قەیرانی بونیادی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان
6/10/2023 1:40:00 PM
ئاراس وەلی
هەڵبژاردن گرنگه، یەکێکە لە سیماو کۆڵەکە بنەڕەتیەکانی
هەر سیستێمێکی سیاسی لە هەر کۆمەڵگایەکی دیموکراسی
یان شێوە دیموکراسی دا.
هەڵبژاردن گرنگە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام
بدرێ، لە زۆربەی وڵاتاندا کاتی هەڵبژاردن لە دەستوری بنەڕەتیدا دیاریکراوە.کاریگەری
هەڵبژاردن لەپڕۆسەی سیاسیدا کاتێک گرنگە کە گزی و فزی تێدا نەکرێ، هاوڵاتیان
ئازادانە و بێ ترس و تۆقاندن،دەنگ و متمانەیان بدەن بە نوێنەری ڕاستەقنەی خۆیان، یان بە پێچەوانەوە بە
دەنگیان سزای ئەوانی دیکە بدەن.
هەڵبژاردن کاتێک گرنگە کە هەموو لایەنە ڕکابەرەکانی
نێو پڕۆسەکە، بە ئەنجامەکان ڕازی بن ، ئەنجامەکان هەر جۆرێک بێت، ببێتە هۆکاری دەستاو
دەستکردنی دەسەڵات.
هەڵبژاردنی ڕووکەش، هەڵبژاردنی پڕ لە فرتوفێڵ و
ساختەکاری، هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتر و خراپتریندا، هەڵبژاردنی پڕ لە بانگەشەی
بێ نرخ و بێ بنەما و بەڵێنی درۆ و ساختە ناتوانێ حکومەتی بەهێز و خاوەن پڕۆژە بهێنێتە
بەرهەم، هاوکات ناتوانێ پەرلەمانێکی کارا و بەرپرسیارت بۆ دروست بکات.
هەڵبژاردنێک لەلایەک ترس و تۆقاندن، لەلایەکی
ترەوە بەخشینەوەی دەمانچە و پارە و بەڵێنی درۆ...هتد سیمای بێت، چاوەڕوان ناکرێ، کەسایەتی
سیاسی و قانونی بەئەزمون و کارشناس ببنە ئەندامی پەرلەمانەکەی ..! بە پێچەوانەوە پەرلەمان
دەبێتە جێگای کەسانی نەخوێندەوار و کورتبین و هیچ نەزان.
لە هەڵبژاردنکی لەو شێوە مۆدێلەدا هەرگیز پەرلەمان ناتوانێ ئەرکە سەرەکیەکەی خۆی (تەشریع و ڕەقابەی حکومەت و پەسەندکردنی بودجە) جێبەجێ بکات..!
هەموو ئەم قەیرانانەی ئێستای ئەم هەرێمەی ئێمە،
بەرەنجامی ئەو هەڵبژادنە ڕووکەشە پڕ لە گزی فزیانەیە کە ئەنجامدراون لەماوەی ساڵانی
ڕابوردودا..!
ئەگەر بۆ تەنها جارێک دوور لە تۆقاندن و تەزویر،
دوور لە بەشداریپێکردنی لیستی مردووەکان، بە بێ دەنگدەرانێک کەلەبری دەیان کەس دەنگدەدات..! بە بەشداری کارای هەموو چین و توێژە دەنگدەرەکانی
هەرێم، بتوانین هەڵبژاردنێک بکەین ، بە بێ
تەزویر و چاوسورکردنەوە، ئەوسا بێگومان دەتوانین پەرلەمانێکی بەهێز، کارا، پڕ لە پەرلەمانتارانی
بە ویقار و دڵسۆز و ئازا، زیرەک و بەرپرسیار بنیات بنێین.
فراکسیۆنە جیاوازەکان، لەبری موزایەدەی بەردەم
شاشەی تیڤیەکان و کۆبونەوەکانی نێو هۆڵی پەرلەمان ، سەرقاڵی کاری جددی نێو لیژنە گرنگەکان دەبن، بۆ ڕەشنوسی یاساگەلێک
کە لە خزمەتی خەڵک و ئایندەی وڵاتدا بێت.
ئەگەر بڕیارە هەڵبژاردن بکرێ، گرنگە هەڵبژاردنێک
بکرێ دوور لە تەزویر و ترس و تۆقاندن بێت، هەڵبژاردنێک بێت نزیک لە واقیعی داسەپاوی
ئێمەوە بێت. بەمانایەکی تر خودی پڕۆسەی هەڵبژاردن وئەنجامەکانی ببێتە هەوێنی
دروستکردنی ئەتمۆسفاری یەکترقەبوڵکردن، چەسپاندنی پرەنسیپەکانی وەک شەفافیەت و سەربەخۆبوونی
دەسەڵاتی دادوەری و هاوسەنگی نێوان هەر سێ دەسەڵاتەکانی (تەشریعی و تەنفیزی و دادوەری)
ئەگەر بڕیار بێت هەڵبژاردنێک لە نێوان باش و
باشتر و باشترین دا بکەین، دوور لە چاوسوورکردنەوە و تەزویر و فرتوفێڵی هەمەجۆری
تر، ئەوا بێگومان دەیان کەسایەتی چ ژن و چ پیاوی خاوەن بڕوانامەی یاسایی و پلە بەرز
و پڕ ئەزمون و کاریزما دەبنە ئەندامی پەرلەمانی داهاتو..
کە پەرلەمان بەهێزبوو، حکومەتیش ناتوانێ بە
لاوازی بەردەوام بێ، لەبەر ئەوەی حکومەت ناتوانێ لەبەردەم لێپرسینەوە و چاودێری پەرلەمانێکی
بەهێزدا خۆی بگرێ...
ئەمە سادەترین پێناسەی پڕۆسەی دیمۆکراسییە لە هەر
کۆمەڵگایەکدا..
دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان باش نییە،
بەڵام باشتر ئەوە بوو هەموو هێزە سیاسیەکان لە بری موزایەدە و موجامەلەی غەوغایەکی
موتربە بەجەهلێکی ئایدۆلۆژی، پرسیاری جددی و بنەڕەتی و سەرەکیان لەمەڕ هەڵبژاردنەکان
بکردایەتە کرۆکی دروستکردنی دیالۆگێکی حەقیقی بۆ تێپەڕبوونی ئەم قۆناغە پڕ لە فەوزا
و ئەزمە هەمەجۆرەی هەرێمەکەمان بۆ قۆناغێکی
باشتر و گەشتر ڕوو لە بنەما بنەڕەتیەکانی دیمۆکراسیەت وکۆمەڵگایەکی ساخڵەم.