تورکیا وعێراق ڕێکەوتنامەی ساڵی ١٩٧٨
7/13/2019 4:41:00 PM
لوقمان مستەفا صاڵح
تێپەڕكردنی سنوورەكانی باشوری كوردستان و عێراق لەلایەن دەوڵەتی توركەوە بە قڕكردن و ئینكاركردنی گەلی کورد پێش هەموو شتێك تاوانێكی ئاشكارا و پێشێلكردنێکی دیاری یاسا نێودەوڵەتییەكانە،بوونی كورد وەک نەتەوەیەکی زینووی ناوچەکە،تورکیای فاشستی تووشی هیستریاکردووە.لەبەر ئەوەی گومان لەوەدا نییە کە بوونی هێزەکانی پەکەکە تەنها ڕووپۆشێکە بۆ چەندین ئامانجی تر و بیانوێکی ئاشکراشە بۆ ڕەوایی دان بە دەستێوەردان و هێرشیی سەربازی لەهەلومەرجی ئێستای عێراق و بەدیاریکراویش لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەم ئامانجانەی تورکیا وئەم جموجۆڵ و هەڕەشە بەردەوامانەی بۆ ئەم ئامانج و بەرژوەندییانە دەستی داوەتێ.لە ئێستا ناوچەکەی هەژاندوەو فەزای ترس و دڵەڕاوکێیەکی گەورەی بەسەر خەڵکی کوردستان و ناوچەکەدا زاڵکردووە،دەست ناپارێزێت،خەڵکی سیڤیلی و دەسکەوتەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کردۆتە ئامانج. ئەم دەست درێژیکردنە بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و درۆی شاخداری دیموکراسیەوە،کە بێ دەنگیان هەڵبژاردووە،سەرجەمی ئەو دام ودەزگا بەناو مرۆڤدۆسانە درۆزنانەی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.!؟
هەر بۆیە دەوڵەتی تورکیا ئەم بێ دەنگی نێودەوڵەتیەی قواستۆتەوە،بێ ڕەچاوکردنی سەرجەم یاسانێودەوڵەتیەکان ڕێک خراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی،لەسەر هەمان رێکەوتنامەی سەردەمی ڕژێمی بەعسی روخاو دەروات،کەپێشتر لە کۆتایی هەشتاکاندا کە ئەوکاتیش بەبێ ئەوەی هیچ جووڵەیەکی چەکداری لە باکوری کوردستان هەبێت، ساڵی ١٩٧٨ تورکیا رێککەوتنامەی راوەدوونانی خێرای لەگەڵ عێراق ئیمزا کرد، بەپێی ئەم رێککەوتننامەیە تورکیا دەیتوانی بۆ سەرکوتکردنی هێزە چەکدارە کوردییەکانی نەیاری خۆی بە قوڵایی ٥ کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عێراقەوە. بە داخەوە تائێستا ئەم ڕێکوتنە هەڵنەوەشاوەتەوە،کە دەبوو نوێنەرانی کورد لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق کاری جدیان بۆ بکردایەو هەڵیان وەشانایەتەوە،چونکە زۆربەی ئەو ڕێکەوتنانەی سەردەمی بەعس چ وەک یاسا ئەگەر هەبووبێ هەموارکراوەتەوە، وەڕێکەوتنەکانیش هەڵوەشێنراونەتەوە.تەنها ئەو یاساو ڕێکەوتنانە نەبێت کەلە دژی کوردە وەک خۆی ماونەتەوە.!
هەرچەندە بەپێی بنەمایاساییە نێودەوڵەتیەکان هێرش بۆسەرهەرێمی کوردستان بە پێشێلکردنی یاسای نیودەوڵەتی لەقەڵەم دەدرێت، چونکە ئەو یاسایەی کە لە ساڵی ١٩٩١ ەوە بووە ھۆکاری سەرەکی دروست بوونی ھاوپەیمانیەتی لە نێوان زیاتر لە ٣٦ وڵاتانی رۆژئاو او رۆژھەڵات لە دژی داگیرکردن و بەزاندنی سەروەری دەوڵەتی کوەیت لە لایەن رژێمی بەعسی لەناوچوو،کەواتە ئۆتۆماتیکیەن ئەو ڕێکەوتنامەیەی ساڵی ١٩٧٨کۆتایی پێدێنێ،بەهۆی ئەو وەزعە نێودەوڵەتیەونەمانی رژێمی بەعسەوە، بەو پێوەرە سیاسی ویاساییە دەبێت تورکیا بەداگیر کەر ئاژمار بکرێت لە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق، لەبەر ئەوەی حکومەتی تورکیا بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان تەنھا بۆی ھەیە سنوری خۆی بپارێزێ، بۆی نیە سنوری ووڵاتێکیتر ببەزێنێ.
بەهۆی بوونی ئەم ڕێکەوتنە نەگریسەوە ڕۆژانە بە بەردەوامی پەلاماری باشوری کوردستان دەدرێت، نیگەرانی و ترس و دڵە راوکێی لەلای ھاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە تایبەییش دانیشتوانی سۆران و برادۆست و باڵەکایەتی و بناری قەندیل دروستکردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتی ھەرێم و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ دەنگن لە بەرامبەر ئەو پەلامارانە،هیچ سکاڵایەک ناجوڵێنن لەدژی دەست درێژیەکانی تورکیا،ئاشکرایە هەرێمی کوردستان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت لەروی یاسایی یەوە سەر بە عێراقە، کەواتە دەبێت ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی عێراق راسپێرێت،بۆ ئەوەی پەلە بکرێت و سەرەتا نوسراوێکی نارەزایی ئامادە بکات پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش بکات سەبارەت بەوپێشێلکاری وسنوربەزاندنانەی رژێمی تورکیا کە بە ئاشکراو زۆر بێ شەرمانە سنوری عێراقی پێشێلکردووە،پاشان عێراق وەک هەر ووڵاتێکی تر دەتوانێت و مافی رەوای خۆیەتی هەموورێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر دژ بەو دەست درێژیانەی تورکیا.بۆزیاتر جوڵاندنی ئەم کارە یاساییە و دژ بەم دەست درێژیەی رژێمی تورکیا،دەبێت نوێنەرانی کورد لە حکومەتی فیدراڵدا،هەموو توانای خۆیان بخەنەکارلەروی هەموو هاوکاریەکەوە کە پەیوەستە بەم دەست درێژیە نایاساییەی دەوڵەتی تورکیا،دەبێت رای گشتی جیهانی لێ ئاگاداربکرێتەوە، تا نەتەوە یەکگرتوەکان ناچاربکرێن وبەفەرمی بێنەسەرخەت و رێگری لەم هێرشە وەحشیەگەراییەی ووڵاتی تورکیا بگیرێت.وە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش..بۆپاڵپشتی خەڵکی لێقەوماوی دەڤەرەکە،پێویستە دانیشتوانی سەرجەم شارو شارۆچکەکانی هەرێم برژێنە سەرشەقامەکان و یاداشت بەرزکەنەوە بۆ بەردەم قونسڵ خانەکان و بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان،مەترسی بارودۆخەکە بۆ ڕای گشتی جیهان بەیان بکرێت.