88 کەلتور

کتێب لە بری چەک!

10:04 - 05/09/2024

زەمەن - کەلتور

ماڵی وەفایی دەستپێشخەرییەک بۆ سەرجەم کاندیدان و هێزە سیاسییەکان ڕادەگەیەنێت

قەیرانی دارایی و دەستکورتی خوێنەران، لەم ساڵانەی دوایی، کاریگەرییەکی زۆر نەرێیی لەسەر خوێندنەوە و دەستگەیشتن بە کتێب دروستکردووە و هۆکار بووە لەوەی خوێنەران بەتایبەت لە ڕیزەکانی گەنجان، قوتابییان و خوێندکاران، توانای کڕین و دەستخستنی کتێبیان نەبێت.

لەو ڕوانگەیەوە، ئێمە لە ماڵی وەفایی، پێشنیاز بۆ سەرجەم هێز و قەوارە سیاسییەکان و کاندیدان دەکەین، لە ڕوانگەی باوەڕبوون بە پێشخستنی بواری ڕۆشنبیری و برەودان بە کەلتووری خوێندنەوە و دەستگیرۆیی خوێنەران، هەریەک لای خۆیانەوە، کتێب بکەنە دیاری بۆ لایەنگرانیان و ئەو خەڵکانەی لە سەردان و دیدارەکانیاندا دەستیان پێیان ڕادەگات.

هێزەکان و کاندیدان دەتوانن بە دروستکردنی کتێخانە لە گوند و شارەدێ و ناوچە دوورەدەستەکاندا، دەستپێشخەرییەکەیان جددیتر بکەن. ئەوان دەتوانن کتێبی جیاجیا پێشکەش بە قوتابخانە و کتێبخانە گشتییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەن.

ئەگەر تەنیا دە لە سەدای ئەو خەرجییانەی هەر لیست و کاندیدێک لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا دەیکات، بۆ کڕین و بەخشینی کتێب تەرخان بکرێت، سەدان هەزار کتێب تەنیا لەم ماوەیەدا بە دەست خەڵک و ئەو خوێنەرانە دەگات، سەختی دۆخی دارایی، لە کتێبی دوورخستوونەتەوە.

پێشکەشکردنی کتێب، دیارییەکی بەنرخ و دەستپێشخەرییەکی نموونەیی دەبێت لە نەریتەکانی پێوەست بە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستاندا و نیشاندەری تێپەڕکردنی ئەو قۆناغ و ئەقڵیەتەیە، کە چەک تیایدا دیاری پەسندکراو بوو.

هەر لەو ڕوانگەیەوە، ئێمە لە ماڵی وەفایی، لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەم دەستپێشخەرییەدا، ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین لە پاڵپشتیکردنی هەر هێز و کاندیدێک، کە بەدەنگ ئەم دەستپێشخەرییەوە دێت، لەڕووی داشکاندنێکی تەواو لە نرخی سەرجەم کتێب و چاپکراوەکانی ماڵی وەفایی و بەدەنگەوەهاتنیان بەرزدەنرخێنین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن