لە نێوان چاوبرسییەك و چاوتێرێكدا
11/13/2024 1:38:00 PM
پشتیوان ئەحمەد
ئێوارەیەك لەجادەی سالم پیاسەم دەكرد، سەد مەترێك مابوو بگەمە بەردەم بارەگای رێكخراوە دیموكراتییەكانی جارانی یەكێتی. لەو مەودایەدا تەماشام كرد پیاوێك بە جلی كوردییەوە لە پەنای دیوارەكە وەستاوە، هەر ماوەیە و جارێ دەچێتە ناوەڕاستی شۆستەكە، پرسیارێك یاخود، قسەیەك لەگەڵ ئەو خەڵكەی پیاسەدەكەن، دەكات و دەگەڕێتەوە بۆ جێگەكەی خۆی، گەیشتمە لای و وتم:خاڵە گیان ئەمرێكت هەیە؟
وتی: پێویستیم بە پێنج سەد دینارە، بۆ ئەوەی دوو سەموون لەو فڕنە بكڕم، بۆ ئەم ئێوارەیە بیخۆم.
وتم: دەكرێت سێ هەزار دینارت بدەمێ؟
وتی: خاتری خوا سێ هەزار زۆرە، چی لێبكەم.
وتم: باقێكەی بۆ سبەی هەڵبگرە.
وتی: با ئەمشەو تێر بم، خوا گەورەیە بۆ سبەی.
تەنها پێنج سەد دینارەكەی وەرگرت، دوایی كە دوور كەوتمەوە، چوومە داڵغەوە، خودایە مرۆڤ چەند ئاڵۆزە، هەر لەودیو جادەكەی بەرانبەری ئەم پیاوە، تەلارێك بۆ كەشكەڵانی ئاسمان بەرزبۆتەوە، حەتمەن خاوەنەكەی سەروەتمەندە، بەڵام خۆ ئەویش ئینسانە و دەبێت بمرێت و لەوانەشە چەند نەخۆشییەكیشی هەبێت، بەڵام هەرهەڵپەیەتی و خووی بە پارە كەڵەكەكردنەوە گرتووە.
پارەیەكی زۆری هەیە و گیرفانی پڕە، بەڵام چاوی برسییە بە پێچەوانەوەی پیاوەكەی لەمەڕ خۆمان گیرفانی بەتاڵە وەلێ چاوی تێرە.
هەردووكیان كوردن لەم شارە دەژین، بەڵام دیدگایان بۆ ژیان و مردن و قیامەت حەتمەن جیاوازە.