697وتار

لاهور شێخ جه‌نگى له‌ نێوان پیرۆزكردن و ره‌خنه‌گرتن

6/24/2020 4:34:00 PM
سەرتیپ قەشقەیى

به‌‌ر له‌ كۆنگره‌ و له‌ دواى كۆنگره‌ش زۆرێك له‌ بنكه‌ى جه‌ماوه‌رى یه‌كێتیى و خه‌ڵكیش پێیانوابوو، كه‌ لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتیى، ئومێدى هه‌ستانه‌وه‌ى یه‌كێتییه‌و هۆكاره‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى هاوسه‌نگى سیاسى و حكومڕانى له‌گه‌ڵ پارتى، ئه‌مه‌ش وایكرد له‌و ماوه‌یه‌دا زۆرترین ته‌سویق و بازارسازى سیاسى بۆ بكرێت، به‌  ئاراسته‌ى گه‌وره‌كردن و پیرۆزكردنى، تا گه‌یه‌نرایه‌ ئه‌و دۆخه‌ى، كه‌ هه‌ندێك كه‌س پێیانوابو، له‌ دواى نه‌وشێروان موسته‌فا  ئه‌و  تاكه‌ كه‌سه‌ ته‌حه‌داى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و سیاسه‌تى پارتى ده‌كات . 
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى گرتنه‌ ده‌ستى ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن ناوبراوه‌وه،‌ گرینگ بوو بۆ ئه‌و  به‌ كردارى ئه‌و دروشمانه‌ى هه‌ڵیگرتبوو به‌ر له‌ كۆنگره‌ دواى كۆنگره‌  بیكاته‌ كردار، ئه‌و هه‌موو گه‌وره‌كردن و فووتێكردنه‌كه‌ش، كه‌  له‌ لایه‌ن دۆست و لایه‌نگرانى ده‌كرێت رابگیرێت،‌ له‌ برى ئه‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ و ستراتیژ و دونیا بینى نوێ،   ئه‌جیندا و  به‌رنامه‌ و  سیاسه‌تى خۆى، بۆ سیسته‌مى سیاسى و حكومڕانى و ئابوورى هه‌رێمى كوردستان  بخاته‌ڕوو.
به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌بینرێت له‌ماوه‌ى ئه‌و چه‌ند مانگه‌ى رابردوو، هێشتا هاوسه‌رۆكه‌ نوێیه‌كه‌ى یه‌كێتیى له‌ چوارچێوه‌ى تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى و به‌رپرسیاریه‌تى پێشووى نه‌هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات سیحرى گه‌وره‌بوونه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونى كات  به‌تاڵ ببێته‌وه‌، ئیتر ئه‌و ئومێده‌ى كه‌ لایه‌ن یه‌كێتیى و هێزه‌كانى دیكه‌ له‌سه‌رى بونیادنرابوو نه‌مێنێت.
لێره‌دا باس له‌وه‌ناكه‌ین یه‌كه‌م هه‌ڵه‌ى لاهور تاڵه‌بانى له‌سه‌ره‌تاى ده‌ست به‌كاربوونى وه‌ك هاوسه‌رۆك،  نه‌یتوانى له‌رووى دابه‌شكردنى پۆسته‌ باڵاكانى حزبه‌ هاوسه‌نگى له‌ نێوان گروپ و باڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان دروست بكات، به‌ به‌شداریكردنیان له‌ پێدانى به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان، كه‌ دواجار وایكرد ئه‌و كه‌س و گروپانه،‌ له‌ ئێستادا له‌ برى ئه‌وه‌ى هاوكارى بن، كه‌چى سه‌یرى یاریه‌كه‌ ده‌كه‌ن و به‌دواى شكستیه‌وه‌ن، تاوه‌كو بزانن داهاتووى ناوبراو چى به‌سه‌ردێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنى حزبه‌كه‌یان.
لاهور شێخ جه‌نگى له‌ ماوه‌ى ده‌ست به‌كاربوونى تاوه‌كو ئه‌مڕۆش، جێبه‌جێكردنى سیاسه‌ت و به‌رنامه‌كانى له‌ چوارچێوه‌ى به‌یاننامه‌ ده‌رنه‌چوه‌، له‌و ماوه‌یه‌شدا ده‌ستى  بۆ كۆمه‌ڵێك كارتى سیاسى برد،  به‌ڵام له‌ هیچ كامیاندا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو بۆ نموونه‌ :
1. له‌ پرسى لا مه‌ركه‌زیه‌تى ئیدارى و دارایى، به‌ بێ ئه‌وه‌ى هیچ پڕۆژه‌یه‌ك پێشكه‌ش ‌بكات، یاخود پرس به‌ تیمى حكومه‌ت و راوێژكاره‌كانى بكات، ئه‌و پرسه‌ى  ته‌نها كردى به‌ بابه‌تێكى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان،  له‌ چوارچێوه‌ى داواكارییه‌كى ئیعلامى و  تیۆرى تێنپه‌ڕى، هه‌ربۆیه‌ش ئه‌و پرسه‌ له‌ چوارچێوه‌ى شه‌ڕه‌ به‌یاننامه‌ مایه‌وه‌ و دواتر كه‌س قسه‌ى له‌سه‌رى نه‌كرده‌وه‌ و وه‌ك هه‌ر بابه‌تێكى دیكه‌ تێپه‌ڕى ،  بوو به‌ موزایه‌دى سیاسى.
2. له‌ پرسى كۆڕۆنا له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى، نه‌ده‌بووایه‌ سیاسییه‌كان و ناوبراو، به‌ر له‌وه‌زاره‌تى و ته‌ندروستى و حكومه‌ت بێنه‌ ناو بابه‌ته‌كه‌ و پرسه‌كه‌ بكه‌نه پرسێكى سیاسى، چونكه‌ ئه‌نجامى به‌ سیاسیكردنه‌ى پرسى كۆڕۆنا،  سلێمانى و هه‌رێمى كوردستانى برده‌ قۆناغێكى مه‌ترسیدار،  ئێستاش رۆژانه‌ به‌ سه‌دان كه‌س تووش ده‌بن و به‌ ده‌یانیش گیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن. 
3. له‌مه‌سه‌له‌ى مامه‌ڵه‌كردن كردن له‌گه‌ڵ پارتى، ناوبراو هه‌ڵه‌یه‌كى كرد ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو وجودى خۆى له‌ دانپێدانان و پیرۆبایى له‌ لایه‌ن  پارتى و ماڵى بارزانى ده‌بینیه‌وه‌، له‌كاتێكدا ده‌بووایه‌ ئه‌و وه‌ك هاوسه‌رۆكێكى گه‌نج و نوێ، وجودى خۆى له‌ سیاسه‌تكردنێكى دروست و واقعیانه‌  بدیتبووایه‌وه‌. به‌هۆى ئه‌و گڕێ ده‌روونییه‌ى له‌ نێوان خۆى و مه‌سرور بارزانى  له‌ماوه‌ى رابردوو هه‌بووه‌ ، نه‌ك نه‌یتوانى هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ پارتى  ئه‌نجامبدات، ته‌نانه‌ت رۆژ دواى رۆژ دۆخه‌كه‌ى‌ به‌ره‌وه ئاڵۆزى برد، هیچ كات وه‌كو ئێستا پارتى و یه‌كێتیى لێك دوورنه‌بوون، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى یه‌كێتیى و پارتى رێككه‌وتنى سیاسیان هه‌یه‌و هاوبه‌شى حكومه‌تن، یه‌كێتیى به‌ شه‌ش وه‌زیر و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم به‌شداره‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێم.
ئه‌گه‌ر ئه‌و ناكۆكیانه‌ یه‌ك جار له‌ به‌رژه‌وه‌ندى  پارتى و مه‌سرور باررزانى نه‌بێت، ئه‌وا  دووجار له‌ به‌رژه‌وه‌ندى یه‌كێتیى نه‌بووه‌.
4. له‌سه‌ر ئاستى نزیكبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ نێوشیان بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، تاوه‌كو ئێستا ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ى قسه ‌و لێدوان و  كۆبوونه‌وه‌ى ته‌شریفاتى بووه‌. ته‌نانه‌ت له‌م ماوه‌ى چه‌ند رۆژى رابردوودا، (ئاوات شێخ جه‌ناب) به‌ فه‌رمانى سه‌رووى خۆى توندترین لێدوانى له‌ دژى یه‌كێتیى و هاوسه‌رۆكانى  یه‌كێتی دا. 
5. له‌سه‌ر پرسى هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى (سۆران عومه‌ر)یش نه‌یتوانى سه‌ركه‌وتوو بێت، چونكه ناوبراو نه‌ توانى رێگرى له‌ زۆرینه‌ى په‌رله‌مانى پارتى بكات،‌ نه‌توانیشى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى په‌رله‌مان ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایبكاته‌وه‌، كه‌ ئایه‌ ئه‌وه‌ى له‌ په‌رله‌مان كرا به‌شێوازى رێككه‌وتن بوو له‌ نێوان ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان یاخود نا؟ جگه‌ له‌وه‌ى له‌مه‌سه‌له‌ى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى بڕیارى پارێزبه‌ندیه‌كه‌ش نه‌یتوانى سه‌ركه‌وتوو بێت.
6. له‌سه‌ر پرسى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئاسایكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوكیش نه‌یتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت، له‌كاتێكدا یه‌كێتیى یه‌كێكه‌ له‌ فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كانى په‌رله‌مان. ‌ له‌گه‌ڵ بوونى ئه‌و رێژه‌ كورسیه‌ى هه‌یانه‌ نه‌یتوانى له‌ خولى یه‌كه‌مى ده‌نگدان به‌ وه‌زیره‌كانى كابینه‌ى موسته‌فا كازمى سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ دانانى وه‌زیرى داد. له‌و ‌ماوه‌یه‌شدا نه‌یتوانى  له‌ رێگه‌ى ئه‌و سه‌رۆك كۆماره‌ى كه‌ خۆى شه‌ڕی له‌سه‌رى كرد تاوه‌كو داینا،  پرسى كه‌ركوك ئاسایى بكاته‌وه‌. ئه‌وه‌ى ئاگادارى دۆخى كه‌ركوكیش بێت باش ده‌زانێت له‌ دواى  كۆنگره‌وه‌ ره‌وشى ئه‌و حزبه‌ له‌ كه‌ركووك رۆژ له‌ دواى رۆژ چۆن به‌ره ‌و خراپى رۆیشتووه‌.
7. ناوبراو نه‌یتوانى دواى ساڵێك تێپه‌ربوون به‌سه‌ر كابینه‌ى نۆیه‌م، پۆسته‌ حكومییه‌كانى  یه‌كێتیى له‌ حكومه‌ت پڕبكاته‌وه‌. هه‌تاوه‌كو ئێستاش نه‌یتوانیوه‌ بڕیكارى وه‌زیرى ناوخۆ دابنێت، تاوه‌كو سنوورێك بۆ ئه‌و سوكایه‌تیانه‌ دابنێت كه‌ رۆژانه‌ به‌ ئه‌ندامانى یه‌كێتیى ده‌كرێت، له‌ هه‌ریه‌ك له‌ بازگه‌كانى كۆیه ‌و دێگه‌ڵه‌ و بالیسان و هێران.
8. باسى شه‌فافیه‌ت له‌ داهاتى نه‌وت و خه‌رجییه‌كان ده‌كات، كه‌چى تاوه‌كو ئێستا نه‌یتوانیوه‌ پۆستى ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌ پڕبكاته‌وه‌، كه‌ پشكى یه‌كێتیى به‌ پێى رێككه‌وتنى نێوان پارتى و یه‌كێتیى . هه‌روه‌ها نه‌شیتوانیوه‌ بریكارێكى وه‌زیرى ئه‌كتیڤ و چاڵاك له‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان دابنێت.
9. دواین جاریش له‌سه‌ر پرسى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌مكردنه‌وه‌ى موچه له‌ لایه‌ن حكومه‌ت‌، نه‌یتوانى سه‌ركه‌وتوو بێت،  به‌هۆى جێبه‌جێكردنى سیاسه‌تى  ئیزدیواجیه‌ت  له ‌هه‌مبه‌ر سیاسه‌تى كه‌مكردنه‌وه‌ى موچه‌، له‌كاتێكدا هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له‌وه‌ى ئه‌و بڕیاره‌ ده‌ربكرێت،  تیمى حكومه‌تى یه‌كێتیى داواى بۆچوونى حزبه‌كه‌یان كردبوو. لێدوانه‌كانى دواى ده‌رچوونى بڕیارى كه‌مكردنه‌وه‌ى موچه‌ و به‌یاننامه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى و لێدوانه‌كانى خۆى، هه‌نده‌ى دیكه‌ سه‌رگه‌ردانى و فه‌وزاى نێو ئه‌و حزبه‌ى ئاشكراكرد.
جگه‌ له‌و خاڵانه‌ى كه‌ له ‌سه‌ره‌وه‌ باسمانكرد، له پرسى مامه‌ڵه‌كردنى ناوبراو‌ له‌گه‌ڵ كوره‌كانى مام جه‌لال، كه‌ یه‌كێكیان هاوسه‌رۆكى یه‌كێتیه‌ و ئه‌ویتریان جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ته‌، نه‌یتوانیوه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كى دروست بكات، به‌ تایبه‌ت له‌ ماوه‌ى ئه‌و دوو رۆژه‌دا خۆى و ئاراس شێخ جه‌نگى براى، به‌ راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ زۆترین هێرشیان بۆسه‌ر كوڕه‌كانى مام جه‌لال ده‌ستپێكردوه‌.
لاهور شێخ جه‌نگى له‌ژێر چه‌ترى سیاسه‌تى مام جه‌لال و سه‌رمایه‌ى ره‌مزى ئه‌و گه‌وره ‌بوو‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا به‌ پێچه‌وانه‌ى كوڕه‌كانى تاڵه‌بانى نه‌یتوانیوه‌ ئیلتیزامه‌كانى مام جه‌لال جێبه‌جێبكات. بۆ نموونه‌ بۆ دوایه‌مین جار خۆى و ئاراس شێخ جه‌نگى  له‌ پرسى بڕینى موچه،‌ به‌شێوه‌یه‌ك كوڕه‌كانى مام جه‌لالیان  شكاند،  كه‌ نه‌یاره‌كانیشیان ئه‌و كاره‌یان پێناكردوون، چونكه‌ هه‌م ناوبراو و هه‌میش برایه‌كه‌ى هه‌موو ئۆباڵه‌كه‌یان خسته‌ ئه‌ستۆى كوڕه‌كانى مام جه‌لال و ناشرینیان كردن.
كاتێك قوباد تاڵه‌بانى له‌ ساڵیادى یه‌كێتیى ده‌ڵێ: لاهوریش وه‌كو باڤڵ برامه،‌ ئه‌وه‌ له‌به‌ر خۆشه‌ویستى و نزیكایه‌تى نێوانیان نییه‌، به‌ڵكو ترسه‌ له‌و هێرش و شكانانه‌ى كه‌ هه‌موو كات چاوه‌ڕوێیه‌ له‌ به‌رامبه‌ریدا ئه‌نجامبدرێت، هه‌روه‌ك به‌ چاو‌ى خۆمان له‌و چه‌ند كاتژمێره‌ى رابردوو بینیمان چى به‌ قوباد تاڵه‌بانى و براكه‌ى كرا ؟!
مام جه‌لال ده‌یوت : ستایش و مه‌دحم مه‌كه‌ن ته‌ریق ده‌بمه‌وه‌، به‌ڵكو ره‌خنه‌م لێبگرن. هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه‌ دڵسۆزى لاهور شێخ جه‌نگى و یه‌كێتین، نابێت چیتر ببنه‌ هۆكار بۆ پیرۆزكردن و پیاهه‌ڵدانى ناوبراو، له‌ بڕى ئه‌وه‌ به‌رچاو روونى و حه‌قیقه‌تى بۆ روونبكه‌نه‌وه‌، ره‌خنه‌ى لێبگرن بۆئه‌وه‌ى له‌ سیاسه‌تكردندا سه‌ركه‌وتووبێت، چونكه‌ هه‌موو گه‌وره‌كردن و پیرۆزكردنێك به‌ ئاسانى كه‌سه‌كان گه‌وره‌ده‌كات و به‌ئاسانیش بچووكیان ده‌كاته‌وه‌ و تێكیان ده‌شكێنێت. ئه‌و گه‌وره‌كردن و به‌ ره‌مزكردنه‌ى ناوبراو دواجار‌ خزمه‌تى پارتى ده‌كات، نه‌ك له‌ دژى پارتى بێت، چونكه‌ ئه‌وان هه‌ركاتێك له‌ كاریكدا شكست بێنن وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ حكومڕانیكردن ده‌یبینین ده‌یخه‌نه‌ ئه‌ستۆى نه‌یاراكانیان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن