511وتار

پرسی لامەرکەزیەت و چەند سەرنجێک

2/22/2021 10:03:00 PM
ئاراس وەلی

 


لە عێراق و هەرێمی کوردوستاندا کێشەیەکی بونیادی ئیداری هەیە، ئەم کێشەیە لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە هەیکەلەی ئیداری حکومەتی عێراقەوە.

کێشە بونیادیەکە ئەوەیە لەسنوری هەر پارێزگایەک دا کۆمەڵک دەسەڵاتی ئیداری وەکو(پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا، قائیمقامیەت و بەڕێوەبەری ناحیەکان و بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان) تێکەڵ و پێکەڵ دەبن و، هەریەکەیان بەجیا و هەمووشیان پێکەوە ڕۆتینێکی کوشندە و ئاڵۆز وبێ سنور بۆ هاوڵاتیان دروست دەکەن.

ئەمە بێجگە لەوەی کە هەر یەکێک لەم دەسەڵاتانە پەیوەستن بە وەزارەتێکی تایبەتی وەکو(ناوخۆ و شارەوانی، تەندروستی و داراییە)وە.  ئەم دەسەڵاتانە جگە لەوەی پێگە و بەرپرسیارێتیان تێکەڵ بەیەکتر دەبێ ، هاوکات  تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکانیان ، دوو کێشەی گەورە لەدوای خۆیان دروست دەکەن.

یەکەمیان بریتییە لە دروستبونی ڕۆتینێکی کوشندە بۆ خۆیان و هاوڵاتیان.

دووەمیان بریتییە لە ناڕونی ونبوونی بەرپرسیاریەتی لای هەریەکەیان.

چەسپاندنی لامەرکەزیەت لەئەرزی واقیعی ئەم هەرێمەدا زەحمەت دەبێت تا دەسەڵاتی شارەوانیەکان(کۆمۆن) بەهێز نەکرێ. بەمانایەکی تر زۆرێک لە دەسەڵاتەکانی حکومەتی مەرکەزی بدرێتە ئەنجومەنی شارەوانیەکان .وەکو ئەوەی لەزوربەی وڵاتانی ئەوروپی و پێشکەوتودا بەرقەرارە.

لەزوربەی جیهانی پێشکەوتوی ڕێز لەخۆگیراودا، شارەوانیەکان بەڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە شەرعەتی خۆیان بۆ چوار ساڵ وەردەگرن، بەیاساش دەسەڵات و پێگەو بەرپرسیارێتیان دیاری دەکرێ.
بەشێوەیەکی گشتی کاروبای هاوڵاتیان لە زوربەی فەرمانگەکانی هەرێم دا زۆر بە خاو وخلیچکی و پڕ لە ڕۆتین بەڕێوە دەچێت. کاری مۆڵەت وەرگرتنێک لەهەر دەزگایەک چەندین هەفتەو مانگ و ڕەنگە ساڵ بخایەنێت. کە ڕەنگە هەمان کاری مۆڵەت وەرگرتن لە وڵاتێکدا کە سیستەمی کۆمۆنەکان پەیڕەو دەکرێ زۆر بەئاسانی و بەپێی یاساکانی بەردەست بەزووترین کات مەیسەر ببێ.

بەڵام
ئەم تێکەڵابوونی دەسەڵاتانەی لای خۆمان، ڕۆتینێکی کوشندەی بۆ هاوڵاتیان دروست کردووە، بێجگە لەوەی کە هیچ ئیشێکی هیچ هاوڵاتیەک بە ئاسانی جۆر نابێ، هاوکات لەکاتی دواکەوتن و کەمتەخەمی هەر دامودەزگایەک، بەڕێوەبەرایەتیەک لەئیش و کاری هاوڵاتیاندا، هاوڵاتی نازانێ و ناتوانێ دروست سکاڵا لە دژی کام لەو دەزگایانە بکات.

ئەگەری سەرکەوتنی لامەرکەزیەت کاتێک دەبێت، کە هەموو دەسەڵات و پێگەو هەژمونی ئیداری پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەی ناحیەکان بدرێت بە ئەنجومەنی شارەوانیەکان. ئەنجومەنی شارەوانی هەر شارە دێیەک باشتر لە مەرکەز شارەزای واقیعی سنورەکەی خۆیەتی.

هاوڵاتیان ئاسانتر و زووتر و بێ ڕۆتینیاتی ئیداری زۆر دەتوانن پەیوەندی بکەن بە نوێنەرەکانانەوە لە ئەنجومەنی شارەوانیەکانیان. بۆ نمونە..
ئەگەر هاوڵاتیانی شارەدێیەکی سنوری شارێک لە وڵاتانێ کە تەنها دەسەڵاتی کۆمۆن(شارەوانی) و دەسەڵاتی حکومەت یان هەیە پێداویستیان بەدروستکردنی، نەخۆشخانەیەک، قوتابخانەیەک، باخچەیەک، کتێبخانەیەک، شانۆیەک، یاریگایەک...تاد هەبێ،  دەتوانن داخوازیەکەیان بخەنە بەردەم مەجلیسی شارەوانی سنورەکەی خۆیان. مەجلیسیش لەکۆبونەوەی خۆیاندا لەبەر هەلومەرجو توانای بودجەی ساڵانەی شارەوانیەکەیان بڕیاری پەسەندکردن یان نەکردنی داخوازی هاوڵاتیەکان لە نزیکترین کات و بەبێ هیچ ڕۆتینێکی پارادۆکسیانە دەدات.

دەسەڵاتی شارەوانیەکان حکومەتێکی بچوکراوەیە بۆ هەموو خزمەتگوزاریەکانی، تەندروستی، فێرکاری، هاتوچۆ، ئاو و کارەبا و هەلی کار و باج و ڕسومات.

دەشێ شارەوانیەک لە شارەوانیەکی تر گەورەتر و دەوڵەمەنتر بێت، هەلی کار و ئاستی خوێندن و داهاتی ساڵانەی تاک باشتر و پێشکەوتوتر بێ لەشارەوانیەکی تر. ئەمەش جۆرێک لە ڕکابەری پۆزەتیڤ لەنێوان شارەوانیەکاندا دروست دەکات.

ئم مۆدێلە لە لامەرکەزیەت و دەسەڵاتی شارەوانیەکان لە وڵاتانی ئەوروپا و لەم دەوروبەرەی خۆشمان لە تورکیا نمونەی بەرچاون.

نمونەیەکی تر..ئەگەر خەڵکی دانشتوانی ناحیەی عەربەت بیانەوێ قوتابخانەیەکی دواناوەندی دیکە لەسنوری ناحیەکەیان بکرێتەوە.، بابزانین چەندە دەسەڵاتی ئیداری بڕیار دەدا بۆ ئەو داخوازیەی دانشتوانی عەربەت، هاوکات  چ ڕۆتینێکی سەرژانکەر و کوشندە و تاقەتپڕوکێن ڕوبەڕوی هاوڵاتیان دەبێتەوە، ئەمە بێجگە لەو هەموو کاتە زۆرە لە هێنان و بردنی هاوڵاتیاندا لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی ناحیە و قایمقامیەتی قەزای مەرکەزی شار لەلایەک و ڕۆتین و تێکەڵاوبوونی دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مەرکەزی شار و ، دەسەڵاتی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا و  وەزارەتەکانی پەروەردە و ناوخۆ و دارایی و شارەوانی لەلایەکی ترەوە لەو لاوە بوەستێ...!

جا دەسەڵاتی مۆدێلی سیستێمی حوکمڕانی مەرکەزی بێت یان لامەرکەزی، پەرلەمانی بێت یا سەرۆکایەتی، پێوستە لە گەمەی دروشمبازی و بانگەشە و موزایەدەی سیاسی هەرزان قیمەت دوور بخرێتەوە.

ئێستا وڵاتەکەی ئێمە پێوستی بەحکومەتێکی بەهێزە کە بتوانێ یاساکانی پەرلەمان کەلەبەرژەوەندی گشتی خەڵکدان جێبەجێ بکات.

حکومەتێک بتوانێ  ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکات، هەلی کار و دەرفەتی یەکسانیان بۆ فەراهەم بکات.

دەسەڵاتدار و هاوڵاتی لەبەر دەم یاسادا یەکسان بن.

حکومەتێکی بەهێز نەک حکومەتێکی لاوازی بەردەستی حیزب.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن