459وتار

به‌ ئیزنى حكومه‌ت و له‌سه‌ر راسپارده‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت !

11/3/2021 11:37:00 AM
سەرتیپ قەشقەیى

كاتێك سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ لایه‌نێكى براوه‌ى هه‌ڵبژاردن به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێك، حكومه‌تێكى بنكه‌ فراوان پێكده‌هێنن، پاشان ده‌نگى زۆرینه‌ى ره‌هاى په‌رله‌مان به‌ ده‌ستده‌هێنێت، پێویسته‌ سه‌رۆك به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌كان ئه‌و به‌رنامه‌ كاره‌كه‌ى كه‌ له‌ په‌رله‌مان پێشكه‌شى كرد، له‌ماوه‌ى چوار ساڵى حكومڕانى جێبه‌جێبكات. ئه‌سڵ وایه‌ وه‌زیر له‌ حكومه‌ت وه‌زیر بێت به‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى به‌پێى یاسا پێى دراوه‌ كاربكات، پێویسته‌ به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ گوێره‌ى هه‌یكه‌لى دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌ت شۆڕبكرێته‌وه‌ و دابه‌شیبكات.

به‌ڵام ئه‌وه‌ى ده‌یبین له‌ كابینه‌ى نۆیه‌م به‌ جۆرێكى دیكه‌، وه‌زیر و سه‌رجه‌م پله‌ وه‌زیفییه‌ باڵاكان نه‌ ده‌سه‌ڵاتێكى ئه‌وتۆیان هه‌یه‌، نه‌ ده‌توانن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى هه‌شیانه‌ جێبه‌جێیبكه‌ن، به‌ڵكو هه‌موو وابه‌سته‌كراوه‌ به‌سه‌رۆكى حكومه‌ت و نوسینگه‌كه‌ى.

ئێستا سه‌یر بكه‌ن زۆربه‌ى ئه‌و كاره‌ گه‌وره‌ و بچووكانه‌ى ئه‌نجامده‌درێن دواجار ئه‌گه‌ر وه‌زیر، یاخود به‌ڕێوبه‌رێكى گشتیى، یاخود به‌رپرسى حكومه‌تێكى خۆجێى ئه‌نجامى بدات ( كه‌ له‌ ئه‌سڵدا كارى ئه‌وانه‌) له‌ زاخۆ تا ده‌گاته‌ گه‌رمیان ده‌وترێ : له‌سه‌ر راسپارده‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت بڕیار درا....هتد.
له‌سه‌ر راسپارده‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت بڕیادرا به‌ كڕینى دوو ئه‌مبۆلانس بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كى رانییه‌ .
له‌سه‌ر راسپارده‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت بڕیاردرا به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى بۆڕى ئاوى خواردنه‌وه‌ى گه‌رمیان به‌ بڕى 30 ملیۆن دینار.
له‌سه‌ر رسپارده‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت بڕیاردرا به‌ گه‌یاندنى خزمه‌تگوزارى به‌ كه‌رتى 8ى حه‌سارۆك.
له‌سه‌ر راسپارده‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت بڕیاردرا به‌ وه‌رگرتنى ئه‌و قوتابیانه‌ى له‌ سیسته‌مى زانكۆلاین ناویان نه‌هاتۆته‌وه‌.
له‌سه‌ر راسپارده‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت بڕیاردرا...هتد

ئه‌و راسپاردن راسپاردنه‌، هیچ مانایه‌كى بۆ هاوبه‌شه‌كانى پارتى له‌ حكومه‌ت و  جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و هیچ وه‌زیر و بریكار و به‌ڕێوبه‌رێكى گشتیى نه‌هێشۆته‌وه‌، حكومه‌ت ته‌عبیرو گوزارشته‌ ته‌نها له‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت و تیمه‌كه‌ى باوه‌ڕیان به‌ كاركردنى تیم و  شۆڕكردنه‌وه‌یه‌كى هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نییه‌.

ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌ركه‌زیه‌ت و قۆرغكارییه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌ بیانوى رێگرى له‌ گه‌نده‌ڵى و چاكسازییه‌، ئه‌وا پێویست بوو له‌ بڕى ئه‌و شێواز و فۆڕمى كاركردنه‌، حكومه‌ت هه‌وڵى چاڵاككردنى ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ و دیوانى چاودێرى دارایى بدابووایه‌، یاخود  ده‌رگاى  حكومه‌تى بۆ په‌رله‌مان وپه‌رله‌مانتاران واڵا بكردبووایه‌.
ئه‌گه‌ر ئامانج له‌و شێواز و فۆڕمى كاركردنه‌ چاكسازى و رێگریه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی، ده‌بووایه‌ ده‌رگا به‌ڕووى رۆژنامه‌نووسان و چاڵاكوانانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى واڵا بكرابووایه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌ له‌م كابینه‌یه‌دا فه‌رمانگه‌ى میدیاى زانیارى له‌ حكومه‌ت زۆرترین سانسۆرى له‌سه‌ر میدیا و كارى رێكخراوه‌یى داناوه‌. هیچ وه‌زیر و وته‌بێژێك بۆى نییه‌ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ قسه‌ بكات، یاخود داتا و زانیارى بخاته‌ڕوو.

سانسۆر و چاودێرى له‌سه‌ر به‌رپرسانى حكومه‌ت له‌ دانیشتنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و گروپ چاتى ئه‌نجومه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ پێویسته‌ هه‌ر وه‌زیرێك كاتێك قسه‌ ده‌كات چاوه‌ڕێى وه‌ڵام، یاخود لێپێچینه‌وه‌ بكات.

وه‌زیره‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ پارتییه‌كانیشه‌وه‌ هیچ هه‌ست به‌ وجود و ده‌سه‌ڵاتى خۆیان ناكه‌ن، بگره‌ زۆرجار وه‌زیرێك پڕۆژه‌یه‌ك، یان راپۆرتێك له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر ڕه‌زیلیش نه‌كرێت، دڵنیابه‌ كاره‌كه‌ى سووك ده‌كرێت، یاخود به‌ ده‌ستكه‌وتى ئه‌و نازانرێت. دواین نموونه‌ش به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق كاتێك دانا عبدالكریم، وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێبوون پڕۆژه‌یه‌كى به‌ ناوى سندوقى ئاواده‌نكردنه‌وه‌ خسته‌ڕوو، به‌ ناوى ره‌خنه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكى حكومه‌ت و ستافه‌كه‌ى یه‌ك حه‌شرى پێكرا وه‌ك كابرا ده‌ڵى : كافریش سكى پێ ده‌سووتا.

باسى ئه‌و ده‌مه‌قاڵى و تووڕه‌بوونه‌ى نێوان سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت ناكه‌م كه‌ دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كه‌ به‌هۆى هێرشى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ سه‌ر جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت دروست بوو.

هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دروستبوونى ئه‌و كابینه‌یه‌، دەیان نموونه‌ هه‌ن، كه‌ ده‌یسه‌لمێنى كارى پێكه‌وه‌یى و باوه‌ڕبوون به‌ شه‌ڕاكه‌تى حكومه‌ت بوونى نییه‌ له‌وانه‌ :
* قوتكردنه‌وه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌ك له‌به‌رامبه‌ر وه‌زیرى هه‌ریم بۆ كاروبارى به‌غدا.
*خستنى ئامانج ره‌حیم له‌به‌رامبه‌ر ئومێد سه‌باح.
* وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵاتى ته‌واو له‌ وه‌زیره‌كان .
* ره‌تكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى خه‌رجكردنى پاره‌ له‌ لایه‌ن وه‌زیره‌كان له‌ ره‌شنووسى بودجه‌ى 2021، كه‌ دواتر بووه‌ هۆى ره‌تكردنه‌وه‌ى بودجه‌كه‌و ده‌یان نموونه‌ى دیكه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن