(کتێبی رەش) سپی دەرچوو
09:21 - 02/12/2024
ستران عەبدوالا - کولتوری زەمەن
کتێبێکی شاعیر و نووسەر کاک دڵشاد عەبدوڵلا سێ بەشی جیا و تەواوکاری یەکترییە، هەر سێ بەشیان بیرۆکەی ئاسان و دەگمەن وجوانی لێ دەرژێ، پەخشانە و زمانی شیعر و نەفەسی لێکۆڵینەوەشی تیایە. ئەو بەشەی وەک چەند دەقێکی بیرەوەرییە لە چەند شوێنی تر تاقیکردۆتەوە. لێرەش ئەو باسوخواسانەی لەسەر هەوڵێری شەستەکان و سایەی رەشی حەرەس قەومییە، زۆر سەرنج راکێشە، تاڵی و نەگبەتی کورد و کرمانج لەوڵاتی خۆی کە وەک غەریبە لە چاو سوڵتەی بەعسی هار لە کابینەی یەکەم و خوێناوی حوکمڕانیدا، گێڕانەوەییەکی چڕ و پڕە ، مەگەر گواستنەوەی بەدەق ،بۆ ئێرە، حەقی خۆی بداتەوە.
فەسڵەکەی تری کە وەک خوێنەر بانگتان دەکەم بیخوێننەوە ئەوەیە کە لەسەر نالی شاعیر نوسیویەتی . شرۆڤەیەکی قووڵ و وردە، خوێندنەوەیەکی تازەیە و زمانەکەشی لێی دەرژێ و وەک هەنگوینی ڕستە و وشەیە و دەوێرم بڵێم بەلەزەت و تامی شیعریش ئەدا . خۆزگە کاک دڵشاد بەتاقەتێکی زیاترەوە فراوانتری دەکرد، خۆزگە خوێنەری بەسەلیقە شتی وای زۆر بە نسیب دەبوو.
بەشێکی ئەدەب رەخنەی ئەدەبی هاوشانە و بەشێکی سەرکەوتنی رەخنەی ئەدەبیش نزیکیەتی لە دارشتنی مەحکەم و هۆنینەوەی جوان و ناوەرۆکی جوانتری بیرۆکەکان.
جا ئەز خوێنەرم ، رکابەری ئەدەبی نیم و هەقمە ئەوەندە بڵێم. کێ (کتێبی رەش)ی خوێندەوە لەمن باشتری لەسەر بڵێ . ناوەکەی رەشە،بەڵام تامەکەی ترێ و ناوەرۆکی سپی سپییە
کتێبی رەش : دڵشاد عەبدوڵڵا
چاپی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم
ساڵی ٢٠٢١