1235وتار

قاسم سولەیمانی، نەچووە پرسەی كۆسرەت رەسوڵ

1/7/2020 10:36:00 PM
عارف قوربانی

سەرەڕای قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانیان و گەیشتنی بە ئاستێكی زۆر مەترسیدار، نە ئەمریكا و نە ئێران هیچ كامیان نایانەوێ‌ شەڕی رووبەڕوو لە نێوانیان رووبدات. هەردوولایان هەریەكە و بۆ ئامانجێكی جیاواز پێویستیان بە كات هەیە بۆ ئەوەی تووشی ئەو شەڕە نەبن. ئەمریكا لەلایەك لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی لەپێشە و لەلایەكی تریشەوە هێشتا بەدیلی بۆ دوای رژێمی ئێستای ئێران ئامادە نەكردووە بۆ راگرتنی هاوسەنگیی نێوان سوننە و شیعە لە ناوچەكە. ئێرانیش پێویستی بەكاتی زیاتر هەیە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و دەستڕاگەیشتنی بە چەكی ئەتۆم. بەڵام ئەگەری زۆریش هەیە لێكەوتەكانی كوشتنی قاسم سولەیمانی پەلكێشی دۆخێكیان بكات كە هیچیان خوازیاری نین. 

هەرچەندە سرووشتی شیعە ئێرانییەكان وایە كە بۆ دۆخی ناوخۆی خۆیان هەمیشە پێویستیان بەوەیە وەك قوربانی دەركەون، ئەگەری ئەوەش هەیە وەك كوشتنی ئیمام حوسێن وەبەرهێنان لە كوژرانی قاسم سولەیمانیدا بكەن.

ئەگەر هەردوولاش ئیرادەیان بەسەر لێكەوتەكاندا زاڵ بێ و نەكەونە كاردانەوەی راستەوخۆ وەك ئەوەی بەشێكی زۆری وڵاتان داوایان لێدەكەن، بەڵام تەنیا نەمانی قاسم سولەیمانی لە گۆڕەپانەكە كۆمەڵێك پێشهات دێنێتە ئاراوە كە هاوكێشەی هێز لە ناوچەكە دەگۆڕێت. بەدیاریكراوی لە ململانێ ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتانەی پێشتر ئێران دەستی تێوەرداون. بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی كە بە نەمانی سولەیمانی، دەستی ئێران بە ئاسانی ناگاتەوە ناو هەموو ئەو كون و كەلەبەرانەی پێشتر حاجی قاسم پێیان ئاشنا بوو. واتا ئەگەری هەرە چاوەڕوانكراو گۆڕینی هاوكێشەی هێز و جۆری ململانێ‌ و نەخشەی سیاسی وڵاتانی عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن و هەرێمی كوردستانە بەرلەوەی چاوەڕوانی گۆڕانكاریی گەورەتر بكرێت لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا.

گەرچی هاوكێشەكانی ناوچەكە زۆریان پێكەوە پەیوەستن، بەڵام ئەوەی راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیان و چارەنووسی ئێمەوە هەیە كاریگەرییەكانێتی لەسەر عێراق و كوردستان. حووسییەكانی یەمەن، یان حیزبوڵڵای لوبنان پێگەیان لاوازبێ‌، شتێك لە ژیانی ئێمە ناگۆڕێت، بەڵام كاتێ حەشدی شەعبی لە عێراق دەكەوێتە ژێر گوشارەوە و هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەیان لێدەكرێت، ئەمە دەرفەتی ژیان دەخاتەوە بەردەم ئێمە. چونكە روون بوو لەو هاوپەیمانێتییە هەرێمایەتییەی توركیا و ئێران و دەستوپێوەندەكانیان لە عێراق، دوای ئەوەی 16ی ئۆكتۆبەریان بە ئاسانی بۆ چووە سەر، پلانی دووەمیان نەهێشتنی هەرێمی كوردستان بوو. ئەوەی سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس لەژێر عەبای حەشدی شەعبی كردیان بەشێكی ئامانجەكە بوو، قۆناغی دووەمی لەڕێگەی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆی نێوان (یەكێتی و پارتی) و بەشداریی ئەوانەوە بە ئامانج دەگەیشت كە شەرعییەتدان بوو بە نەهێشتنی قەوارە دەستوورییەكەی هەرێمی كوردستان. 

كوشتنی قاسم سولەیمانی لانیكەم دواخستنی شەڕێكی حەتمیی خۆبەخۆی كوردە، ئەو دەستێكی لە پشتی پارتی و دەستەكەی تری لە هەناوی یەكێتیدا بوو، جیاواز لەو ئامانجە دوژمنكارییەی كە باڵاكردنی كوردیان پێ قووت نەدەدرا، وەك سیاسەتی هەمیشەیی وڵاتەكەشی بەردەوام بە دروستكردنی قەیران لە دەرەوە كێشە ناوخۆییەكانیان دووردەخستەوە، هەروەك لەدوای تێكچوونی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەشەوە بەدوای یاریكردن بە كات و سەرقاڵكردنی ئەمریكاوە بوون لە دەرەوەی ئێران تا بە سوودوەرگرتن لەكات دەبوون بە خاوەن چەكی ئەتۆمی. بۆ ئەم ئامانجانە گۆڕەپانی كوردستان بژارەی هەرە لەپێشیان بوو كە بە كولاندنەوەی كۆنە برینی شەڕی ناوخۆ دەرگای وێرانكاری بەڕووی كورد و كوردستاندا بكەنەوە. 

سەرەتا بەگرتنەبەری ئەو رێگایانەی بەهۆیەوە پارتی و یەكێتی لێك دووردەكەوتنەوە، ئەمەش بەدیاریكراوی لە دوای بڕیاردانی ریفراندۆمەوە دەستیپێكرد. كاتێ‌ پرۆئێرانییەكان لەناو پارتی و یەكێتی رێیان بۆ كێشا كە ئەم خواستە لەڕێگای گوشار خستنە سەر كۆسرەت رەسوڵەوە دەستپێدەكات و بەدوورخستنەوەی كۆسرەت رەسوڵ وەك كەسی یەكەمی یەكێتی دەرگا بەڕووی ئەو دابڕانە ئاسانتر دەكرێتەوە. ئەوە بوو ئاغای سولەیمانی چەند جارێك و لەچەندین رێگاوە فشاری خستە سەر، دوای بێهیوابوون لە پەیامە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆكانی، خۆی دەچێتە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ و وەك ئاماژەی هەڕەشەیەك پێی دەڵێت دوا قسەم ئەمەیە: "ئەگەر بەگوێمان بكەیت، دەتكەین بە كەسی یەكەم لە كوردستان، ئەگەر رێگەشمان لێبگریت دڵنیابە من دێمەوە بۆ پرسەكەت". 

كۆسرەت رەسوڵ مل بۆ خواستەكەی نادات و هەموو بینیمان لەدوای ئەم كۆتا دیدارەیانەوە چی بەرانبەر بە كۆسرەت رەسوڵ كرا. لە هەڵوەشاندنەوەی مەكتەبی سیاسییەوە بیگرە تا نەخۆشخستنەكەی و دواجار لە كۆنگرەی حیزبەكەشی، دوورخستنەوەی هەموو ئەوانەی لەگەڵ بە ئاشتی مانەوەی كوردستان و لەپێناو تێكنەچوونی سەقامگیریی كوردستاندا، لەگەڵ مامەڵەكردن بوون لەگەڵ پارتی. هەروەها بردنە سەرەوەی گرووپی 16ی ئۆكتۆبەر بۆ ترۆپكی دەسەڵات.

قاسم سولەیمانی لەڕێگەی میدیا و كارەكتەرە سێبەرەكانی لە دەرەوەی یەكێتی، هەڵمەتێكی چڕیان دەكردە سەر هەر كەسێك لەناو یەكێتی ئەگەر لایەنگری تێكدانی پەیوەندی لەگەڵ پارتی نەبووایە. بە ناوبردنیان بە پرۆپارتی، بە پارتییەكانی ناو یەكێتی و چەندین ناو و ناتۆرەی تر هەوڵی ناكاریگەركردنیان دەدان. پێچەوانەی ئەمەش هەر ئەو میدیاكارە (بێلایەن) و كارەكتەرە حیزبیانەی كە پرۆئێرانی بوون لە حیزبەكانی تر، كۆمەكیان بەباڵاكردنی هاوئاوازەكانی قاسم سولەیمانی دەكرد لەناو یەكێتی. كۆنگرەی یەكێتی و چوونە سەرەوەی زۆربەی ئەنتی پارتییەكان و بەركەنارخستنی (پرۆ پارتییەكان)، لە بەرانبەریشدا هەندێ‌ رەفتار و سیاسەتی هەڵە و غرووری پارتی، رێگاكەی كورتكردەوە بۆ ئەوەی كوردستان پێ بنێتە قۆناغی ناسەقامگیرییەوە، ئەوەی كە ئێران پێویستی بوو.

بەڵام ئاراستەی رووداوەكان بەهۆی كوشتنی قاسم سولەیمانییەوە رێچكەیەكی تر دەگرن. سولەیمانی كوژرا و بەفریای پرسەكەی كۆسرەت رەسوڵ نەكەوت. پێچەوانەی ئەو تێڕوانینانەی پێیانوایە كوشتنی سولەیمانی كوردستانیش پەلكێشی ناو رووداوەكان دەكات و ئەگەری ئەوە هەیە ببێتە گۆڕەپانی جەنگ، من پێچەوانەی ئەمە دەبینم و پێموایە كوشتنی قاسم سولەیمانی كوردستانی لە جەنگ دوورخستەوە. ئەم رووداوە ئەگەر پێش بەستنی كۆنگرەی یەكێتی بووایە هاوكێشەكانی ناو یەكێتیش ئێستا بەجۆرێكی تر دەبوون. بەڵام هێشتا بەهۆی ئەوەی جۆری سەركردایەتیكردنی یەكێتی یەكلایی نەكراوەتەوە، لە پرسی دیاریكردنی سەرۆكی یەكێتیدا هاوكێشەكە بە زیانی بەرەی ئێران دەگۆڕێت. راستە لە كۆنگرە كاردانەوەی دژایەتیكردنی پارتی وایكرد ئەوانەی نزیك لەپارتی بوون لاواز بكرێن و نزیكەكانی سولەیمانی سەركەوتن، بەڵام ئەم رووداوە شانسی د.بەرهەم زیاتر دەكات لە دەستگرتنی بەسەر یەكێتیدا و ئەمەش دەرئەنجامەكەی بەو جۆرە دەبێت كە پارتی و یەكێتی بخاتەوە بەردەم پێویستیی یەكهەڵوێستی و یەكڕیزییەكی حەقیقی كە لەم قۆناغەدا بەرژەوەندیی كوردستان ئەمەیان دەخوازێت نەك شەڕی ناوخۆ.

لە مێژوودا زۆرجار رووداوی هاوشێوە روویانداوە كە ململانێ‌ و قوڵبوونەوەی ناكۆكیی نێوان دوو لایەن، بووە بە دەرفەت بۆ تەرەفێكی تر. كوشتنی سولەیمانی سەرباری شكستی پرۆژەی بەگژیەكداكردنی كورد، ناكۆكیی ئێران و ئەمریكا دەگەیەنێتە ئاستێك، ئەو دەرفەتە بۆ كورد دێنێتە پێش كە پێچەوانەی ئەو ئاراستەیەی رووی لە شكست بوو، بكەوێتەوە سەر رێی هەستانەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن