709وتار

لە یادی کودەتای تەموزدا، عێراق وەک پڕۆژەیەکی فاشل

7/17/2022 2:36:00 PM
ئاراس وەلی


14ی تەموزی ساڵی 1958  سەحل و کوشتن و تێرۆر و پلانگێڕان، وردە وردە بوو بە کەلتوری عێراقیەکان.

عێراقێک وەک نمونەی پۆڵپۆت  کە لە حەوت ملیۆن ئینسانی وڵاتەکەی یەک ملێۆن هاوڵاتی خۆی کوشت. عێراقیش تا ئێستا  ئاماتۆرانە لاسایی پۆڵپۆت و ستالین و هیتلەر دەکاتەوە، لە شێوازی کوشتن و خاپورکردنی ماڵ و زێدی هاوڵاتیەکانیدا.

لەمێژوی تازەی عێراقدا(1958-2022) جگە لە کودەتای سەربازی و شەڕ و وێرانکاری و تەسفیەتی جەسەدی کوتلە و نەیارەکان لەگەڵ یەکدا، شتێک یا دەسکەوتێکی مەزن لەبەرژەوەندی خەڵکی عێراق نابینیت.

عێراق لەماوەی شەستوچوارساڵی تەمەنی کۆماری خۆیدا ، هەرگیز نەیتوانیوە چەمکی هاوڵاتیبوون  بچەسپێنێ. هەرگیز نەیتوانیووە خۆشگوزەرانی و ئارامی بۆ خەڵکی عێراق فەراهەم بکات. بە پێچەوانەوە لەماوەی نیو سەدە زیاتر ڕۆحیەتی تائیفی و مەزهەبی زیندوو کردۆتەوە.

لەم شەستوچوار ساڵەدا کورد و عارەب، سونی و شێعە، تورکمان و کورد، کورد و کورد، عارەب و هەموو ئەوانی دیکەی کردە دوژمن بەیەک.

عێراق کە بە وڵاتی وادی ڕافیدەین(وڵاتی نێوان دوو ڕوبار) لە مێژودا ناسرابوو، لەم مێژوە تازەیەدا بووە وڵاتی جەهل و هەژاری، عێراق لە وڵاتی نێوان دوو ڕوبارەوە ئێستا لە  لێواری  بوون بە بیاباندایە.

عێراق وەک پڕۆژەیەکی فاشیل و سەرنەکەوتوو، تەنها ڕێگای دەربازبوونی لەو فەشەل و دواکەوتوییە، پێویستە هەڵبوەشێتەوە و، ببێت بە چەندین دەوڵەتی بچوکی بەهێز. ئەم دەوڵەتە بچوکانە چ کورد و چ سونە و چ شیعە. دەتوانن هاوکار و تەواوکار و پشتیوانی یەکتر بن، بۆ ئامانج و بەرژەوەندی هاوبەش.

عێراقێکی دەوڵەمەند بۆ هەموو پێکهاتەکان کاتێک دروست دەبێت، کە هەموو هێزە سیاسی و دینی و مەرجەعیەتەکان بەزمانێکی لۆژیک و واقیعی قسە لەگەڵ یەکدا بکەن.

نەک هەر تەرەفە لەبری دیالۆگێکی  لۆژیکی و واقیعی،  بە ویست و ئەجێندای ئەم و ئەوەوە قسە لەسەر یەک بکەن ، ئەگەر ئەو دیالۆگە لۆژیکییە واقیعییە ڕوو نەدات، حەتمەن  دەیان ساڵی تر عێراق و عێراقیەکان لە زەلکاوی جەهل و  شەڕ و فیتنە و دواکەوتویی و هەژاریدا نوقم دەبن..!

ئیعتراف کردن بە فەشەلبوونی پڕۆژەی عێراق، هەنگاوی یەکەمە بەرەو  ئامانجی جیابونەوە و دابەشبوونی ئەم کیانە نەزۆکەی عێراق.

جیابوونەوە لە عێراق  کاتێک دەبێتە واقیع کە هەموو یا زوربەی هێزە سیاسییە کوردیەکان ئەو تێگەیشتنە وەک دروشمی سەرەکی بکەنە بەرنامە و  ئامانجی سەرەکی خۆیان.

ئەو پرسە بکرێتە گفتوگۆ و دیسکۆرسی سیاسی هەموو هێزە سیاسیەکان لەگەڵ هێزە سیاسییە عەرەبە سونی و شیعییە عێراقیەکاندا.

تەسلیمبوون بە پڕۆژەی فاشیلی عێراقیبوون، یان یاخیبوون لەو ئینیتمایە و خەباتی بەردەوام بۆ جیابوونەوە و دروستکردنی کیانی خود. تەنها دوو بژاردەیە لەبەردەماندا، چ لە ئێستا و چ لە مێژوی دروستبوونی عێراق و چ لە ئائیندەی عێراقدا.

ئایندە و دواڕۆژی عێراق جگە لە کەرتبوون و لێکترازان هیچ ڕێگا چارەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە.

کوردی عێراق لە هەموو عێراقیەکان زیاتر هەست و موعاناتیان لەگەڵ ئەم لۆژیکەدا هەیە، ئەگەر سیاسەت و بەرژەوەندی ئیقلیمی و نێو دەوڵەتی بوار بدات، ڕەنگه بە ڕاپرسیەک ئەم عێراقە و پێکهاتەکانی بێ قڕە و بڕە لێکجیاببنەوە و ببنە دراوسێی زۆر باش و بەسود بۆ یەکتر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن