176وتار

یه‌كێتی نیشتیمانی و ئێمه‌

7/11/2023 1:27:00 PM
فازڵ میرانی


له‌وانه‌یه‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی نێوانمان كه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی نۆی ئه‌م مانگه‌ به‌سترا گونجاوبێت بۆ قسه‌ له‌سه‌ركردن به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و وێنایه‌ی له‌ راگه‌یاندنه‌كان پیشاندرا كه‌ به‌ده‌ر نه‌بوو له‌ گرژیێكی شاراوه‌، گرژیێك ئێمه‌ لێی تێده‌گه‌ین و ده‌یخه‌ینه‌ چواچێوه‌ و سنووری هه‌ڵچوونێك كه‌ هیوامان وایه‌ درێژه‌ نه‌خایه‌نێت و فراوان نه‌بێت و، له‌وه‌شدا بڕوا و متمانه‌مان به‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی هه‌یه‌ كه‌ مێژووی باوانه‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كان نابه‌زێنن كه سه‌ركرده‌ و كادیر بوون له‌ پارته‌كه‌مان پێش دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتیمانی.‌ 


ئێمه‌ كار له‌سه‌ر هاوبه‌شه‌ به‌رهه‌مداره‌كان ده‌كه‌ین له‌ هاوكێشه‌یه‌كی سودبه‌خش و واقیعی و پێویست و، میلله‌ته‌كه‌مان دوور ده‌خه‌ینه‌وه‌ له‌ كردار و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌كان كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی پێچه‌وانه‌ی سیسته‌می یاسایی و چوارچێوه‌ی ئه‌و ژیان و سیاسه‌ته‌یه‌ كه هه‌موومان كارمان پێی كردووه‌ و هه‌ر كه‌س به‌ گوێره‌ی‌ سه‌نگی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان دوور بێت له‌ مه‌ترسی.‌ 


یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هاوبه‌شمانه‌ و ئێمه‌ هاوبه‌شی ئه‌وانین، گرنگ نییه‌ له‌ رسته‌كه‌ كێ پێش كێ بكه‌وێت، ئه‌مه‌ جێگای بایه‌خی ئێمه‌ نییه، ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ و وابزانم بۆ ئه‌وانیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مێژوو بخه‌ینه‌ تای ته‌رازووی بیناكردن و ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ مه‌زنانه‌ له‌ له‌ناوچوونی بكه‌ره‌كانی ئه‌نفال و راگواستن و كوشتن و ویران كردن و به‌ ته‌به‌عیكردن و تواندنه‌وه، له‌ سایه‌ی ئیراده‌ و كاری پێكه‌وه‌یی له‌گه‌ڵ هێز و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ و به‌ هاوكاری توانای نێوده‌وڵه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی درێژه‌ به‌ سه‌قامگیری و ئاساییش و هاوته‌ریب بینا بده‌ین، بینای مرۆڤ به‌ شێوه‌یێكی سه‌رده‌میانه‌ به‌ تامی ره‌سه‌نایه‌تی گه‌له‌كه‌مان و هه‌روه‌ها بونیادنانی خاك.


نزیكه‌ی هه‌شتا ساڵ یاخود بڵێین نزیكه‌ی شتێك له‌ سه‌ده‌یه‌ك كه‌مترمان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ر برد له‌پێناو پێشكه‌وتن و به‌ره‌و پێشڤه‌چوونی سه‌رده‌میانه‌ی گه‌له‌كه‌مان و، هیچ ماڵێك له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان درێغییان نه‌كرد له‌ قوربانیدان له‌ به‌ندكردن و شه‌هیدبوون، به‌ له‌ سێداره‌دان یان به‌ گولـله یان خنكاندن به‌ گاز یانیش برسیتی و نه‌داری یان راگواستن و بێسه‌روشوێنكردن.


هیچ ده‌ستكه‌وتێكمان به‌ ئاسانی و به‌ خێرایی‌ به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌، هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان باجێكی زۆرمان له‌ پێناو داوه‌ له‌ خوێن و عاره‌قه‌ و خۆمان له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی شێواندن كڕكرد كه‌ له‌ نزیكه‌كانمانه‌وه‌ له‌ دژمان به‌رپا ده‌كرا، كڕبووین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان به‌ هه‌ندێكمان نه‌فرۆشێین وه‌كوو (عبدالغفار ئه‌خره‌س)ی شاعیر ده‌ڵێت.


وه‌كو خۆم بڕوایه‌كی زۆرم به‌ ژیریی سه‌ركردایه‌تی براكانمان له‌ یه‌كێتی نیشتیمانی هه‌یه‌ و هه‌روه‌ها به‌ بیرتیژییان له‌ هێنانه‌ به‌رچاوی توانا و عاقڵمه‌ندیاتییه‌كه‌ی خوالێخۆشبوو مام جلال و بڕوایان به‌ مامیان سه‌رۆك مسعود بارزانی، چونكه‌ هه‌موومان له‌ به‌رده‌م واقیعێكین په‌رته‌وازه‌بوون و خه‌ریكبوون به‌ مڵمڵانێیه‌ك له‌سه‌ر بیانووگرتن سه‌باره‌ت به‌ لێدوانێك كه‌ نابێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ته‌بایی و یه‌كریزی ماڵی كورد تێك بدات، هه‌ڵناگرێت.


* به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن