تەڵەى سەرژمێری بەپێى کورد دا دەتەقێت
7/10/2024 3:21:00 PM
عارف قوربانی
بەشێک لە وڵاتانى جیهان گەیشتوونەتە ئاستێک پێویستیان بە پرۆسەى سەرژمێریى گشتى دانیشتووان نەماوە، چونکە بەهۆى پێشکەوتنى تەکنەلۆژیاوە رۆژانە ئەم پرۆسەیە بەشێوەى ئەلیکترۆنى ئەنجام دەدرێت. دەزاندرێت چەند کەس لەدایک دەبن و چەند کەس دەمرن. نەک هەر لاى دەوڵەت تەنانەت بۆ هەر کەسێک بیەوێ دەستى بەو زانیارییانە بگات، بە ئاسانى دەتوانێت هەر لە رێگەى مۆبایلەکەى دەستییەوە بزانێت ژمارەى دانیشتووانى وڵاتەکەى چەند کەسە و هەریەک لە شارەکانى چەند کەسى تێدا دەژین، هەروەها دەزانێت چەندیان منداڵ و گەنج و چەندیان پیرن، چەندیان رەگەزى نێر و چەندیان مێینەن.
بەڵام لە عێراق وانییە، رەنگە تاکە دەوڵەت بێت تائێستا ژمارەى راستەقینەى دانیشتووانى نازاندرێت. ژمارەى راستەقینەى ئەندامانى هێزە چەکدارەکانى و ژمارەى فەرمانبەران و مووچەخۆرانى ناڕاستن، تەنانەت ژمارەى ئەوانەى بەشەخۆراکى مانگانە وەردەگرن هەر ناڕاستە و ژمارەى دەنگدەر و کارکەر و بێکار، ژمارەى گەورە و مناڵ، نازاندرێت چەند لە هاووڵاتییەکانى لە ناوخۆى وڵات دەژین و چەندیان لە دەرەوەن. تەنانەت هەموو ئەو ژمارانەى لە وەزارەتى پلاندانانیش بڵاودەکرێنەوە جێگەى تێبینى و گومانى زۆرن، چونکە جیا لەوەى لە بنەڕەتدا کێشەیەک هەیە لەنێوان پێکهاتە نەتەوەیى و مەزهەبیەکانى عێراقدا پەیوەندى بە ژمارەى دانیشتووانەوە هەیە، هۆکارى دیکەش هەن کە ناوى مردوو ناسڕدرێتەوە و ناوى وەهمى لە تۆمارى دەنگدان و لەنێو لیستى مووچەخۆرانى فەرمانبەرانى دەوڵەت و لە لیستى هێزە چەکدارەکاندا هەیە. بۆیە بۆ عێراق پرۆسەی سەرژمێریى گشتى دانیشتووان بووەتە یەکێک لە پێویستییە سەرەکی و لەپێشینەکان.
تا ژمارەى راستەقینەى هاووڵاتیان، چین و توێژەکانى کۆمەڵگا، دابەشبوونیان بەسەر رەگەز و تەمەن و جوگرافیا، ژمارەى منداڵ و گەنج و بەتەمەن، کارکەر و بێکار، شارنشین و لادێنشین، خوێندەوار و نەخوێندەوار، لەشساخ و نەخۆش، هەژار و دەوڵەمەند، فەرمانبەر و ئەندامانى سوپا، ئەوانەى لە ناوخۆى وڵات دەژین و ئەوانەى لە دەرەوەى وڵاتن، تا ئەمانە و دەیان پێویستیى دیکەى زانیارى هەن لەبارەى کۆمەڵگەوە بە دروستى نەزاندرێت، ناتواندرێت پلانێکى گونجاو بۆ خزمەتگوزاریی گشتى و بەڕێوەبردنى وڵات دابنرێت. عێراق هیچ کام لەوانەى بە راستى و دروستى لە بەردەست نییە. هەر پرۆسەیەکى وردبینى لە هەر جومگەیەکى دەوڵەتى و نادەوڵەتى نێو کۆمەڵگەى عێراقى دەکرێت، بە قەبارەى زۆر ژمارەى ناڕاست ئاشکرا دەبێت.
گرفتەکەش تازە نییە، هەر لە سەرەتاى دروستبوونى دەوڵەتى عێراقەوە بەهۆى بوونى ململانێ و ناکۆکى نێوان پێکهاتەکانى، هەندێکجار لە ناوەندى دەسەڵاتەوە کار بۆ شێواندنى ژمارەى راستەقینەى دانیشتووان کراوە. بە درێژایى 100 ساڵى رابردووى تەمەنى عێراق هیچ ئامار و سەرژمێرییەکى نییە بە دروستى و دوور لە ئەجێنداى سیاسى و نەتەوەیى و مەزهەبى ئەنجام درابێت.
عێراق تاکە دەوڵەتە خۆى دەستکارى تۆمارى گشتیى دانیشتووانى کردبێت، تاکە دەوڵەتە لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتوواندا بە مەبەست و بۆ ئامانجى رەگەزپەرستى، رێگەى نەدابێت چەند ناوچەیەک سەرژمێرى تێدا ئەنجام بدرێت وەک ئەوەى لە سەرژمێریی ساڵى 1987 دا کردى و رێگەى نەدا بەشێکى زۆرى گوندەکانی کوردستان پرۆسەى سەرژمێرى بیانگرێتەوە و وەک ناوچەى قەدەخەکراو ناسێندران، دواتر دانیشتووانەکانى کۆمەڵکوژ کران. هەر ئەو کات لە بەغدا و بەشێک لە شارەکانى نێوەڕاست و خوارووى عێراق رێگەى نەدا ناوى کوردە فەیلییەکان لە پرۆسەى سەرژمێریی گشتى وەک هاووڵاتى عێراقى تۆمار بکرێن. بە پێچەوانەى ئەمەشەوە، لە هەندێ ناوچەى وەک کەرکووک و خانەقین و لە دەشتى نەینەوا بە مەبەستى بەرزکردنەوەى ژمارە و رێژەى عەرەب ئەو کرێکارە میسرییانەى لە سەرژمێریی گشتى وەک هاووڵاتیی عێراقى تۆمارکردووە کە بۆ کارکردن هاتبوونە عێراق. هەروەها لە سەرژمێریی ساڵى 1997 دا دانیشتووانى ناوچەکانى ژێر دەسەڵات و ئیدارەى هەرێمى کوردستان لە سەرژمێریی گشتى تۆمار نەکراون.
لە مێژووی عێراقدا رووداوێک تۆمارکراوە کە دەتوانرێت وەک پێوەر بۆ هەموو ئاست و قۆناخەکانى ژیانى سیاسى و کۆمەڵایەتیی عێراق وەک نموونەیەکى بەرجەستە وەربگیرێت، ئەویش ئەوەیە دەڵێن لە سەروبەندى جەنگى دووەمى جیهانى، کاڵا و پێویستیی خۆراکى زۆر کەم بووە، دەوڵەت بڕیاریداوە لە رێگەى پسوڵەیەکەوە هەندێک پێویستیی خۆراکى بداتە هاووڵاتییان، لەکاتێکدا ئەوکات ژمارەى دانیشتووانى عێراق کەمتر بووە لە چوار ملیۆن کەس، بەڵام ئەوانەى ناویان تۆمارکراوە بۆ وەرگرتنى ئەو پسوڵە خۆراکییە گەیشتووەتە سەرووى 20 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقى. لە هەموو ئاستەکاندا ئەم دیاردەیە تائێستاش بەردەوامە.
هەر ئەو هۆکارانەشە رێگربووە لەوەى لە سێ دەیەى رابردوودا پرۆسەى سەرژمێریى گشتى دانیشتوان لە عێراق ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدا پێشتر وەک نەریتێک هەر 10 ساڵ جارێک ئەگەر بە رووکەشیش بووبێت پرۆسەکە بەڕێوەچووە. بەڵام لە دواى رووخاندنى سەدام و دروستکردنەوەى عیراقى نوێ، کە پێویست بوو لە پرۆسەیەکى دوور لە ئامانجى سیاسى و تائیفى و نەتەوایەتى سەرژمێرى گشتى دانیشتوان ئەنجام بدرایە و بکرایەتە بنەمایەکى راست و دروست بۆ عێراقى نوێ. بەڵام نەک ئەوە نەکرا، بەدرێژایى ئەم 20 ساڵەش هاوشێوەى دەسەڵاتى شۆڤێنیانەى سوونەى عەرەب کە لە دەسەڵاتى بەعسدا بەرجەستە بووبوو، دەسەڵاتى شیعەیش لە چوارچێوەى پرۆسەى تەشەیوعدا بەهەمان ئەو رێگایانەدا رۆیشت تا سەرژمێرى بۆ بەرژەوەندى شیعە بەکاربەرێت. ساڵى 2007 کە دەبوو پرۆسەى سەرژمێرى بەڕێوە ببرێت، دەسەڵاتى زاڵى شیعە رێگەیان نەدا و بڕیاربوو لە ساڵى 2010 ئەنجامى بدەن، ئەوەشیان نەکرد و بۆ ساڵى 2017 دوایانخست، لە ساڵى 2017 بە هەندێ پاساوى دیکە خۆیان لە ئەنجامدانى دزییەوە، بەدەستى دەستیپێکردن هێنایان بۆ ئێستا و بڕیارە لە مانگى 11ـی ئەمساڵ پرۆسەکە بەڕێوە ببرێت.
بەپێى ئەو رێکارانەى لەلایەن حکومەتەوە گیراونەتەبەر پێدەچێت ئەمجارە دوانەخرێت و لەو وادەیەى بۆى دیاریکراوە پرۆسەى سەرژمێرى گشتى دانیشتوان لە سەرتاسەرى عیراق ئەنجام بدرێت. هەرچەندە بڕیار وایە هیچ ئاماژەیەک بە مەزهەب و نەتەوە نەدرێت لە تۆمارى کەسى سەرژمێرى گشتیدا، بەڵام ئامانجەکە بەدەر نییە لەو ململانێ نەتەوەیى و مەزهەبییەى عێراقى گیرۆدە کردووە. خۆدزینەوەکانى دوو دەیەى رابردووش هەر لەو چوارچێوەیەدا بوو.
ئێستا لە هەموو روویەکەوە هەلومەرج بۆ شیعەى دەسەڵاتدار لەبارە، بۆیە سەرژمێرى ئەنجام دەدات. لە بەرانبەر کورد رێژەیەکى زۆرى عەرەب هێنراونەتە ناوچەکانى کوردستان، چى ئەو بەشەى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم کە راستەوخۆ بەعدا بەڕێوەى دەبات و چى ناو هەرێمى کوردستانیش. هەروەها شیعەیەکى زۆرى بردووەتە ناو قووڵایى ناوچە سوونییەکانەوە، لە بەغدا و دیالەوە بۆ سەڵاحەدین و نەینەوا و تا ئەنبار. بڕیار وایە هەموو ئەوانەى لە ئێستادا لەم ناوچانە دەژین وەک شوێنى نیشتەجێبوون لە سەرژمێرى گشتى تۆمار بکرێن. گرنگ نییە ئاماژە بەوە نادرێت ئەمانە سەر بە چ مەزهەبێکن. یاخود ئەو عەرەبانەى هێنراونەتە کەرکووک و تەواوى ناوچە کوردستانییەکان، هیچ ئاماژەیەک بەوە ناکرێت چ نەتەوەیەکن، ئەمە تاکتیکێک بوو گرتیانە بەر تا سوونە و کورد رازى بکرێن بۆ ئەنجامدانى سەرژمێری. گرفتەکە بۆ کورد و بۆ سوونە ساڵانى دواتر دەردەکەوێت.
بەدەر لەو رێکارانەى دیکە بۆ هێنانى عەرەب و نیشتەجێکردنیان گرتبوویانەبەر، چەند مانگێکە رێژەیەکى زۆرى عەرەب دێنە کەرکووک و لە گەڕەک و ناوچە کوردنشینەکان دەبن بە کرێچى، نموونە زۆرن کە پێشەکى شەش مانگ کرێیان داوە و هەر بۆ شەش مانگ خانووەکانیان بەکرێ گرتووە. ئامانجەکە ئەوەیە ئەم هاووڵاتییە عەرەبە لە سەرژمێرى گشتى دانیشتواندا وەک هاووڵاتییەک لە کەرکووک تۆمار بکرێت، با هەر نەنووسرێت عەرەبە، بەڵام دواتر وەک عەرەبێک دەبێت بە هاووڵاتى کەرکووک و ئەم سەرژمێرییە دەکرێن بە بناغە بۆ داهاتووى. ئەمە بۆ عەرەبەکانى دانیشتووى ناو پارێزگاکانى هەرێمیش هەر راستە.
لە بەرانبەر ئەمەدا مەترسییەکى دیکەش هەیە کە کورد هەستى پێناکات تا وەک تەڵەیەک بە پێیدا نەتەقێت، ئەویش ئەوەیە رێژەیەکى زۆرى کوردى کەرکووک لە دەرەوەى کەرکووک دەژین لە دهۆک و هەولێر و سلێمانى، پێشتر بۆ کاتى دەنگدان لە پرۆسەکانى هەڵبژاردن دەچوونەوە بۆ کەرکووک، بەڵام ئایا لە پرۆسەى سەرژمێرى دانیشتوان لەکوێ ناویان تۆمار دەکرێت؟ ئایا رێگە دەدرێت لە هەر خانوویەکدا لە کەرکوک چەند ماڵ لەسەر ئەو خانووە تۆمار بکرێت؟ ئەم کوردانەى کەرکووک کە لە دەرەوەى کەرکووک دەژین و پێشتر دەچوونە ماڵە خزم و کەسوکار بۆ دەنگدان، ئایا تەگبیرى ئەوە کراوە لە سەرژمێرى شوێنى تۆمارکردنیان بۆ دابین بکرێت؟ ئەى کە لە سەرژمێرى ناویان لە کەرکووک تۆمار نەکرا، لە پرۆسەکانى داهاتووى دەنگدان چى مافێکیان دەمێنێت بەشدارى پرۆسەى هەڵبژاردن بکەن. کە بەمەش رێژەیەکى زۆرى دەنگدەرى کورد کەم دەبێتەوە.
جیا لەوانەش بەشێکى زۆر لە دانیشتوانى کفرى و کەلار و چەمچەماڵ، بەهۆى مادەى 140ـی دەستوورەوە تۆمارى دەنگدان و کۆبۆنى خۆراکیان لە کەرکووکە. بەڵام هیچ بنە و شوێنێکیان نییە لە کەرکووک تا ئەگەر رێگەش بدرێت بچن لە کەرکووک لە سەر خانوویەک وەک شوێنى نیشتەجێ خۆیان تۆمار بکەن لەسەر کەرکووک. سبەینێ چى گرفتێکیان بۆ دروست دەبێت کە ناویان لە سەرژمێرى گشتیدا لە کەرکووک تۆمار نەکراوە؟
راستە ئەو فۆرمەى ئێستا لە پرۆسەى سەرژمێرى گشتى دانیشتووان ناوەکانى لەسەر تۆمار دەکرێت، ئاماژە بە نەتەوە و مەزهەب نادات. بەڵام خۆ ئەم سەرژمێرییە مەزهەب و نەتەوە لە کەس داناماڵێت و دواى پرۆسەکە شیعە هەر شیعەیە و کورد هەر کوردە و عەرەب هەر عەرەب. بە سەتان هەزار و بگرە زیاتر عەرەبى تازە هێندراونەتە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم و لە داهاتوودا سەرژمێرى گشتى دانیشتووانى ساڵى 2024 دەکرێت بە بنەماو پێوەر بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت خەڵکى کام ناوچەى عێراقە. ئەو وەک هاوڵاتییەک دەبێت بە کەرکووکى با هەر لە سەرژمێرییەکەدا نەنووسرابێت عەرەبە یان کورد.
کورد سەرقاڵکراوە بە هەندێ پرس و بابەتى لابەلا و ناپێویستەوە ئاگاى لەم هاوکێشانە نەماوە، بەڵام لە سەرژمێریدا و دواى پرۆسەکە دەردەکەوێت چى پرۆژەیەکى مەترسیدارى تەشەیوع و تەعریب بەسەر کورد دا سەپێندراوە.