660 ئابوری

وەزارەتی دارایی: لیستى مووچە پاک و بێ کێشەیە و حکومەتى عێراقیش ئەو لێبڕینانەى پێشتر کردوویەتى بۆى گەڕاندونەتەوە

02:04 - 28/01/2025

زەمەن - هەرێمی كوردستان

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان "پاک و بێ کێشەیە" و راپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەیسەلمێنن.

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی وەکو وەڵامدانەوەی غەریب ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بڵاوکردەوە و تێیدا قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی هەبوونی ناوی مردووان و دووبارە لە لیستی مووچەدا رەتدەکاتەوە.

وەزارەتەکە دەڵێت، "ئەو پەرلەمانتارە لە چاوپێکەوتنەکەیدا چەند جارێک جەخت لەوە دەکاتەوە کە نزیکەی 750 هەزار ناوی هاوردەی دووبارە و مردوو لە لیستی مووچەی هەرێم هەیە، ئەوەش هۆکاری درێژەکێشانی کێشەی مووچەیە، ئەوە لە کاتێکدایە میلاکی فیعلی ئێمە بە شارستانی و سەربازی لە بەغدا و لە لیستی مووچە نزیکەی 702 هەزار کەسە، جێی خۆیەتی بپرسین ئەو 750 هەزار ناوی دووبارە و مردووە لەکوێ جێکراوەتەوە؟".

لە بەردەوامی بەرگریکردن لە پاکیی لیستی مووچە، وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات، "بە درێژایی ساڵی رابردوو لە هیچ راپۆرتێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و نووسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە هیچ جۆرێک ئاماژە بە بوونی ژمارەیەکی لەو شێوەیە و کێشەی لەو جۆرە نەکراوە".

دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان:

1- ئەو پەرلەمانتارە لە چاوپێکەوتنەکەیدا چەند جارێک جەخت لەوە دەکاتەوە کە نزیکەی 750 هەزار ناوی هاوردەی دووبارە و مردوو لە لیستی مووچەی هەرێم هەیە، ئەوەش هۆکاری درێژەکێشانی کێشەی مووچەیە، ئەوە لە کاتێکدایە میلاکی فیعلی ئێمە بە شارستانی و سەربازی لە بەغدا و لە لیستی مووچە نزیکەی 702 هەزار کەسە، جێی خۆیەتی بپرسین ئەو 750 هەزار ناوی دووبارە و مردووە لە کوێ جێ کراوەتەوە.

2- تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە درێژایی ساڵی رابردوو هەرچی داواکاری و تێبینی وەزارەتی دارایی عێراق هەبووە لەسەر لیستی مووچە چارەسەریان کردووە، ئەو داتا و زانیاریانەی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کورستانە، لە 19 وەزارەت و 8 دەستە و سێ سەرۆکایەتی و یەکەکانی 70 و 80 دێت و دواتر لە وەزارەتمان وردبینی دەکرێت، واتە سەرجەم داتاکان دەبێت بە داتای حکومەتی هەرێم نەک وەزارەتی دارایی، وە هیچ کەس و لایەنێکیان ئامادە نییە بەبێ ئاگاداریان هیچ ناوێک زیاد و کەم بکرێت.

3- بە درێژایی ساڵی رابردوو لە هیچ راپۆرتێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و نووسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە هیچ جۆرێک ئاماژە بە بوونی ژمارەیەکی لەو شێوەیە و کێشەی لەو جۆرە نەکراوە، وەک ئەو بەناو پەرلەمانتارە باسی دەکات.

4- بە پێویستی دەزانین لێرەوە رایبگەیێنین کە لیستی مووچەی هەرێم پاک و بێ کێشەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەموو ئەو پارانەی لە مانگی شوبات تا حوزەیران وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە بیانووی بوونی ناوی دووبارە و لەیەکچوو، کێشەی بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفی رایگرتن، دوای پێدانی روونکردنەوە و خستنەڕووی داتا و زانیاریەکان سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج کرانەوە.

5- باشتر بوو ئەو پەرلەمانتارە پێش چاوپێکەوتنەکەی پرسیاری لە سەرۆکی فراکسیۆنەکەی بکردایە کە لە ماوەی نزیکەی 10 رۆژدا دوو جار لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم لە هەولێر و بەغدا کۆبووەتەوە، جەنابیان لەکوێ بووە بۆ ئەوەی لەو ماوەیە پرسیار لە سەرۆکی فراکسیۆنەکەی بکات بۆ وەرگرتنی داتا و زانیاریەکان، تا بزانێت ئەوە هەرێمی کوردستانە هەموو پابەندییەکانی خۆی لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆران جێبەجێ کردووە، نەک لە بێ ئاگاییەوە بێت ژمارەی ناڕاست و بێبنەما بخاتەڕوو بۆ چەواشەکردنی رای گشتی و فەرمانبەران.

6- پرسی مووچە کێشەیەکی کۆن و گشتگیرە و تەنیا وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیار نییە، بەڵکو هەموو بابەتێکی تایبەت بە مووچە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدرێت و هەموو لایەنە بەشداربووەکانی کابینەی نۆیەم بەپێی رێژەی خۆیان بەرپرسن لەو کێشەیە، نە وەزیری دارایی و نە وەزارەتەکەی هێزی سەربازی و پێشمەرگە و میلیشیای نییە، تەنانەت پارێزگاری وەزیر و وەزارەتیش لە لایەن هێزەکانی ناوخۆوە دەکرێت، بۆیە کاری بە ناوزیادکردنی نە مردوو و نە زیندوو نییە، کێ خاوەنی ئەوانەن بەڕێزی ئەگەر دەوێرێت با بچێت پرسیاریان لێ بکات.

7- جێی خۆیەتی بپرسین کاک غەریب نوێنەرایەتی کێ دەکات لە بەغدا؟ ئەگەر نوێنەری کوردە پێویستە پاساو بۆ مووچەو نانبڕینیان بهێنێتەوە و بەبێ بەڵگەش حکومەتی هەرێم تاوانبار بکات، نازانین ئەم هەڵوێستانە ئەبێت خزمەتی کێ بکات، ئایا بەڕاستی جەنابیان نوێنەری کوردە لە بەغدا؟ بەڕێزیان دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکات لە دادگا ئەم بوختان و ناهەقیانە بسەلمێنێت.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان
28-01-2025

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن