163وتار

بڕیاری خانەنشینی 2 قەیران و 2 پرسیار؟!...

1/27/2025 3:07:00 PM
فەرەیدون بێوار

خانەنشینکردنی زۆرەملێ و چەسپاو لەسەرجەم وەزارت و فەرمانگەکان بەبێ رێزپەر، کارێکی باش و گونجاوە، بەڵام خانەنشینکردنی نزیکەی 35 هەزار فەرمانبەر کە نزیکەی 5 هەزاریان مامۆستان، بەبێ دیراسەکردن و پلان بۆ دانراو و  بەبێ دامەزراندنی نوێ و شوێنگرەوە، دوو قەیران بەدوای خۆیدا دێنێت:

1: یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، چەند ساڵێکە دەرچووە و هەرێم جێبەجێی نەکردووە، ئێستا کە یاساکە بۆ هەموارکردنەوە لەپەرلەمانی عێراقە و پێشنیاز کراوە، تەمەنی خانەنشینی لە 60 ساڵەوە بەرز بکرێتەوە بۆ 63 ساڵ، لەگەڵ پەسەندکردنی هەموارەکە، قەیرانێکی نوێتر لەنێوان هەرێم و بەغداد لەداهاتوودا سەر هەڵدەدات.

ئنجا ئایا لەگەڵ بەغداد هەماهەنگی و رێککەوتن کراوە؟
حکومەتی هەرێم 12 مووچەیان بەسەریەکەوە دەداتێ کە مافی خۆیانە؟
قەرەبووی پلەبەرزکردنەوەکەیان بۆ دەکاتەوە، کە نزیکەی 10 ساڵە راگیراوە؟
ئەو فەرمانبەرانەی لەوەرگرتنی زەوی سوودمەندنەبوون، پارچە زەوییەکیان پێدەدات؟

2: بەرلەوەی بڕیارەکە بدەن، دەبوایە بە دیراسە و  پلان بووایە، ئایا چەند هەزار فەرمانبەر و مامۆستا ....خانەنشین دەکرێن؟ لە کامە بەش و فەرمانگە و سێکتەرن؟ ئایا کێشەی کەمی و بۆشایی میلاک و پسپۆری لەکوێ درووست دەبێت و چۆن چارەسەر دەکرێت و میلاک چۆن رێکدەخرێتەوە؟
لەهەمووی کارەساتبارتر ئەوەیە کە سێ تەمەن پێکەوە خانەنشینکران و هەزاران مامۆستا دەگرێتەوە و لە ئەسنا دەوامی قوتابخانە، بڕیارەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێستا سەدان قوتابخانە و هەزاران قوتابی، کێشەی بێ مامۆستایی و پسپۆرییان هەیە، بەتایبەتی زانستەکان و ئینگلیزی و بیرکاری.

قوتابخانە هەیە کێشەی کەمی یەک مامۆستای هەبووە و حکومەت بۆی تەعین نەکردووە، کەچی ئێستا دەرزەنێکی خانەنشین لێ بووە.

ئنجا دوو پرسیار:
یەکەم:
ئایا بڕیاری لەو جۆرە لەدەسەڵاتی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەردایە یان پێویستی بە رەزامەندی و بڕیاری پەرلەمانە؟

دووەم:
ئایا پێشتر لەئنجوومەنی وەزیران بڕیارە گەنگەشە و دیراسە کراوە و کۆدەنگی لەسەر بووە، یان بڕیاری تاکەکەسییە؟

چونکە تەنانەت وەزیرەکانی پارتیش هاوارییان لێ هەستاوە، لەوانە وەزیری پەروەردە و تەندروستی، تەنانەت پەروەردە هەوڵی راگرتن و دواخستنی بڕیارەکە دەدات.

کەواتە ئەم بڕیارە سەرباری بێمووچەیی، هێندەی تر کەرتی پەروەردە و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان دادەتەپێنێت.

تۆ بڵێی بەغداد لە فەلەکەی خواردبێتەوە و 35 هەزار خانەنشین بکات و 40 هەزاری نوێمان بۆ تەعین بکات؟
بژی عێراقی موفلیسی مەزن


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن