138 شیوازی ژیان

یانۆ له‌ سلێمانی له‌ته‌مه‌نی نۆ ساڵیدا هەموو قورئانی پیرۆزی لەبەره‌

02:09 - 07/06/2024

زه‌مه‌ن – ئاژانسی ئه‌نادۆڵ

یانۆ ئەرسەلان ئەحمەد، منداڵێکی ڕۆح سووکی تەمەن نۆ ساڵانی دانیشتووی شاری سلێمانیە و لە زگماکییەوە نابینایە، توانیوویەتی بە یارمەتی دایکی و مامۆستاکانی لە ڕێکخراوی (اقرأ) تایبەت بە لەبەرکردنی قوڕئان، تەواوی کتێبی پیرۆزی قوڕئان لەبەر بکات.

نابینایی نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم تواناکانی یانۆدا، ئەو لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا هەموو قوڕئانی پیرۆزی لەبەر کردووە و، هاوکات لە خوێندنی قوتابخانەشدا هەموو ساڵەکان نمرەی نایابی بەدەستهێناوە.

یانۆ لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستی بە لەبەرکردنی قوڕئانی پیرۆز کردووە و، لە ماوەی دوو ساڵ و ١٠ مانگدا توانیوویەتی هەموو قوڕئان لەبەر بکات.

یانۆ بەو زمانە شیرینەی سەرەتا بە ناوی خوای پاک و بێگەرد دەستی بە قسەکانی کرد و، باسی ئەزموونی لەبەرکردنی قوڕئانی پیرۆزی کرد و، سوپاسی دایک و باوک و مامۆستاکانی کرد کە هاوکار و یارمەتییدەری بوون بۆ لەبەرکردنی گشت ئایەت و سوڕەتەکانی قوڕئانی پیرۆز بە جوانترین شێوە.

یانۆ ئەرسەلان سەبارەت بە دەستپێکی لەبەرکردنی قوڕئانی پیرۆز وتی: "لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستم بە لەبەر کردنی قوڕئانی پیرۆز کردووە، خوای گەورە یارمەتییدام و لەماوەی دوو ساڵ و ١٠ مانگدا، تەواوی قوڕئانی پیرۆزم لەبەرکرد، واتا لە تەمەنی نۆ ساڵییدا لەبەرکردنەکەم تەواو کردووە".

یانۆ وەک خۆی باسی دەکات سەرەتا لە جوزئە ئاسانەکانەوە دەستی بە لەبەرکردنی قوڕئانی پیرۆز کردووە، دایکی یارمەتی زۆری داوە و وشەکانی بۆ ڕاڤە کردووە و یەک بە یەک بە وشەکانی ئاشنا کردووە.

یانۆ لەمبارەیەوە وتی: "دایکم فێری کردم، ئایەتەکەی بۆ ڕاڤە دەکردم و وشەکانی پێ ئاشنا دەکردم، ئایەتەکانم دەگوتەوە و بەو شێوەیە لەبەرم کرد".

هەروەها وتیشی: "یەکەمجار لە جوزئی عەممەوە دەستم پێکرد لە سوڕەتی نەبەئەوە، دوای ئەوە تا جوزئی بیست و هەشتم لەبەرم کرد. پاش ئەوە چوومە سەر سوڕەتی بەقەڕە جوزئی یەک، لەوێیەوە تا جوزئی بیست و حەوتم لەبەر کرد و هەموو قوڕئانی پیرۆزم تەواو لەبەرکرد".

وتیشی: "کاتێک دەستم بە لەبەرکردنی قورئان کرد بەهۆی ئەوەی تەمەنم بچووک بوو، بۆیە لە سوڕەتە ئاسانەکانەوە دەستم پێکرد و بەرەو قوڕسەکان چووم. کاتێک سێ جوزئی کۆتاییم تەواو کرد کە ئاسان بوون، ئینجا چوومە سەر سوڕەتی بەقەڕە، سوڕەتی بەقەڕە ئاسان و قوڕسیش بوو، بە پشتیوانی خودا لەبەرم کرد".

خاتوو یانۆی شیرین کە بە پەرۆشەوە قسەی دەکرد، زۆر سوپاسی مامۆستاکانی کرد کە لەگەڵی ماندوو بوون و وتی: "لە ڕێکخراوەکەدا مامۆستایەک قوڕئانەکەی لێپرسیوومەتەوە، مامۆستایەکیش بە جیا ڕاڤەی ئایەتەکانی بۆ دەکردم و وانەی تەفسیری پێدەگوتمەوە".

یانۆ بەهۆی زیرەکی و لێهاتووییەوە ساڵێک پێش هاوتەمەنەکانی خراوەتەبەر خوێندن و لە قوتابخانەی تایبەت بە نابینایان دەخوێنێت و، توانیوویەتی ساڵەکانی خوێندن بە سەرکەوتوویی ببڕێت. لەمبارەیەوە گوتی: "من بەهۆی زیرەکیمەوە ساڵێک پێشخراوم لە قوتابخانە، هەموو ساڵێکیش پلەی باڵا بەدەستدەهێنم، یەکەم و دووەم دەبم، ئێستا پۆلی پێنجم، لە قوتابخانە مامۆستاکانم باشن، هاوڕێکانیشم باشن، هەموو کاتێک لەگەڵ هاوڕێکانمدا بەیەکەوە دەبین".

یانۆی خنجیلە کاتەکانی ژیانی ڕۆژانەی بە دەورکردنەوەی قورئان و یاریکردن لەگەڵ خوشک و براکانی بەسەر دەبات و، خۆیشی هەوڵ لەگەڵ خوشک و براکەی دەدات و فێری لەبەرکردنی قوڕئانیان دەکات، لەو بارەیەوە گوتی: "ئەگەر قوتابخانە هەبێت سەعی دەکەم، کاتەکانی دیکە من و خوشکەکەم یاری دەکەین، زیاتر حەزمان لێیە یاری بە بووک بکەین، هەرچۆنێک بێت هەموومان (خوشک و براکەم) بەیەکەوە یاری دەکەین، جا یاری چاوشارکێش دەکەین، چونکە من حەزم لێیە ئیتر ئەوانیش دەیکەن".

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن