هەڵبژاردن وتی: رێنماییەکانی کۆمیسیۆن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن جێبەجێ نەکراون. لە نزیک بنکەکان بە دەنگی بەرز و ئاشکرا بانگەشە لە رۆژی هەڵبژاردن هەبوو. بەگشتی ٣٢٧ پێشێلکاری تۆمار کراون".

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ ٢٠ی تشرینی یەکەم، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و بەپێی  ئاماری فەرمی کۆمیسیۆن ڕێژەی بەشداری دەنگدەران گەیشتە ٧٢٪،  بڕیاریشە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆمیسیۆن ئەنجامی سەرەتایی دەنگی لایەنەکان ئاشکرابکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن