له په‌راوێزى هێلکە بارانكردنه‌كه‌ى شاسوار عەبدولواحید و تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه
12/31/2024 12:16:00 PM
سەرتیپ قەشقەیى
لە وڵاتانی دیموکراسیدا هەندێک جار هێلکە فڕێدان لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەکاردەهێنرێت بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لە سەرکردەکان، بەتایبەتی کاتێک هەست دەکەن نەبیستراون، پەراوێزخراون، یان درۆیان لەگەڵ دەکرێت. وەک کردەوەیەکی ڕەمزی تەحەدای دەسەڵات سەیر دەکرێت.
نموونەی مێژوویی: هێلکە فڕێدان و ناڕەزایەتی ڕەمزی هاوشێوە- وەک فڕێدانی پاستا یان پێڵاو- لە وڵاتانی دیموکراسی جۆراوجۆردا ڕوویانداوە، لەوانە ئەمریکا، بەریتانیا و ئوسترالیا.
تا ڕادەیەک خودی کردەوەکە- هەرچەندە مشتومڕاوی بێت- نوێنەرایەتی ڕادەربڕینی ئازاد دەکات، کە پایەیەکی دیموکراسییە. بەڵام هەندێک کەس وەک کارێکی قبوڵنەکراو و بێ ڕێزی دەبینن.
شاسوار، لە گرتەی ڤیدیۆیی هیڵكه‌بارانكردنه‌كه دوو گه‌نج تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لەلایەن پاراستنه‌وه پشتگیرى ده‌كرێن، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو. هەوڵ دەدات به خه‌ڵك بڵیت ئەم پیاوانە لەلایەن کەسانی دەسەڵاتدارەوە نێردراون، هەرچەندە هەمووان دەزانن کە تۆمەتباركردنى هەڵسوڕاوانی وەک شیڤان و قادر نادره‌كان ...هتد به پیاوى پارتی و یەکێتی تۆمه‌تى بێ بنەمان.
شاسوار، پێشتر تۆمەتی ئاراستەی شێروان شێروانی و هاوکارەکانی، ئیبراهیم عەباس و دەیان کەسی دیکە کردووە. له‌كاتێكدا شێروان شێروانى و هاوڕێكانى باجى وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ن.
سەرکردە پۆپۆلیستەکانی وەک شاسوار عەبدولواحید، زۆرجار بە مەترسیدارتر لە پارتی یان یەکێتی سەیر دەکرێن، چونکە هەر ڕەفتارێک یان ئایدۆلۆژیایەک لە دەرەوەی خۆیان ڕەتدەکەنەوە.
شاسوار عەبدولواحید، وەك سەرکردەیەکی پۆپۆلیستی سەدەی بیست و یەکەم، زۆرجار سێ تەکنیک بۆ ناشرینکردنی کەسانی دیکە بەکاردەهێنێت:
*گشتاندن: بەردەوام تۆمەتەکان لە دژی تاك یان گروپەکان گشتگیر دەکات. بۆ نموونە هەر کەسێک دژایەتی ئەو یان حزبەکەی بکات، بە "پیاوی دەسەڵاتدار" ناوزەد دەكات.
*جەمسەرگیری و دابەشبوون: جەمسەرگیری وەک تەکنیکێکی دیکە بەکاردەهێنێت، پرسەکان بەسەر دوو به‌ره‌دا دابەش دەکات، زۆرجار ئەوانەی لەگەڵیدا ناکۆکن بە پیاوى ده‌سه‌ڵات و كلكه‌كانى له قه‌ڵه‌م ده‌دات.
*ڕێبازى پۆپۆلیستی: جگه له‌مانه به‌ركاهێنانى ته‌كنیكى پۆپۆلیزمى وه‌ك رێبازێكى سیاسى كه زیاتر گرینگى به خه‌ڵكى ئاسایى و ره‌مه‌كى زۆرینه ده‌دات، ئه‌و ته‌كنیكه ئێستا له‌سه‌ده‌ى بیست و یه‌كه‌مدا باوى هاتۆته‌وه و به‌شێك له سه‌رۆكه‌كان و ئه‌ندام په‌رله‌مان وه‌زیره‌كان به‌كاریده‌هێنن.