686وتار

زانیاری لە بارەی دیوە شاراوەكەی دۆسییەی نەوتی هەرێم

4/27/2020 10:10:00 AM
سەرتیپ قەشقەیى

ئایە دۆسیەی نەوت لە ئاشتی هەورامی وەردەگیرێتەوە؟ كێ دۆسییەكە دەگرێتە ئەستۆ ؟ لەوەتەی حكومەتی هەرێم دەستی به دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كردوە، جگە لە ئاشتی هەورامی هیچ كەسێك بە تەواوی لە دۆسیەی نەوت شارەزا نەبووە‌ ، ئەمەش وایكرد لە كابینەكانی رابردوو، ئەو كەسانەی بوونە سەرۆكی حكومەت، یاخود لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار بە دەست بوون، هەموو شتێك رادەستی ئاشتی هەورامی بكەن، بەبێ ئەوەی دواتر بتوانن تەداخول لە كارەكانی بكەن و سەریان لە كارەكانی دەربچێت. ئاشتی هەورامی كەسێكی ئەوەندە بەهێز نییە، كە كەس نەتوانێت دۆسیەی نەوتی لێ وەگرێتەوە، بەڵام ناوبراو لەو ماوەیەدا كە بەرپرسی یەكەمی دۆسیەی نەوت بووە لە هەرێم، شێوازی گرێبەستەكان بە دەرهێنانی نەوت و هەناردەكردن و فرۆشتنەكەی بەشێوەیەك ئەنجامداوە‌، كە زۆربەی زۆریان بە شەخسی كردوە و بەخۆیەوە پەیوەست، لەبەرئەوە ئاسان نییە دەربپەڕێندرێت و دۆسیەكەی بە تەواوی لێ وەربگیرێتەوە.



گەندەڵی و نا روونییەكی ئەوەندە زۆر لە دۆسیەی نەوتی هەرێم هەیە‌، ‌بەشێك لەو لایەنانەی مامەڵەی نەوت لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەكەن، لە چەند ساڵی رابردوو بە مەرجی مانەوەی ئاشتی هەورامی بەردەوامیان بەو مامەڵە رەشانە داوە، زۆرجاریش ئاشتی هەورامی هەڕەشەی ئەو كۆمپانیایانەی وەكو شانازی بە بەرپرسانی هەرێم فرۆشتۆتەوە. ئەو گرێبەستانەی نەوت كە لە لایەن ئاشتی هەورامیەوە كراون، لە هیچ شوێنی جیهان وێنەی نەبووە، تەنانەت ئەگەر ئەو دۆسیەی نەوتەش بدرێتەوە بە حكومەتی عێراقی و سۆمۆوە دیسان كێشەیە. بۆ نموونە حكومەتی هەرێم بە بەغدای راگەیاندووە، ئەگەر دۆسیەی نەوتان رادەست بكەن پێویستە فرۆشتنەكەی بدەنەوە بە هەمان كڕیاری ئێستای نەوتی هەرێم، چونكه حكومەت‌ پابەندی و ئیلتیزامی دارایی و یاسایی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە هەیە. بەغدا چۆن دۆسیەك بگرێتە ئەستۆ كە تەنها لەسەدا 23ی داهاتەكەی بۆ حكومەت بێت و ئەویتر بۆ شایستەی دارایی كۆمپانیا و قەرز و كرێی بۆڕی و هەناردەكردن بێت؟! هەرچەندە ئاشتی هەورامی لە كابینەی نوێ یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری نەوت و وزە، بەڵام كەمترین تەواجودی هەبووە، زۆرترین ناكۆكیشی لەگەڵ ستافی نوێی ئەنجومەنی وەزیران هەبوە، لەو ماوەدا بەردەوام هەڕەشەی گەڕانەوەی بۆ لەندەن كردوە. ئاشتی هەورامی تا لە وەزیریش نەما نەیهێشت ئەو وەزارەتە ببێتە دامەزراوە، یەك كەسیشی دروست نەكرد لە بڕیكار و بەڕێوبەرە گشتییەكان، بۆئەوەی شارەزای ئەو دۆسیە بن، یاخود لە دوای خۆی شوێنی بگرنەوە. لەماوەی 9 مانگی رابردوو، مەسرور بارزانی تەنها توانیویەتی كەسێك بكاتە بەڕێوبەری مەكتەبی وەزیری سامانە سروشتییەكان، كە را‌ستەوخۆ لەگەڵ خودی خۆی پەیوەندی هەیه و كاروبارەكان بەڕێوه ‌دەبات‌.




هەروەها توانیویەتی پارەی نەوتی هەرێم لەسەر حسابی ئاشتی هەورامی بۆ سەر ناوی خۆی بگوازێتەوە. فوئاد حسێن، یان یان شێخ باز دەبێتە وەزیری سامانە سروشتییەكان ؟ مەسرور بارزانی لە سەرەتا ئەمساڵ، هەوڵیدا وەزیری نوێ دابنێت، بەڵام بۆی نەكرا ئەویش لەبەر چەند هۆكارێك، هۆكاری یەكەم نەبوونی كەسێكی شارەزا لە دۆسیەی نەوتی هەرێم، كە تاوەكو بە تەواوی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان بگرێتە دەست. لەگەڵ ئەوەی سەرۆكی حكومەت بە فەرمی شێخ باز رەئوف، خاوەنی كۆمپانیای كاری بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان كاندید كرد، دوای كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی لە نێوان سەرۆكی حكومەت و ئاشتی هەورامی و شێخ باز لەوبارەیەوە، ناوبراو بەشێوەیەكی سەرەتای ئەو بەرپرسیاریەتەی قبوڵ كرد و داوای مۆڵەتیشی بۆ بیركردنەوە لە مەسرور بارزانی كرد، بەڵام بە هۆكاری ئاڵۆزی و بێ سەروبەری دۆسیەی نەوت و كێشە دروست كردن لایەن ئاشتی هەورامی لە داهاتوودا، هەنوكە ئارەزووی لە وەرگرتنی ئەو پۆستە نەماوە و دەیەوێ پاشەكشە بكات، جگە لەوەی بەشێكی پارتیش لەگەڵ ئەوە نین ناوبراو ئەو پۆستە وەرگرێت، دەیانەوێ لە پشتەوە یارمەتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بدات. هەر بەپێی زانیارییەكان‌ لە دوای ئەوەی مەسرور بارزانی شێخ بازی راسپارد بۆ ئەو پۆستە، ئاشتی هەورامی بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پەیامی بە شێخ باز رەئوف گەیاند، كە ناتوانێت هاوكاری بێت لە داهاتوودا، بۆیە كشانەوە بۆ ئەو باشترە. هۆكارێكی دیكە ئەوەبوو سەرۆكی حكومەت ترسی هەبو‌ لە دەرهێنانی دۆسیەی نەوت لە دەست ئاشتی هەورامی، چونكە ئاشتی هەورامی هەڕەشەی ئەوەی كردبوو،‌ ئەگەر پەراوێزبخرێت، ئەوكات دەچێتەوە لەندەن، ناشتوانێت هاوكار بێت لەگەڵ حكومەتی هەرێم، ئەوكات زەرەر بە كەرتی نەوت هەرێم دەكەوێت. لەم چەند رۆژەدا كە بارودۆخێكی نوێ هاتۆتە پێش و بەغدا داوای رادەستكردنی نەوتی هەرێم دەكات، هەرێمیش بە مەرج ئامادەیه ئەو كارەبكات‌، ئەمەش وادەكات مەسرور بارزانی و تیمەكەی بە ناچاری كەسێكی نوێ بۆ وەزیری سامانە سروشتییەكان كاندید بكەن، چونكە نە حكومەتی هەرێم و نە بەغدا جارێكی دیكە بە ئاشتی هەورامی رازی نین، نە ئەو تیمەی ئێستای ئەنجومەنی وەزیرانیش شارەزایان لە بواری نەوت هەیە، تاوەكو لەو دۆسیەدا دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بكەن. ئەوەی تاوەكو ئێستا كاندیدە بە ئەگەرێكی لاواز شێخ باز رەئوفە، چونكە شارەزاترینی دۆسیەی نەوتە لە دوای ئاشتی هەورامی، بەڵام ئەگەری بەهێز ئەوەیە فوئاد حسێنی وەزیری دارایی عێراق ئەو پۆستە وەرگرێت، ئەگەر‌ لە بەغدا هیچ پۆستێك وەرنەگرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن