جیابوونەوە-وەك دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی
3/14/2023 8:27:00 PM
لوقمان مستەفا صاڵح
ئامارەكانی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان جیاوازە، بە گوێرەی ئامارەكان ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان لە هەر چوار پرۆسەی هاوسەرگیری، یەكێكیان بە جیابوونەوە كۆتایی پێهاتووە، رێژەی جیابوونەوەش زیاتر لە ناو شارەكاندا تۆماركراون.
لە ساڵی 2022 بەپێی ئامارەكانی دادگای باری كەسی سلێمانی،16 هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری تۆماركراوە. نزیكەی 60%ـی ئەو كوڕ و كچانەی هاوسەرگیریان كردووە، تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵ بووە. هەر بەپێی ئامارەكان لە پارێزگای سلێمانی، یەك لەسەر سێی ئەو كەسانەی هاوسەرگیریان كردووە، ژیانی هاوبەشیان بە جیابوونەوە كۆتایی پێهێناوە. بەپێی ئەو ئامارانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ژمارەی حاڵەتەكانی جیابوونەوە زۆر بەرزبونەتەوە و تاڕادەیەك نزیك بووەتەوە دوو بەرابەری ساڵانی رابردوو، ئەمەش، رێژەیەكی یەكجار زۆرە بۆ هەرێمی كوردستان و بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەیەكی زۆر بەرز بۆتەوە بەتایبەت لە بەراورد بە رێژەی گرێبەستی هاوسەرگیریی.
بە گوێرەی ئەو داتایە بێت، رێژەی جیابوونەوە لە هەرێمی كوردستان بە رێژەی (30% تا 40%) بەرز بۆتەوە، هەر لەو بارەیەوە، یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلام بڵاویكردووەتەوە، لە ساڵی 2022ـدا، هەزار و 604 حاڵەتی تەڵاق لە هەرێمی كوردستاندا لەلایەن لیژنەی فەتواوە یەكلایی كراونەتەوە.
یەكێتییەكە ئاماژەیداوە، سەرجەم ئەو كێشە خێزانییانەی لە ساڵی رابردوو روویانكردووەتە لقەكانی یەكێتی زانایان ئاینی سێ هەزار و 148 حاڵەت بوونە، لە نێویاندا ئەوانەی نەگەیشتوونەتە چارەسەر و بە تەڵاق كۆتاییان هاتووە، بریتی بوونە لە هەزار و 604 حاڵەت.
بۆ شارەزایی زیاتر و ئاگاداربوون لە چۆنێتی جۆری جیابونەوەكان دەتوانین بۆ سێ حاڵەت پۆلێنی بكەین :-بەپێی مادەو دەقە یاساییەكان جیابونەوەی نێوان ژن و مێرد / سێ ریگە هەن بو جیابونەوەیان ئەویش ( الگلاق - التفریق - الخلع )
١- الگلاق / جیابونەوە..بریتیە لە ھەڵگرتنی كۆتی ھاوسەرگیری یاخود مافێكە لە مافەكانی پیاو لە گرێبەستی هاوسەرگیری كە هەر كاتیك وویستی دەتوانیت تەلاقی ھاوسەرەكەی بدات.
وە دەكرێت بە رەزامەندی لە گریبەستی هاوسەرگیری ئەو مافە بە ژن بدرێت، واتە دەتوانێت تەڵاقەكە بەدەستی ژن خۆی بێت و بە خۆی گلاقەكەی بخات.
٢- التفریق / جیابوەنەوە لەرێی دادگاوە..جیابونەوەی نیوان ژن ومیرد لە ریگەی دادگاوە بە هوی بونی هوكا رێك لە هوكارەكان كە بەردەوامبونی ژیانی هاوسەرگیری ئەستەم بوە .
٣- الخلع / داماڵین .. بە ڕێكەوتنی ھەردولا جیادەبنەوە یان ژن تێیدا دەستبەرداری بڕێك یان هەموومافە شەرعی و یاساییەكانی دەبێت بەرامبەر بە تەڵاقدانی.
ھەڵبەتە كۆمەڵناسان و یاساناسان بەشێوەیەكی وردتر لە بابەتی جیابوونەوە دەكۆڵنەوە و وەك بابەتێكی سەرەكیی بوارەكەیان تەماشای دەكەن.ئەگەر هاوسەرگیری پرۆسەیەكی بەستنی پەیمانی كۆمەڵایەتی بێت یان گرێبەستێكی یاسایی ھاوسەرگیری بێت لە نێوان ژن و مێرد بەگوێرەی ئەو شتانەی ئەو دوو لایەنە بڕوایان پێی هەیە. ئەوا جیابوونەوە بەمانای ڕزگاربوون و وازهێنانە لەو پەیمانەی كۆمەڵایەتییەی یا گرێبەستە ھاوسەرگیریەی كە لە نێوان ئەو دوو كەس هەبووە و لەم نێوانەدا خێزان ئەركەكانی خۆی لە دەست دەدات و هەر یەك لە هاوسەرەكان بەگوێرەی ئەوەی خۆیان پێیان خۆشە ڕەفتار دەكەن و هیچ شتێك بەیەكەوەیان نابەستێتەوە.
پرسی جیابوونەوە یان تەڵاق لە رووی مرۆییەوە كۆمەڵێ لایەن و ڕەهەندی هەیە، لەلایەك دیاردەیەكی یاساییە كە لە رووی مافەوە تاوتوێ دەكرێت و شی دەكرێتەوە، لە لایەكی دیكە دیاردەیەكی ئابوورییە، ئەمە بەو مانایەیە كە خێزان وەك یەكەیەكی ئابووری لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە دروست دەبێت و رێژە و ئاستی داهاتی خێزان دەبێتە شتێكی گرنگن و بایەخی زۆری هەیە.
بەڵام لە لایەكی دیكە، جیابوونەوە دیاردەیەكی دەروونییە، لەبەرئەوەی كاریگەریی زۆر لەسەر دەروون و لایەنی سایكۆلۆژیی منداڵ و خێزان دادەنێت. هەروەها جیابوونەوە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتییشە، چونكە هۆكار و زەمینە كۆمەڵایەتییەكان و كۆمەڵگەش لە رێگەی خێزانەوە بینا دەكرێت و لە رێگەی جیابوونەوەش ئەو بیناكردنەوە لەرزۆك و شێواو دەبێت.
یاساناسان و كۆمەڵناسەكان هۆكاری زۆربوونی جیابوونەوە لە هەرێمی كوردستان بۆ كۆمەڵێ هۆكار دەگەڕێننەوە.
پێیان وایە هۆكارەكان لە ئێستا پەیوەندیی بە قەیرانی ئابوورییەوە هەیە، چونكە تا قەیرانی ئابووریی زیاتر بێت كاریگەری لەسەر داهاتی خێزان دەبێت و ئەگەرەكانی هەڵوەشانەوەی خێزان زیاتر دەبێت، ئەمەش كاریگەری لەسەر لایەنی كۆمەڵایەتیی و دەروونیی هاوسەرەكان و منداڵەكانیان دەبێت. هەروەها یەكێكە لە هۆكاری جیابوونەوە لە ئێستادا بەهۆی، خیانەتی هاوسەرییە، بەتایبەت لە سۆشیال میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە دەرفەتی هەڵخەڵەتاندن و فێڵلێكردن و خیانەتپێكردن زیاتر دەكات. ئەو كەیسانەی لە ئێستادا لە سەروبەندی جیابوونەوەدان زۆربەیان بەهۆی دوو ھۆكاری سەرەكیەوە روودەدەن ئەوانیش :- یەكەم دەستێوەردانی كەسی سێیەم لە ھەردوولا دووەم - خیانەتكردن لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە.
جگە لەوانەش، تێكەڵاوبوونی كولتووری بێگانەش یەكێكە لە هۆكارە كارتێكەرەكان چوونكە ئەو كولتوورە تازانە تووشی بەركەوتن دەبنەوە لەگەڵ كولتووری گشتیی كۆمەڵگەی ئێمە،هەر بۆیە زۆربەی كات كاریگەری لە هێنانەكایەوەی كولتووری دیكە دادەنێت.
كاریگەرییەكانی جیابوونەوەی هاوسەران هەمەلایەنەیە، لە لایەك كاریگەریی لەسەر كەسایەتیی تاكی كۆمەڵگە دروست دەكات و منداڵی ئەو كەسانەی لەیەك جیادەبنەوە دەكرێ لە رووی كەسایەتییەوە تووشی ناڕێكی و پەشێوی ببنەوە، هەروەها كاریگەریی لەسەر بینای كۆمەڵایەتییانەی كۆمەڵگەش هەیە، چونكە خێزان یەكێكە لە یەكە كۆمەڵایەتییە هەرە گرنگەكان، جگە لەوەش، بە زیادبوونی جیابوونەوە، ئاسایشی كۆمەڵایەتیش دەكەوێتە بەر مەترسییەوە، بۆیە یاساناسان و كۆمەڵناسان پێیانوایە پێویستە حكومەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان، هەتا زووە لێكۆڵینەوەی زانستی و ھەڵسەنگاندنی بارودۆخەكەبكرێت و رێگەچارەی گونجاو و ئەقڵانی بگرنە بەر بۆ كەمكردنەوەی ریژەی جیابوونەوە.