دیدێکى راشکاوانە لەسەر پەیوەندیی هەولێر و تاران
5/13/2024 10:57:00 AM
عارف قوربانی
کورد لە باشوورى
کوردستان جیاواز لە هەریەک لە وڵاتانى دراوسێى، پەیوەندییەکى جیاواز و لە مێژینەى
لەگەڵ ئێران هەبووە. جیا لەوەى مێژوویەکى چەند هەزار ساڵەى هاوبەش لەنێوان کورد و
فارسدا هەیە وەک دوو نەتەوەى هەرە کۆنى ناوچەکە، بەڵام بەشێکى ئەم پەیوەندییە جیاوازە
پەیوەست بووە بەوەى دووژمنى هاوبەشیان هەبوو.
ئەم بوونى
دووژمنە هاوبەشە وایکردبوو ئێرانیش بەجۆرێکى جیاوازتر لە کوردى باشوورى کوردستان بڕوانێت
وەک لە بەشەکانى دیکەى کوردستان. هۆکارەکەش ئەوەبووە ئێران کێشە و دووژمنایەتى لەگەڵ
عێراق هەبوو. هەروەها لە سەردەمى ئێرانى کۆن و نوێدا خەسڵەتێکى بەردەوام لە ئێراندا
هەبووە کە ئەویش پەلهاویشتن بووە بۆ دەرەوە و کەڵک وەرگرتن بووە لە دەوروبەرەکانیان
بۆ سوودى خۆیان. لەم سۆنگەیەوە رایەڵەیەکى بەهێزى پەیوەندییان لەگەڵ کورد لە عێراق
دروستکردووە و توانیویانە سوود لە کێشە و ناکۆکیى نێوان کورد و بەغدا وەربگرن. بۆیە
لە دەستپێکى یەکەم چەخماخەى بزووتنەوەى چەکدارییەوە لە باشوورى کوردستان، ئێران دەستى
بە پشتى شۆڕشى کوردەوە بوو تا رووخانى سەدام.
بەڵام دواى کەوتنى
سەدام و هاتنە ئاراى سەردەمێکى جیاواز کە شیعە باڵادەستى بەغدان، چاوەڕوانکراو بوو
ئەم هاوکێشەیە وەک خۆى نەمێنێتەوە، چونکە ئەو بەغدایەى کە پێشتر دووژمنى هاوبەشى
کورد و ئێران بوو، ئیدی نەک کێشەى لەگەڵ ئێران کۆتاییهات، بەڵکو بووە بەشێک لە پڕۆژە
فراوانەکەى ئێران لە ناوچەکە. لەلایەک مانەوە و بەردەوامیى کێشە و ناکۆکیى نێوان
کورد و بەغدا، لەلایەکى دیکەیشەوە رۆڵ و پێگەى ئەمریکا لە عێراق و هەرێمى
کوردستان، ئێرانى پەلکێشى نێو ململانێکان کرد، بەڵام ئەوەى چاوەڕوان نەکراو بوو ئەوەبوو
کە ئێران بەچاوى نەیار لە کورد بڕوانێت لە عێراق. چاوەڕوانیی کورد لە ئێران بەو جۆرە
بوو کە بتوانێت وەک دۆستى هەردوولا رۆڵى لە لێکنزیککردنەوەى هەولێر و بەغدایا هەبێت،
بەڵام ئێران ئەمەى نەکرد و بووە تەرەف لە کێشەکان. بە دیاریکراوى لە دواى رووداوەکانى
16ـی ئۆکتۆبەرەوە کە کێشەو ناکۆکییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا قوڵتربوونەوە، ئێران
رۆڵى ئێجگار زۆرى هەبوو لەو گوشارانەى بەغدا بۆ سەر کوردستان دروستیکردن، لەم حەوت
ساڵەشدا هەموو ئەوەى لە بەغداوە بەرانبەر بە هەرێم کراون ئەگەر راستەوخۆ لە مەتبەخى
تارانیشەوە ئامادە نەکرابن، ئێران دەستى تێیدا هەبووە. نەک هەر لەگەڵ بەغدا، تەنانەت
لەگەڵ تورکیاش لێکتێگەیشتنى سیاسى و ئەمنی لەنێوانیان دروستبوو بۆ بچووککردنەوەى پێگەى
هەرێمى کوردستان و لەقاڵبدانى، بە ئەندازەیەک گوشاریان خستنە سەر هەرێمى کوردستان
کە زۆر کەس بە ئاماژەى نەهێشتنى قەوارەى هەرێم وێنایان دەکرد.
بەشى زۆرى هۆکارى
ئەم هەڵوێست و مامەڵەکردنەى ئێران پەیوەندى بەوەوە هەبوو کە پێى وابوو هەولێر بووەتە
ناوەندى هێزە نەیارەکانى و بەو هۆیەوە بووەتە سەرچاوەى هەڕەشەو مەترسى بۆ سەر وڵاتەکەى.
چەندینجار لەسەر ئاستى زۆر باڵاى دەسەڵاتدارانى لە میدیاکانەوە ئەمەیان چەندبارە
کردووەتەوە، تا گەیشت بەو ئاستەى بە درۆن و مووشەکى زیرەکى دوورهاوێژ هەولێر بکەنە
ئامانج.
هیچ رەفتار و
مامەڵەیەکى دەوڵەتانى ناوچەکە لەگەڵ کورد بە رەوا نابینم، بەڵام کاتێ بەهۆى گومان یاخود
زانیاریی هەڵەوە هەڕەشە و مەترسى بخەنە سەر هەرێمى کوردستان و هەرێم بتوانێت بە
روونکردنەوەى راستییەکان، یان بە دیدار و گفتوگۆ مەترسییەکان بڕەوێنێتەوە و نەیکات،
هەڵەیەکى کوشندەیە. نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا
لە تاران ئاماژەی بە خاڵێکى زۆر گرنگ کرد، گوتى ماوەیەکە لایەنى ئێرانى گلەیى و نیگەرانییان
لە هەولێر هەیە، ئێمەش گلەیى و نیگەرانیمان لە تاران هەبووە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە
دانیشتن لە نێوانمان نەبووە. ئەم قسەیەى بارزانى بەو مانایەیە کە ئەگەر ئەو دۆستایەتیى
و پەیوەندییە تووندوتۆڵەى جارانیش لە نێواندا نەما، بەڵام دیدار و دانیشتن و گفتوگۆ
بەردەوام بووایا، بەدڵنیاییەوە کێشەکان نەدەگەیشتن بەو ئاستە خراپەى هەبوون.
پێویستە خۆشمان
رووبەڕووى رەخنە بکەینەوە کە هەموو ئەوەى روودەدەن هەر تەنیا لایەنى بەرانبەرمان خەتابار
نین، لانى کەم لەوەدا کورد ئۆباڵى بەشێکى بەردەکەوێت کە بە دروستکردنى پەیوەندى و
دۆستایەتى و گفتوگۆى بەردەوام، دەتوانێت بەشێک لە مەترسییەکان لەسەر خۆى کەم بکاتەوە.
ئەزموونى سەلمێندراویشمان لەو بارەیەوە هەیە، دواى گشتپرسى و 16ـی ئۆکتۆبەر ئەو گەمارۆ
سیاسى و ئابوورى و دیپلۆماسى و هەڕەشانەى لەسەر هەرێمى کوردستان هەبوون، هەرێمیان
گەیاندە لێوارى لەنێوچوون، ئەوکاتیش نێچیرڤان بارزانى کە سەرۆکى حکومەت بوو بە
گرتنەبەرى سیاسەتێکى لۆژیکیانە لە دەستپێکردنەوەى گفتوگۆ لەگەڵ عەبادى رۆڵێکى گەورەى
بینى کوردستان لە لێوارى کەوتن هەستێنێتەوە. لە بیرمە لە سەرەتاى ئەو پرۆسەیەدا کە
بەغدا هێندە غروور بوو، وەڵامى داواى گفتوگۆى هەولێرى نەدەدایەوە، تێچیرڤان
بارزانى کەوتبووە بەر رەخنەیەکی زۆر و هەوڵەکانى بۆ دەستپێکردنى گفتوگۆ بە هەوڵى
سازشکارانە لەقەڵەم دەدرا، تەنانەت لە ئاستى زۆر باڵاى حیزبەکان بە خودى حیزبەکەى
خۆیشیەوە، گلەیى ئەوەیان لێدەکرد بەو لە دەرگادانە بەردەوامەى بەغدا بۆ کردنەوەى دەرگەى
گفتوگۆ، کوردستانى هێندەى دیکە لاوازکردووە، بەڵام ئەو کۆڵى نەدا تا بەو سیاسەتەى
توانى نەک هەر دەرگەى بەغدا بەڵکو دەرگەکانى دونیاش جارێکى دیکە بەڕووى کوردستاندا
بکاتەوە.
ئێستاش هەرێمى
کوردستان لە دۆخێکى هاوشێوەدایە، هیچ کات بەم ئەندازەیە گوشار و هەڕەشە و مەترسى دەرەکى
و ناوخۆى نەکەوتووەتەسەر، بۆیە ئەگەر جارێک پێویست بێت هەولێر بایەخ بە پەیوەندى و
گفتوگۆى بەردەوامى بدات لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانى دیکە، دووجار پێویستى بەوەیە لەگەڵ
تاران پەیوەندییەکانى بەهێزتر بکات. مانۆڕەکانى چەند مانگى رابردووى سەرۆکى هەرێمى
کوردستان لە گفتوگۆکانى لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە و تاران، هاوشێوەى ئەو هەوڵانەى
دواى رووداوەکانى 2017 دەبینم کە ئەگەر لەناوخۆى هەرێمی کوردستاندا یارمەتیی ئەو
ئاراستیە بدرێت، ئەنجامەکەى بەجۆرێک دەبێت کە مەترسییەکان دەگۆڕێت بۆ دەرفەت بۆ
کوردستان. لە برى ئەو چاوەڕوانییانەى هەبوون بۆ هەڵوەشانەوەى قەوارەى هەرێمی
کوردستان، دەیخاتەوە سەر رێگەى هەستانەوە.
بەتایبەتى لەم
بارودۆخە ئاڵۆز و پڕ لە تەنگەژە سیاسییەى ناوچەکە و عێراق و ناوخۆى هەرێمى
کوردستان، چوونى بۆ ئێران و دیدارى لووتکەى لەگەڵ رابەر و سەرۆککۆمار و بەرپرسانى
دیکەى ئەو وڵاتە، گرنگ بوو بۆ دوورخستنەوەى هەرێمى کوردستان لەو هەڕەشە و مەترسییانەى
لەلایەن ئێرانەوە لەسەرى بوون. هەروەها بەهۆى رۆڵ و پێگەى ئێران لە ناوچەکە و کاریگەریى
بەسەر عێراقیشەوە، چاوەڕوانى ئەوەش دەکرێت کردنەوەى دەرگەى تاران بەڕووی هەولێردا یارمەتیدەربێت
لە چارەسەرکردنى بەشێک لە کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغداش. لە ئاستى ناوخۆى هەرێمى
کوردستانیشدا دەکرێت دەرفەتێک بۆ رێکخستنەوەى ناوماڵى کورد بڕەخسێنێت، بەتایبەت لە
نێوان پارتى و یەکێتیدا کە لە ئێستادا گەیشتووەتە ئاستێکى مەترسیدار لە قۆڵبادانى یەکدی.
نێچیرڤان
بارزانى خاوەن هەندێ خەسڵەت و تایبەتمەندییە ئەگەر دەرفەتى بدرێتێ توانا و لێوەشاوەیى
ئەوەى هەیە رێگەى جۆراوجۆر بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى کێشەکان بدۆزێتەوە. ئەو بە حوکمى
پێگەکەى وەک سەرۆکى هەرێمی کوردستان هەروەها بەهۆى خەسڵەت و سرووشتى تایبەتى خۆیشى
لە کارى سیاسى، لەدواى مام جەلالەوە وەک کارەکتەرێکى سیاسى تا ئەندازەیەکى زۆر لەلایەن
هەموو تەرەفە ناکۆکەکانەوە پەسندکراوە. تاکە سیاسیی کوردە تواناى ئەوەى هەیە لەیەک
کاتدا دەستێکى لەدەستى ئەمریکا و دەستەکەى دى لە دەستى تاراندا بێت.
لەم دۆخە شێواوەى
ناو ماڵى کورددا بۆ هەموولایەک گرنگە رێز لەم جۆرە هەوڵانە بگرن و یارمەتیدەریبن بۆ
تێپەڕاندنى مەترسییەکان و گۆڕینیان بۆ دەرفەت. وەک خۆیشى ئاماژەى پێکرد ئەم سەردانەى
بۆ ئێران (دەبێتە دەستپێکى قۆناخێکى نوێ لە پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و تاران)،
لە واقیعیشدا بۆ ئەمڕۆ سەقامگیریى و ئاسایشى ئابوورى و سیاسیی کوردستان بەستراوە بە
سیاسەتى تارانەوە.